سامسۆنگ
31, كانونی یهكهم 2018
نوێکاری ئەندرۆید پای 9.0 بووەتە هۆکاری دروستبوونی کێشە لە مۆبایلەکانی Galaxy S9ـدا

کۆمپانیای سامسۆنگ وا دیارە ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە لە ڕەوانەکردنی نوێکاری بۆ ئامێرەکانی، بە شێوەیەک پاش ئەوەی کاتژمێرەکانی Gear نوێکاری Tizenـنیان لەسەر جێگیرکرا ڕووبەڕووی کێشەی زوو دابەزینی ڕێژەی پاتریەکانیان بوونەوە و سامسۆنگیش لە دواتردا بوونی کێشەیەکی لەم جۆرەی پشت ڕاست کردەوە، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا کێشەیەکی دیکە ڕووبەڕووی بەکارهێنەرانی مۆبایلەکانی گالەکسی ئێس 9 بووەوە ئەویش پاش جێگیرکردنیان بۆ نوێکاری ئەندرۆید پای 9.0 لەسەر ئامێرەکانیان کە دەبووە هۆکاری دابەزینی ڕێژەی پاتری مۆبایلەکانیان
لەم بارەیەوە SamMobile لە ڕاپۆرتێکیدا ئەوەی ڕوونکردەوە پاش جێگیرکردنی نوێکاری ئەندرۆید پای لەسەر یەکێک لە مۆبایلەکانی Galaxy S9 تێبینی دابەزینی ڕێژەی پاتری مۆبایلەکە کرا بە شێوەیەک لە ڕێژەی لە سەدا 10%ـەوە بۆ 5% دادەبەزێت تەنها لە ماوەی چەند چرکەیەکی کەمدا، لەگەڵ ئەوەش ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەدا ناتوانرێت لە ئێستادا نوێکاریەکە بە هۆکاری سەرەکی ئەم کێشەیە دابنرێت چونکە لە تاقیکردنەوەکانی پێشووتردا بۆ وەشانی تاقیکاری ئەندرۆید پای هیچ کێشەیەکی لەم جۆرە بەدی نەکرا.
شایەنی باسە سامسۆنگ دەیەوێت نوێکاری جێگیری ئەندرۆید پای ڕەوانەی مۆبایلەکانی گالەکسی ئێس 9 و ئێس 9 پڵەس بکات لە مانگی یەکەمی ئەمساڵدا.
هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.