ڕێنمایی

ئەپی Android System WebView چییە؟ سوودەکانی چین؟ ئایا دەتوانین ناچالاکی بکەین؟

لەوانەیە لە کاتی کڕینت بۆ مۆبایلێکی ئەندرۆید تێبینی ئەوەت کردبێت مۆبایلەکە پێشووتر کۆمەڵێک ئەپی لەسەر جێگیرکراوە و زۆرینەی ئەم ئەپانەش دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای خاوەن سیستم ئەویش کۆمپانیای گووگڵە، لەوانەشە هەندێک لەو ئەپانە بێسوود بن و بۆ بەکارهێنەر پێویست نەبن، بەڵام لە نێوان ئەم ئەپانە هەندێکیان ئەپی یاریدەدەرن و پێویستن بۆ بەکارهێنەر، لەوانەیە لە لیستی ئەپەکانی مۆبایلەکەتتدا تێبینی ئەپی Android System WebViewـت کردبێت و بپرسیت ئاخۆ کاری ئەم ئەپە چییە؟ بۆچی بەکاردێت؟ دەتوانرێت ناچالاک بکرێت؟ هەر بۆیە ئەم بابەتەمان بۆ ئێوەی خوێنەر تەرخان کردووە هەتاوەکو وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە.

  • ئەپی Android System WebView چییە؟

Android System WebView ئەپێکە ڕێگە بە ئەپەکانی لایەنی سێیەم یاخود ئەپە دەرەکیەکان دەدات هەتاوەکو لە ڕێگایەوە پەڕەی وێب بکەنەوە لە نێو ئەپەکەدا بێ ئەوەی پێویست بکات ئەپەکە جێبهێڵیت، بە واتایەکی دیکە لە کاتی کردنەوەی بەستەر لە نێو ئەپێکدا ڕاستەوخۆ پەڕەیەکی وێب دەکرێتەوە کە هەڵگری پێکهاتەی بەستەرەکەیە، بەم شێوەیە بەکارهێنەر دەتوانێت بینەری ناوەڕۆکی بەستەرەکە ببێت بێ ئەوەی ئەپێکی وێبگەڕ بکاتەوە یاخود ئەو ئەپەی کە کردوویەتیەوە لێی بێتە دەرەوە.

لەوانەیە تۆی خوێنەر هێشتاش لە کاری ئەپەکە تێنەگەشتبیت هەر بۆیە ئێمەش وردەکاری زیاتر دەخەینە ڕوو، بە نموونە گەر بەستەری بابەتێک یان هەر بەستەرێکی دیکە لە نێو ئەپی فەیسبووک یان هەر ئەپێکی دیکە بکەینەوە ئەوا ڕاستەوخۆ پەڕەیەکی وێب دەکرێتەوە لە نێو ئەپی فەیسبووکدا بێ ئەوەی ئەپەکە جێبهێڵیت و بچیتە نێو وێبگەڕێکی دیکەوە، بە واتای ئەوەی ئەپەکە کاردەکات لە ڕووکاری پشتەوە، هەروەها ئەپەکە سەرجەم پێداویستیەکانی وەک گەورە کردن و بچووککردن یاخود کۆپی کردنی پێکهاتەکانی تێدا بەردەست کراوە.

  • سوودی ئەپی Android System WebView چییە؟

لە وەشانەکانی پێشووی سیستمی ئەندرۆیدا ئەم ئەپە بوونی نەبوو بۆیە بە داگرتنی بەکارهێنەر بۆ هەر بەستەرێک ڕاستەوخۆ پەڕەیەکی وێب دەکرایەوە لە وێبگەڕێکی مۆبایلەکەدا کە لەوانەیە گووگڵ کڕۆم یان هەر وێبگەڕێکی دیکە بێت، بەمەش پێویست بوو لەسەر بەکارهێنەر ئەپەکە جێبهێڵێت و بچێتە نێو وێبگەڕێکەوە و پاش بینینی بۆ پێکهاتەی بەستەرەکەش دەبوایە دووبارە ئەو ئەپەی کە تێیدا بووە پێشووتر کارپێبکاتەوە بەڵام کۆمپانیای گووگڵ بۆ ئاسانکردنی ئەم پڕۆسەیە ئەپی Android System WebView بەردەستکرد، جێگای ئاماژەیە هەندێک ئەپ پشتگیری لە تایبەتمەندی WebView ناکەن ئەمەش لەوانەیە تێبینی بکەیت لە هەندێک ئەپدا.

بەڵام هەرچەندە ئەم تایبەتمەندیە بەشێکی جیانەکراوە بوو لە سیستمی ئەندرۆید لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەندرۆید کیت کات 4.4 بە واتای ئەوەی تێهەڵکێشکرابوو لەگەڵ سیستمەکەدا، بەڵام لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەندرۆید لۆلیپۆپ 5.0 گووگڵ پڕیاریدا کە تایبەتمەندیەکە جیابکاتەوە لە سیستم واتە وەک ئەپێک بەردەستکرا هەتاوەکو بە ئاسانی کۆمپانیای گووگڵ بتوانێت نوێکاری بۆ ڕەوانە بکات و کەلێنە ئاسایشیەکانی نێو ئەپەکە دابخات.

هەر لەم بارەیەشەوە ئەگەر ئامێرەکەت نوێکردبێتەوە بۆ وەشانی ئەندرۆید نۆگا 7.0 ئەوا تێبینی دەکەیت ئەپەکە لە لیستی ئەپەکانی سیستمدا بوونی نییە یاخود گەر بوونیشی هەبێت ئەوا ناچالاککراوە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کۆمپانیای گووگڵ دەستبەرداری ئەپەکە بووە و هەستاوە بە تێهەڵکێشکردنی لەگەڵ ئەپی وێبگەڕی گووگڵ کڕۆم، ئامانج لەمەش ئەوەیە هەتاوەکو پاتری ئامێرەکە زیاتر بەرگە بگرێت و بە دڵنیایشەوە بۆ فەراهەم کردنی بیرگەیەکی زیاتر.

  • ئایا دەتوانرێت ئەپی Android System WebView ناچالاک بکرێت؟

وەڵامیش بۆ ئەم پرسیارە هەم بەڵێیە هەم نەخێر، چونکە دەتوانیت ئەپەکە ناچالاک یان تەنانەت بسڕیتەوە بەڵام ئەمە تەنها کردارێکی ڕووکەش دەبێت بە واتای ئەوەی تەنانەت پاش ناچالاککردنیش ئەپە دەرەکیەکان هەڵدەستن بە پیشاندانی ناوەڕۆکی بەستەرەکان لە ڕێگای تایبەتمەندی WebView، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە ئێستادا زۆرێک لە ئەپەکان پشت بەم تایبەتمەندیە دەبەستن و گەشەپێدەرانیش بەردەستیان کردووە لە ئەپەکانیاندا، هەر بۆیە باشترە ناچالاک یاخود نەیسڕیتەوە ئەگەر مۆبایلەکەت کاردەکات بە وەشانی ئەندرۆید مارشمێلۆ 6.0 هەتاوەکو تایبەتمەندیەکە بە شێوەیەکی باشتر بەکاربهێنیت.

4 كانونی دووه‌م، 2019
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەرێک لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، ئامانجم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
535