ئاسایشی ئەلیکترۆنی

چۆنیەتی قفڵ کردنی ویندۆز 10 ـەیەکەت لە کاتی ونبوون یاخود دزرانی

ماوەیەکی زۆرە مایکرۆسۆفت بایەخ بە ئاسایشی ویندۆز دەدات، هەروەک لە پێشوودا دژە ڤایرۆس و دژە ڕانسەموێر و Firewall ـی بۆ ویندۆز زیاد کرد. یەکێک لە تایبەتمەندییە ئاسایشییەکانی دیکە بریتییە لە Find my device کە لە کاتی ونبوون یاخود دزرانی ویندۆز 10ـەیەکەت شوێنی ئامێرەکەت نیشان دەدات و دەتوانیت ئامێرەکەت قفڵ بکەیت. ئەگەر کۆمپیوتەر یاخود لاپتۆپەکەت ونبووە و دزراوە دەتوانیت لە ڕێگای هەژماری مایکرۆسۆفت و بە یارمەتی ئەم بابەتە قفڵی بکەیت بۆ ئەوەی ئەو کەسەی کە کۆمپیوتەرەکەی لە لایە نەتوانێت بەکاری بهێنێت.

پێش هەموو شتێک پێویستە پێشووتر هەژماری مایکرۆسۆفتەکەت لەسەر کۆمپیوتەرە ونبووەکەت تۆمار کردبێت، ئەگینا سەرکەوتوو نابیت لە دۆزینەوەی کۆمپیوتەرەکەت بە هەنگاوەکانی خوارەوە.

  • هەنگاوی یەکەم: کردنەوەی ماڵپەڕی مایکرۆسۆفت لەم بەستەرەوە و تۆمار کردنی ئیمەیڵ و وشەی نهێنی هەژمارەکەت.
  • هەنگاوی دووەم: چوونە سەر بەشی Devices.
  • هەنگاوی سێیەم: چوونە سەر بەشی Overview و کرتە کردن لە Manage لە ژێر ناوی ئامێرە ونبووەکەت.
  • هەنگاوی چوارەم: کرتە کردن لە Find my device و لە پاشان کرتە کردن لە دوگمەی Lock لە دەستە ڕاستی هەمان پەڕە.
  • هەنگاوی پێنجەم: لە پاش ئەنجامدانی هەنگاوەکەی پێشووتر، کرتە لە Next بکە.
  • هەنگاوی شەشەم (پێشنیار کراو): لە پاش کرتە کردن لە دوگمەی Next، پەنجەرەیەکت بۆ دەکرێتەوە کە دەتوانیت ناونیشان و ژمارە تەلەفۆنی خۆتی تێدا بنووسیت بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت لە گەڕانەوەی ئامێرەکەت لە لایەن ئەو کەسەی کە ئامێرەکەی لە لایە.
  • هەنگاوی حەوتەم: کرتە بکە لە دوگمەی Lock.

بە سەرکەوتوویی ئامێرەکەت قفڵ بوو، ئەگەر کۆمپیوتەرەکە پەیوەستی ئینتەرنێت کرابێت ناتوانرێت لە لایەن کەسەوە کاری پێ بکرێت و ئەو نامەیەی پێ دەگات کە لە هەنگاوی شەشەم نووسیبووت. لە دوای دۆزینەوەی کۆمپیوتەرەکەت، ئەوەی پێویستە بۆ لابردنی ئەو قفڵەی کە کردبووت تەنها نووسینی تێپەڕە وشەی هەژماری مایکرۆسۆفتەکەتە.

پێشنیار دەکەین لە دوای قفڵکردنی کۆمپیوتەرەکەت، لەو پەنجەرەیەی کە دواجار کراوەتەوە کرتە لە دوگمەی Reset password بکەیت بۆ گۆڕینی تێپەڕە وشەی هەژماری مایکرۆسۆفتەکەت بۆ تێپەڕە وشەیەکی نوێ.

 

6 كانونی دووه‌م، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. لەگەڵ جیهانی تەکنەلۆژیادا تێکەڵم و ئاگاداری دواین هەواڵەکانی تەکنەلۆژیام بە گشتی. خولیام بۆ ته‌كنه‌لۆژیا وای كرد كه‌ له‌ كه‌ی ئای تی ئێن درێژە بە خزمەتەکانم بدەم و بەردەوامبم لە گەیاندنی هەواڵە گرنگ و نوێیەکانی تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی درووست بە خوێنەرانی کورد.
367