ئامێرە هەمەجۆرەکان

8 خۆشترین یاری بۆ بەکارهێنەرانی ئامێری Nintendo Switch

ئاشکرایە ئامێری Nintendo Switch لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووی ڕاگەیاندنی توانی ڕێژەیەکی باش لە بەکارهێنەران کۆبکاتەوە و جێگای خۆی بکاتەوە لەلای گەیمەران، سەرەڕای ئەمانەش ئامێرەکە تاقیکردنەوەیەکی ناوازە بۆ بەکارهێنەر بەردەست دەکات لە کاتی یاریەکاندا بە شێوەیەک ئەو یاریانەی بۆ ئەم ئامێرە بەردەست دەکرێت بە شێوازێکی ڕێک و بێ کێشە لەگەڵیدا دەگونجێنرێت هەتاوەکو بەکارهێنەر چێژی لێ ببینێت لە کاتی ئەنجامدانی بۆ یاریەکان، هەر بۆیە ئێمەش لەم بابەتەدا کۆمەڵێک یاریمان هەڵبژاردووە بۆ ئەو کەسانەی بەکارهێنەری ئەم ئامێرەن.

THE LEGEND OF ZELDA: BREATH OF THE WILD

یەکێکە لە یاریەکانی سەرکێشی و چێژێکی تایبەت بە یاریکەران دەبەخشێت لە کاتی ئەنجامدانیدا ئەمەش بە هۆی بوونی ئەو شێوازە ناوازەیەی لە یاریەکەدا بوونی هەیە، بە شێوەیەک تیایدا دەچیتە جیهانێکی نامۆوە و پێویستە فێر ببیت چۆن خۆت ڕزگار بکەیت و لە ژیاندا بمێنیتەوە.

SUPER MARIO ODYSSEY

بێگومان هیچ کەسێک نادۆزیتەوە لە کاتی یاریکردنی بۆ Super Mario Odyssey نەبینیت کە پێکەنین لەسەر ڕووخساری دروست بووە، چونکە یاریەکە شێوازێکی خۆشی هەیە و بە هۆی بوونی چەند ساتێکی چاوەڕوان نەکراو دەتخاتە پێکەنین.

SPLATOON 2

بە دڵنیایەوە لەوانەیە ئارەزووی یاریەکانی نیشانە شکێن (Sniper) بکەیت بەڵام بێ ئەوەی یاریەکە کوشتن و توند و تیژی تێدا بوونی هەبێت، کەواتە ئەم یاریە بۆ تۆیە چونکە یاریەکی نیشانە شکێنیە و پێویستیش ناکات زۆر لێزان بیت تێدا لەگەڵ ئەوەش لە ڕووی شێوازی یاریکردنەوە هاوشێوەی Call of Dutyـیە بەڵام بە ڕەنگی شیرینیەکان، چونکە تێیدا لە جیاتی فیشەک تۆپی ڕەنگ دەتەقێنیت و شێوازێکی بە چێژی هەیە.

POKÉMON: LET’S GO

Let’s Go یەکێکە لەو یاریانەی هەڵدەستێت بە کۆکردنەوەی هەریەک لە Pikachu و Eevee هەروەها بە یەکێک لە پڕفرۆشترینی زنجیرەی یاریەکە دادەنرێت چونکە هەڵدەستێت بە تێهەڵکێشکردنی تایبەتمەندی هەڵدانی تۆپەکانی پۆکیمۆن کە لە یاری Pokémon Goـی مۆبایلەکاندا بوونی هەیە.

SUPER SMASH BROS. ULTIMATE

یەکێکە لە دوور و درێژترین یاریەکانی ئەم زنجیرەیە چونکە زیاتر لە 70 کەسایەتی جۆراوجۆر لە خۆدەگرێت یاریەکە.

GRIS

لەوانەیە هەندێک جار ئارەزووی یاریەکی هێورکەرەوە بکەیت کە دووربێت لە توند و تیژی و شەڕکردن، هەر بۆیە ئەم یاریە بۆ تۆ گونجاوە چونکە وەک ئەوەیە تەماشای فیلمێکی کارتۆنی بکەیت و دەتوانیت بە هۆیەوە کاتژمێری کاتی پشووەکانتی پێوە بەسەر ببەیت.

DIABLO III

بێگومان ماوەیەکی زۆر تێپەڕیوە بەسەر ڕاگەیاندنی یاری Diablo III لەسەر ئامێرەکانی دیکەی یاریکردن بەڵام لە ئێستادا یاریەکە بەردەست کراوە لەسەر ئامێری نینتێندۆ سویچ ئەمەش وا دەکات تاقیکردنەوەیەکی جیاوازتر بۆ یاریکەران بەردەست بکات لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا یاریکەکان دەتوانن لە هەر شوێنێک بیانەوێت یاریەکە ئەنجام بدەن.

DEAD CELLS

یاریەکە هەڵدەستێت بە تێهەڵکێشکردنی شێوازی دڕندەیی یاری Dark Souls و شێوازی یاری Castlevania ئەمەش وا دەکات شێوازێکی ناوازە و جیهانێکی یاری دیکە بۆ بەکارهێنەر بەردەست بکات کە هەمیشە لە گۆڕانکاریدایە.

7 كانونی دووه‌م، 2019
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
726