گووگڵ

چیرۆکی یاری دایناسۆرەکەی گووگڵ کڕۆم چییە؟

یاری دایناسۆر یەکێکە لە تایبەتمەندیە شاراوەکانی وێبگەڕی گووگڵ کڕۆم چونکە تەنها لە کاتی بوونی کێشەیەک لە هێڵی ئینتەرنێتەکەت دەتوانیت ئەم یاریە ئەنجام بدەیت، یاریەکەش خۆی دەبینێتەوە لە دایناسۆرێک ڕادەکات تۆش پێویستە لەسەرت لە ڕێگای دوگمەی ENTER یاخود SPACEـەوە وا لە دایناسۆرەکە بکەیت باز بدات بەسەر ڕووەکەکاندا هەروەها یاریەکە کاتێکی دیاریکراوی نییە واتە ناکۆتایە و ئامانجیش لە یاریەکە مانەوەیە بۆ زۆرترین کات و بە دەستهێنانی خاڵی زیاترە.

لەم بارەیەوە دروستکەری گووگڵ کڕۆم سباستیان گابرێڵ دەڵێت یاریەکە ڕۆڵی گەڕانەوە بۆ سەردەمانی پێش مێژوو دەبینێت کە لەو سەردەمەدا هێڵی ئینتەرنێت یاخود وای فای بوونی نەبووە، هەروەها دیزاینە سەرەتاییەکانی کەسایەتی دایناسۆرەکە هەڵگری ناوی “پڕۆژەی بۆڵان” بووە ئەمەش وەک ئاماژەیەک بووە بۆ مارک بۆڵان کە گۆرانیبێژی سەرەکی گروپی ڕۆکی T REX بووە لە ساڵی حەفتاکاندا، مەبەست لەمەش ئاماژەدان بووە بە دایناسۆرە دڕندەکە.

جێگای ئاماژەیە یاریەکە لە مانگی نۆیەمی ساڵی 2014 بڵاوکرایەوە بەڵام لە سەرەتادا لەسەر چەند سەکۆیەک کاری نەدەکرد بە تایبەت لەسەر ئامێرە کۆنەکانی ئەندرۆید، هەر بۆیە پێویست بوو یاریەکە گەشەپێدرێتەوە پاش ئەمە لە مانگی نۆیەمی هەمان ساڵدا دووبارە یاریەکە ڕاگەیەنرایەوە، هەروەها ئەم یاریە ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد سەرەڕای ئەوەی بە شێوازێکی تا ڕادەیەک شاراوە بەردەستکراوە بەڵام مانگانە 270 ملیۆن جار یاری پێدەکرێت.

زۆرینەی یاریپێکەرانیش لە وڵاتە هەژارەکان یاخود لەوانەی هێڵی ئینتەرنێت تێیدا گران و خراپە وەک وەک وڵاتی هیند و بەڕازیل و ئەندەنۆسیا و مەکسیکن، تۆی بەکارهێنەریش لە ڕێگای دانانی ئەم بەستەرە chrome://dino لە وێبگەڕی گووگڵ کڕۆمەکەت دەتوانیت یاریەکە بە پڕاوپڕی ڕوونماکەت تاقیبکەیتەوە.

8 كانونی دووه‌م، 2019
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
802