ڕێنمایی

فۆڵدەری System32 چییە؟ بۆچی نابێت بیسڕینەوە؟ ئەگەر بیسڕینەوە چی ڕوودەدات؟

هەموومان بۆ بەڕێکردنی کارەکانی ڕۆژانەمان لەسەر کۆمپیوتەر سیستمی ویندۆز بەکاردەهێنین، بێگومان ئەم سیستمەش زۆر قسە و باس هەیە لەسەری کە بوترێت بە نموونە لە خۆگرتنی بۆ هەندێک فۆڵدەر کە لەوانەیە هەتاوەکو ئێستا زۆرێکمان گرنگی بوونی لە ویندۆزەکانماندا نەزانین، لەو فۆڵدەرانەی بەردەوام لە بەرچاوماندایە System32ـە، لەوانەیە تۆی خوێنەر زانیاریت لە بارەی گرنگی ئەم فۆڵدەرە نەبێت یاخود سوودی چییە یان ئەگەر بیسڕینەوە چی ڕوودەدات لە ویندۆزەکەماندا، هەر بۆیە ئەم بابەتەمان بۆ ئێوەی خوێنەر تەرخان کردووە هەتاوەکو بە پوختی باس لەم فۆڵدەرە بکەین.

فۆڵدەری System32 چییە؟

هەروەک لە وێنەکەدا دیارە ئەم فۆڵدەرە قەبارەیەکی زۆری هەیە و هەمیشە لەگەڵ جێگیرکردنت بۆ ویندۆز بوونی هەیە دیاریکراوتر بڵێین لە نێو فۆڵدەری Windowsـدایە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ناو و ئاڕاستەکەیەوە دیارە یەکێکە لە فۆڵدەرە گرنگ و سەرەکیەکان بۆ کارکردنی ویندۆز و هەڵگری کۆمەڵێک پەڕگەی گرنگی سیستمە لەگەڵ چەندین فۆڵدەری دیکە و هەزارەها پەڕگەی exe و dll، لە نێو ئەم فایلانەشدا چەند بەشێکی سەرەکی سیستم بوونی هەیە هەندێکیان بەرپرسە لە کۆنتڕۆڵکردنی هەڵبوونەوەی کۆمپیوتەر هەندێکی دیکەش بەرپرسە لە لیستی دەستپێک یان بەڕێوەبردنی فەرمانەکان.

جێگای ئاماژەشە زۆرینەمان لەوانەیە وا بڕوا بکەین ئەم فۆڵدەرە تایبەتە بە ئامێرەکانی 32bit بەڵام ئەمە هەڵەیە چونکە ئەم فۆڵدەرە بوونی هەیە لە سەرجەم ویندۆزەکاندا جا ئەگەر 32bit بێت یان 64bit، سەرەڕای ئەمەش چەندین نەرمەکاڵای سەرەکی لەگەڵ ناسێنەر (تعريفات)ـی ئامێر و پارچەکانی تایبەت بە کۆمپیوتەرەکە لە خۆدەگرێت، هەروەها هەندێک فایل لە خۆدەگرێت کە بەرپرسە لە چاککردنەوەی خۆکارانە ئەمەش پێویستە کاتێک بەشێک لە ویندۆز زیانی پێدەگات.

ئایا سڕینەوەی فۆڵدەری System32 ئاسانە؟

لە ساڵەکانی نێوان 2000-2006ـدا هەندێک فێڵ یاخود گەر ناوی ببەین بە کاری گاڵتەجاڕیانە بڵاوبوویەوە، بە هۆیەوە و لە ڕێگای چەند هەنگاوێکی سادەوە فۆڵدەری System32 دەتوانرا بسڕێتەوە بەڵام ئەمە لە ویندۆزە کۆنەکانی وەک Windows XP وWindows 2000ـدا بوو و بە هاتنی Windows 7 و بەرزتر ئەم فێڵە کەڵکی نەما چونکە لە کاتی جێبەجێکردنیدا ئاگاداریەک دەردەکەوت کە بە بەکارهێنەری ڕادەگەیاند دەسەڵاتی جێبەجێکردن یاخود سڕینەوەی فۆڵدەرەکەی نییە.

ئەگەریش هەر دەتەوێت سڕینەوەی فۆڵدەرەکە تاقیبکەیتەوە ئەوا هەندێک ڕێگای نابەجێ و ناڕێک هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە ئەویش دەتوانرێت لە ڕێگای Command Promptـەوە و بە چەند فەرمانێک کارەکە ئەنجام بدەیت بەڵام ئێمە لەم بابەتەدا ئاماژە بە فەرمانەکان نادەین، پاش سڕینەوەی فۆڵدەرەکە هێشتاش بە تەواوی ناتوانیت هەندێک پەڕگەی نێو فۆڵدەرەکە بسڕیتەوە چونکە ئەم پەڕگانە بەردەوام بەکاردەهێنرێت لە لایەن ویندۆز و نەرمەکاڵاکانی دیکەوە و سڕینەوەی مەحاڵە.

چی ڕوودەدات ئەگەر فۆڵدەری System32 بسڕینەوە؟

پاش سڕینەوەی فۆڵدەرەکە لەوانەیە کۆمپیوتەرەکەت تا چەند ساتێک یاخود خولەکێک بێ کێشە کاربکات بەڵام بە پێی کات و لە ماوەیەکی کەمدا ویندۆزەکەت بەرەو داڕمانی تەواوەتی دەچێت بە شێوەیەک نەرمەکاڵاکانی کۆمپیوتەرەکەت یەک لە دوای یەک لە کاردەکەون هەروەها چیدیکە دەستت ناگات بە بەڕێوبەری فەرمانەکان یان ناتوانیت کاربکەیت بە دوگمەی دەستپێک، گرنگتر لەمانەش لەوانەیە ڕووبەڕووی کارنەکردنی دوگمەی Powerـی کۆمپیوتەرەکەت ببیتەوە بەم شێوەیە کۆمپیوتەرەکەت لە کاردەکەوێت و ناتوانیت دەستت بگات بە هیچ شتێک.

لەوانەیە بۆ ڕزگاربوون لەم بارە پاتری ئامێرەکە دەربهێنیت و دووبارە تێیبکەتەوە هەتاوەکو کۆمپیوتەرەکەت کاربکات بەڵام پاش ئەنجامدانی ئەمە و چوونە نێو ویندۆز تەنها ڕوونمایەکی ڕەش دەبینیت کە هیچ شتێک لە خۆناگرێت، لە کۆتاییشدا بۆ ڕزگاربوون لەمە پێویستە دووبارە لە ڕێگای سی دی ـەوە سیستمی ویندۆزەکەت جێگیربکەتەوە، هەربۆیە گەر ناتەوێت تووشی ئەم دەردەسەریانە ببیت باشترە خۆت بە دوور بگریت لە سڕینەوەی ئەم فۆڵدەرە.

8 كانونی دووه‌م، 2019
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
681