ئەپ و نەرمەکاڵا

5 جۆر لە ئەپەکان پێویستە دوور بکەویتەوە لە بەکارهێنانیان

لە جیهانی مۆبایلە زیرەکەکاندا تا ڕادەیەک ئەپەکان هەموو شتێکن چونکە هەر کارێک بە مۆبایلەکانمان ئەنجامی دەدەین پەیوەستە بە ئەپێک کە لە ڕێگایەوە کارەکەی پێ ئەنجام دەدەین، وە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کۆگای ئەپەکانی وەک Google Play و App Store ئەوا شتێکی ئاساییە مۆبایلەکانمان دەیەها ئەپ ئەگەر سەدەها نەبێت لە خۆدەگرێت، هەندێک لەم ئەپانەش بەسوودن و لە ڕاستیدا فەرمانی گرنگ ئەنجام دەدەن بەڵام هەندێکی دیکە بێ سوودە و سڕینەوەیان باشترە، هەر بۆیە لەم بابەتەدا باسی 5 جۆر لە ئەپەکان دەکەین کە بێسوودن و پێویستە تۆی بەکارهێنەر دووربکەویتەوە لە بەکارهێنانیان.

ئەپەکانی پاراستنی تەمەنی پاتری

ئەگەر بەکارهێنەری ئەندرۆید یان ئای ئۆ ئێس بیت ئەوا بێگومان ئەم جۆرە ئەپانەت بینیوە چونکە هەردوو کۆگاکە سەدەها و بگرە هەزارەها ئەپ لە خۆدەگرێت هەڵگری ناوی پاتری (Battery)ـیە و وا پیشان دەدات توانست و تەمەنی پاتریەکەت زیاد دەکات، بە دڵنیایشەوە ئەگەر یەکێک لەم ئەپانەت بەکارهێنابێت ئەوا هەست بە هیچ جیاوازیەک ناکەیت بگرە هەندێک کات تەمەنی پاتریەکەت کەمتریش دەبێتەوە بە هۆکاری چالاکیە زیانبەخشەکانی ئەپەکە.

کێشەی ئەم جۆرە ئەپانە لەوەدایە تەنها هەڵدەستێت بە ڕاگرتنی ئەو ئەپانەی لە بەشی پشتەوە Backgroundـی مۆبایلەکەت کاردەکات هەتاوەکو تەمەنی پاتریەکەت زیاد بکات بەڵام هەندێک لە بەکارهێنەران ئاگاداری دەرئەنجامەکانی ئەم کردارە نین چونکە ئەم کردار لە تەمەنی پاتری مۆبایلەکە کەم دەکاتەوە چونکە زۆرینەی ئەو ئەپانەی لە بەشی پشتەوە کاردەکەن ئەوانەن کە بەکارهێنەر زیاتر بەکاریان دەهێنێت هەر بۆیە لە کاتی ڕاگرتنیان لە لایەن ئەم جۆرە ئەپانە و دووبارە کارپێکردنیان گواستنەوەیەکی نادروستی وزە دروست دەبێت و وا دەکات خێراتر تەمەنی پاتریەکەت کەم ببێتەوە.

لە ئێستادا ئەم جۆرە ئەپانە هیچ سوودێکیان نییە بەڵکو ئەنجامی بەکارهێنانیان پێچەوانەیە و زیانبەخشە، نموونەی ئەم جۆرە ئەپانەش هەریەک لە Du Battery Saver و Battery Booster Liteـە، هەر بۆیە باشترە وەک بەکارهێنەرێک دووربکەویتەوە لە بەکارهێنانیان ئەگەریش بەکاریاندەهێنیت هەر ئێستا لە مۆبایلەکەت بیانسڕەوە.

ئەپەکانی بەتاڵکردنەوەی ڕام

ئەم جۆرە ئەپانەش هاوشێوەی ئەپەکانی پاراستنی تەمەنی پاتریە بەڵام بە فەرمانێکی جیاواز، بە شێوەیەک ئەم جۆرە ئەپانە جەخت لەسەر یەکێک لە وتە ئەفسانەییە بەناوبانگەکان دەکات ئەویش لە بارەی ڕامەوەیە و دەڵێت باشترە ڕام هەمیشە بەتاڵ بێت، لە لایەکی دیکەوە گەر تەماشای ڕووی ڕاستەقینەی ئەمە بکەین دەبینین هیچ گرنگیەک لە پڕ بوون یاخود بەتاڵبوونی ڕامدا نییە چونکە فەرمانی سەرەکی ڕام پاراستنی ئەو زانیاریانەیە کە پڕۆسێسەر پێویستیەتی هەر بۆیە لە کاتی پڕبوونی تەواوەتی ڕام سیستم توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەم بارەدا هەیە بە شێوەیەکی ئاسایی.

بەم پێیە بەکارهێنانی ئەم جۆرە ئەپانە بێکەڵکن و هیچ سوودێک بە مۆبایلەکەت ناگەیەنن نموونەی ئەم ئەپانەش هەریەک لە Clean Master و Du Speed Booster و CCleanerـن، بۆیە باشترە تۆی بەکارهێنەر لە مۆبایلەکەت بیانسڕیتەوە.

ئەپە دەستکاریکراو و نافەرمیەکان

لەو کاتەی ئەپی وەتسەپ بەردەستکرا بۆ یەکەم جار خاوەنی تایبەتمەندیەک بوو ئەویش هەر کاتێک پەیوەست ببیت بە هێڵی ئینتەرنێتەوە لە لای هاوڕێکانت دەردەکەوێت کە سەرهێڵیت، ئەمەش لە لای زۆرێک لە بەکارهێنەران بێزارکەر بوو هەر بۆیە وایکرد لە هەندێکیان ڕووبکەنە بەکارهێنانی ئەپە دەستکاریکراوەکانی وەک WhatsApp +، پاش ئەمە ئەپە دەستکاریکراوەکانی دیکەی YouTube و Instagramـیش پەیدابوون کە هەندێک تایبەتمەندی تێدا بەردەستکراوە لە ئەپە فەرمیەکەدا بوونی نییە.

بە دڵنیایەوە ئەم جۆرە ئەپانە لە سەرچاوەی دەرەکین و لە بەرامبەریشدا مەترسیەکی ئاسایشی گەورە لەسەر بەکارهێنەر دروست دەکات، چونکە هەندێک کات لەوانەیە ئەپەکە دروستکراوی لایەنێکی دیاریکراو بێت هەوڵی سیخوڕیکردن بەسەر بەکارهێنەرانەوە بدات و نامە و زانیاریە کەسێتیەکانی بۆ مەرامی بازرگانی یاخود هەر مەبەستێکی دیکە بەکاربهێنێت کەواتە ئەم ئەپانە مەترسیدارن و بە هۆیەوە بەکارهێنەر ڕووبەڕووی دزرانی زانیاریە کەسێتیەکانی دەبێتەوە.

ئەپەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ فایلەکان

بە دیاریکراوی گەر بەکارهێنەری مۆبایلێکی ئەندرۆید بیت ئەوا دەبینیت لەگەڵ کڕینت بۆ مۆبایلێک پاکێجێک لە ئەپەکانی گووگڵ لەسەر مۆبایلەکەت جێگیرکراوە هەرچەندە هەندێک لەم ئەپانە بە سوودن بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە زۆرێک لە بەکارهێنەران کار بەم ئەپانە ناکەن و پێویستیان نییە بە نموونەش ئەپەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ فایلەکان وەک Google Docs و Google Sheet و چەندینی تر، لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر بەکارهێنەری مۆبایلێکی کۆمپانیای سامسۆنگ بیت ئەوا کارەکەدا لێرەدا خراپترە.

چونکە بە هۆکاری بوونی ڕێککەوتن لە نێوان هەردوو کۆمپانیای سامسۆنگ و مایکرۆسۆفت مۆبایلەکانی سامسۆنگ پێشووتر ژمارەیەک لە ئەپەکانی ئۆفیسی وەک Word و Excel و Power Point و تەنانەت Outlook لەسەری جێگیرکراوە، لە ئەنجامدا بەکارهێنەر خۆی دەبینێتەوە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لەم ئەپانە کە تەنها وا دەکات مۆبایلەکەت خاوتر کاربکات و فراوانیەکی زیاتر لە بیرگەی مۆبایلەکەت داگیربکات، هەر بۆیە باشترە ئەم جۆرە ئەپانە لە مۆبایلەکەت بسڕیتەوە.

بەڵام ئەم قسەیە هەموو کەسێک ناگرێتەوە چونکە هەندێک کەس بە هۆکاری دوورکەوتنی لە کۆمپیوتەر پێویستی بەم جۆرە ئەپانە هەیە هەتاوەکو بە شێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەڵ فایلەکاندا بکات.

ئەپە زۆرەکانی فەیسبووک

کۆمپانیای فەیسبووک خاوەنی ژمارەیەکی زۆر ئەپە و هەریەکەشیان ڕێژەیەکی باش لە داگرتنیان تۆمارکردووە، لەو ئەپانەش Messenger و Pages و Mentions لە خۆدەگرێت لەگەڵ هەندێک ئەپی دیکەی وەک Groups کە لە ڕابردوودا بوونی هەبوو، سەرەڕای ئەوەی ئەم ئەپانە خاوەنی بەکارهێنەرێکی زۆرن بەڵام لە زۆر ڕووەوە ئەپەکان خراپن، ئەگەر ڕوونتر لەم بارەوە بدوێین ئەوا ئەپەکانی ئەم کۆمپانیایە بە نموونە ئەپی فەیسبووک هەرگیز ناکرێت جێگیر و بێکێشە بێت یاخود بە شێوەیەکی ڕاست و دروست کاربکات بە تایبەت لەسەر سیستمی ئەندرۆید.

ئەمەش ڕوون و ئاشکرایە چونکە ڕاپۆرتەکان لە بارەی خراپ کارکردن یاخود لە ناکاو داخرانەوەی ئەم ئەپانە زۆرن، لەگەڵ ئەوەشدا وزەیەکی زۆر دەبات و قەبارەیەکی زۆریش لە بیرگەی مۆبایلەکان داگیردەکات و پڕۆسێسەریش ماندوو دەکات، هەر بۆیە باشترین هەڵبژاردە دەستبەرداربوونە لەم ئەپانە ئەگەریش ناتوانیت دەستبەرداریان ببیت وەک ئەپی فەیسبووک ئەوا دەتوانیت سوود لە ماڵپەڕی فەرمی کۆمپانیاکە یان ئەپە سادەکراوەکەی وەربگریت ئەویش Facebook Liteـە و بە قەبارەیەکی کەم بەردەستە.

9 كانونی دووه‌م، 2019
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
888