گەرمترین

یەکەمین مۆبایلی چەماوە لە جیهاندا نمایشکرا

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆکان بە شێوەیەکی بەردەوام باسیان لە یەکەمین مۆبایلی چەماوەیی دەکرد لە لایەن کۆمپانیای سامسۆنگەوە، بەڵام کۆمپانیاکە دواکەوت و FlexPai بووە یەکەمین مۆبایلی چەماوە لە جیهاندا.

لە ٧ـی کانوونی دووەم کۆمپانیای Royole لە کۆنگرەی CES 2019 ـەدا یەکەمین مۆبایلی چەماوەی بە ناوی FlexPai نمایشکرد، لە کاتێکدا کۆمپانیاکە لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا مۆبایلە چەماوەکەی ڕاگەیاندبوو، بەڵام نمایشکردنەکەی دواخست بۆ کۆنگرەی CES 2019. ئامێرەکە وەکو تابڵێت و مۆبایل هەژمار دەکرێت، چونکە لە کاتی چەمانەوەیدا قەبارەی هاوشێوەی مۆبایلی لێدێت و ڕاستەوخۆ نیشاندانی ڕوونماکەشەی خۆی لەگەڵ قەبارەکەدا دەگونجێنێت.

ڕوونمای ئامێرەکە لە جۆری AMOLED ـە و قەبارەی ٧.٨ ئینجە. خاوەن پڕۆسێسەری Snapdragon 855 ـە لەگەڵ ڕامێک بە فراوانی ٦ گێگابایت و بیرگەی ١٢٨ و ٢٥٦ گێگابایت. مۆبایلەکە خاوەنی کامێرا نییە لە دواوە، بەڵکو لە ڕووی پێشەوەی و لە دەرەوەی ڕوونماکەیدا دوو کامێرای ٢٠ مێگاپێکسڵ و ١٦ مێگاپێکسڵی تێدا جێگیر کراوە کە دەتوانیت لە کاتی چەمانەوەیدا سوود لە چرکاندنی دیمەنەکانی بەشی پشتەوە وەربگریت. خاوەنی هەستەوەری پەنجەمۆر و باترییەکی ٣٨٠٠ میلی ئەمپێرییە. لەگەڵ ئەوەشدا ئامێرەکە خاوەن ٢ شوێنی سیمکارتیشە. بەڵام بە سیستەمی ئەندرۆید کار ناکات، بەڵکو سیستەمی Water OS ـی لەسەر جێگیر کراوە.ئامێرەکە لە ئێستادا بە نرخی ٩.٠٠٠ یەنی چینی (١.٣٢٠$) بەردەستە بۆ داوا کردنی کڕینی پێشوەختە، بەڵام کۆمپانیاکە ڕایانگەیاندووە کە تاوەکو ماوەیەک سەرقاڵی گەشەپێدانی ئامێرە چەماوەکەیان دەبن، هەر بۆیە چاوەڕێی ڕێکەوتی بەردەستکردن و کۆتا نرخەکان و کۆتا ناوی فەرمی ئامێرە چەماوەکە دەبین.

سەرچاوە:

10 كانونی دووه‌م، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. لەگەڵ جیهانی تەکنەلۆژیادا تێکەڵم و ئاگاداری دواین هەواڵەکانی تەکنەلۆژیام بە گشتی. خولیام بۆ ته‌كنه‌لۆژیا وای كرد كه‌ له‌ كه‌ی ئای تی ئێن درێژە بە خزمەتەکانم بدەم و بەردەوامبم لە گەیاندنی هەواڵە گرنگ و نوێیەکانی تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی درووست بە خوێنەرانی کورد.
149