10
ئۆتۆمبێل 10, كانونی دووه‌م 2019 بۆچوون

کۆمپانیای Nissan مۆدێلێکی نوێی لە ئۆتۆمبێلی کارەبایی Leaf نمایش کرد

لە دوای نمایش کردنی کۆتا مۆدێلی ئۆتۆمبێلی کارەبایی Leaf لە ساڵی ٢٠١٧ ـەدا لە لایەن کۆمپانیای نیسانی ژاپۆنیەوە، دواجار کۆمپانیاکە بێدەنگی شکاند و مۆدێلی نوێی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکەی لە کۆنگرەی CES 2019 ـەدا نمایشکرد.

مۆدێلە نوێیەکەی ئۆتۆمبێلی Leaf (بە +Leaf e ناو دەکرێت) توانای بەرگەگری پاترییەکەی بە ڕێژەی ٪٤٠ زیاترە لە مۆدێلی پێشووتری. خاوەن چوار دەرگا و دەرگایەکی دواوەیە، بژاردەیەکی پاتری ئۆتۆمبێلە توانستی ٦٢ کیلۆ واتە کە توانای بڕینی مەودای ١٢٢ کیلۆمەتری هەیە، بژاردەکەی دیکەی پاتری ئۆتۆمبێلەکە ١٥٠ کیلۆ واتە و هێزی ٢٠٠ ئەسپ دەبەخشێت بە ئۆتۆمبێلەکە و ماوەی بڕینی مەودای ٣٦٠ کیلۆمەتری هەیە.

ئۆتۆمبێلە کارەباییە نوێیەکەی نیسان خاوەن ڕوونمایەکی قەبارە ٨ ئینجە کە خاوەن ڕێنیشاندەرە و پشتگیری لە سەکۆی CarPlay ـی ئەپڵ دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن تایبەتمەندی نیمچە یارمەتیدەری شۆفێر ProPILOT ـە.

نرخی Leaf ـی نوێ تاوەکو ئێستا ئاشکرا نەکراوە، بەڵام لە بەهاری ئەمساڵدا دەست دەکرێت بە فرۆشتنی و لەگەڵیشیدا نرخی ئاشکرا دەکرێت.

ئۆتۆمبێلە کارەباییەکەی نیسان ڕکابەرێکی سەرسەختی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی Tesla 3 و Chevrolet Bolt ـە، بە بەردەستکردنی ئەم مۆدێلە نوێیە ڕکابەرییەکە گەرمتر دەبێت. نیسان لە کاتی بەردەستکردنی یەکەمین مۆدێلی Leaf توانیویەتی ٣٨٠.٠٠٠ هەزار یەکە لە ئۆتۆمبێلەکە بفرۆشێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ