سامسۆنگ

سامسۆنگ ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی گالەکسی M ـی ئاشکرا کرد

کۆمپانیای سامسۆنگ لە ماوەی ڕابردوودا بازاڕی وڵاتی هیندستانی بۆ کۆمپانیاکانی شاومی و ئۆپۆ و ئەوانی دیکە چۆڵ کردبوو و فرۆشی بە ڕێژەیەکی زۆر لە وڵاتەکەدا کەمی کردبوو، بە چەند مۆبایلێکی نرخ هەرزان کۆمپانیاکە دەیەوێت دووبارە جڵەوی بازاڕی وڵاتەکە بگرێتەوە دەست.

کۆمپانیای سامسۆنگ ڕێکەوتی ٢٨ ـی ئەم مانگەی دیاریکرد بۆ نمایشکردنی یەکەمین مۆبایلی خۆی بە نۆچی دڵۆپەییەوە لە زنجیرەی M لە وڵاتی هیندستان، وێنە فەرمییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە مۆبایلەکە لە پشتەوە خاوەن دوو کامێرایە، هەروەها خاوەن ڕوونمایەکە لە جۆری Infinity-U و نۆچی دڵۆپەیی لەسەر ڕووی ڕوونماکەیدا هەیە کە کامێرای پێشەوەی تێدا جێگیر کراوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەردەکەوێت کە مۆبایلەکە خاوەن دەرچەی بارگاویکەرەوەی USB-C و دەرچەی بیستۆک دەبێت و پشتگیری لە بارگاویکەرەوەی خێرا دەکات، هەروەها خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆر دەبێت لە پشتەوەیدا لەگەڵ بوونی پاترییەکی زەبەلاح. 4

کۆمپانیاکە هیچ وردەکاریەکی لەسەر مۆبایلەکە و نرخەکانی نەخستۆتە ڕوو، بەڵام پێدەچێت سێ جۆر لە مۆبایلەکە بە ناوەکانی M10 و M20 و M30 ڕابگەیەندرێت و نرخیشیان لە نێوان ١٤٠ بۆ ٢٨٠ دۆلاردا بێت.

بە پێی پێشبینی Slash Leaks بۆ گالەکسی M20 مۆبایلەکە خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی ٦.٣ ئینج و خاوەن دوو کامێرا دەبێت لە پشتەوە بە ڕوونی ١٣ مێگاپێکسڵ و ٥ مێگاپێکسڵ، لەگەڵ پاترییەک بە توانستی ٥.٠٠٠ ملی ئەمپێر و وەشانی Android 8.1 ـی لەسەر جێگیر دەبێت.

وەکو ئاماژەی پێدراوە، هیچ وردەکارییەکی فەرمی لەسەر مۆبایلە نوێیەکە لە لایەن سامسۆنگەوە لە ئارادا نییە و نازانرێت مۆبایلەکە تەنها تایبەت دەبێت بە بازاڕی وڵاتی هیندستان یاخود نا، پێویستە تاوەکو ڕێکەوتی ئاماژەپێدراو چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی مۆبایلە نوێیەکە و ئاشکرابوونی وردەکارییەکانی بکەین.

سەرچاوە :

16 كانونی دووه‌م، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
828