چۆنییەتی

لە ڕێگای ئەم نەرمەکاڵایەوە چاوت بپارێزە لە تیشکی زیانبەخشی کۆمپیوتەرەکەت

لەوانەیە هەندێکمان ئارەزووی ئەوە بکەین بە شەواندا کار بە کۆمپیوتەرەکانمان بکەین، هۆکاری ئەمەش لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ ئەو هێمنیەی لە شەواندا هەیە و بە دڵنیایەوە لە ڕۆژدا ئەمەت دەست ناکەوێت، هەر بۆیە ئەگەر ڕووناکی ڕوونمای کۆمپیوتەرەکەت هەتاوەکو کۆتا ئاستیش نزم بکەیتەوە لەوانەیە هێشتاش بەس نەبێت و ئارەزوو بکەیت زیاتر ڕووناکیەکە کەم بکەیتەوە، هەر بۆیە لەم بابەتەدا ئاشناتان دەکەین بە نەرمەکاڵایەک لە ڕێگایەوە دەتوانیت ڕووناکی ڕوونمای کۆمپیوتەرەکەت زیاتر لە ئاستی دیاریکراوی خۆی نزم بکەیتەوە.

بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەش سوود لە نەرمەکاڵای Desktop Light دەبینین، سەرەتا با بزانین سوودەکانی ئەم نەرمەکاڵایە چییە؟

سوودەکانی نەرمەکاڵای Desktop Light چییە؟

  • کۆنتڕۆڵکردنی ڕووناکی ڕوونمای کۆمپیوتەرەکەت
  • پاشەکەوتکردنی ڕێژەیەکی زیاتری وزە
  • پاراستنی بەکارهێنەر لە ڕووناکی بەرز و ناپێویستی ڕوونما
  • کارکردنی ڕوونمای کۆمپیوتەر بۆ ماوەیەکی زیاتر

پاش ئاشنا بوون بە سوودەکانی، ئێستا چۆنیەتی کارکردنی نەرمەکاڵاکە ڕوون دەکەینەوە، بۆ داگرتن کرتە لەم بەستەرە بکە Desktop Light، پاش داگرتنی نەرمەکاڵاکە و جێگیرکردنی لەسەر کۆمپیوتەرەکەت تێبینی دەکەیت ئایکۆنێکی نەرمەکاڵاکە لەسەر ڕووکاری Desktopـەکەت و یەکێکی دیکەش لە شریتی فەرمانەکان Task Mangerـی تەنیشت کاتژمێرەکە بوونی هەیە، لێرەدا گەر لای ڕاستی ماوسەکە دابگرین لەسەری تێبینی کرانەوەی چەند هەڵبژاردەیەک دەکەین کە ئەمانەی خوارەوەن:-

  • Hide شاردنەوەی نەرمەکاڵا
  • Settings ڕێکخستنە سەرەکیەکانی نەرمەکاڵا
  • Help بۆ وەرگرتنی هاوکاری لە ماڵپەڕی فەرمی نەرمەکاڵا
  • About زانیاری دەربارەی نەرمەکاڵا و وەشان
  • Close بۆ داخستنەوەی نەرمەکاڵا بە تەواوی

هەروەها بە داگرتنی بەشی ڕێکخستنەکان Settings دەبینین چەند هەڵبژاردەیەکی دیکەمان بۆ دەکرێتەوە کە فەرمانەکانیان بەم شێوەی خوارەوەن:-

  • Launch With Windows بە چالاککردنی ئەم هەڵبژاردەیە نەرمەکاڵاکە ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەڵبوونەوەی ویندۆزەکەت کاردەکات
  • System Hotkeys بۆ دیاریکردنی کلیلێکی دیاریکراو هەتاوەکو لە ڕێگایەوە کار بە نەرمەکاڵاکە بکەیت
  • Remember Last Settings بۆ وەبیرهاتنەوەی کۆتا ڕێکخستنەکانی ئەم دواییە
  • Large Brightness Fader بۆ گەورە کردنی ئەو بەشەی نەرمەکاڵاکە کە هەڵدەستێت بە زیاد و کەمکردنی ڕووناکی

سەبارەت بە شێوازی کارکردنی نەرمەکاڵاکە ئەوا زۆر سادەیە و تەنها بە ڕاکێشانی ئاماژە پێکەرەکە بۆ خوارەوە ڕووناکی ڕوونماکەت کەم دەبێتەوە و بە ڕاکێشانیشی بۆ سەرەوە ڕووناکی ڕوونماکەت زیاد دەکات.

بە شێوەیەکی گشتی هێشتنەوەی ئاماژە پێکەرەکە لە ڕێژەی لە سەدا 50%ـدا گونجاوە بەڵام ئەمەش لە بەکارهێنەرێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت.

17 كانونی دووه‌م، 2019
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
891