ئەپڵ

چەند پێشبینییەک بۆ تایبەتمەندییەکانی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ

ئەوەی هەموو ساڵێک بەکارهێنەرانی ئەپڵ چاوەڕێیانە نەوەی نوێی ئایفۆنە، لە پیشەی پێگە تەکنەلۆژییەکانیشە کە هەموو ساڵێک پێشبینی نەوە نوێیەکانی ئایفۆن بکەن لە پێش نمایش کردنیدا. کەی ئای تی ئێن ئاماژە بە چەند پێشبینییەکی تایبەتمەندییەکانی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ دەدات بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەک.

هەژماری Ben Geskin لە تویتەردا پێشبینی بۆ چەند تایبەتمەندییەکی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ کردووە، ئاماژەی بەوە داوە کە ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ خاوەن ٣ هاوێنەی کامێرا دەبن لە پشتەوە، هەروەها نۆچی ڕوونمای ئایفۆنە نوێیەکان بچووکتر دەکرێنەوە و ڕوونماکانیان خێرایی ٩٠ بۆ ١٢٠ هێرتز دەبێت، هەروەها خاوەن پاترییەک دەبن بە توانستی ٤.٠٠٠ ملی ئەمپێر. هەرچەندە لە ئایفۆن ٨ و نوێترە بارگاویکەری بێوایەر بوونی هەبوو بەڵام بەرزترین خێرایی بارگاویکردنیان ٥ بۆ ٧.٥ وات بوون، لە پێشبینییەکەدا ئاماژە دراوە کە بەرزترین خێرایی بارگاویکەری بێوایەری ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ ١٥ وات دەبێت، هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە ڕەنگە ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ خاوەن دەرچەی بارگاویکەری جۆری USB-C ببن.پێشبینییەکی تر لە لایەن پێگەی OnLeaks ـەوە کراوە دەربارەی ڕوونی کامێرای ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ، لەم پێشبینییەدا پێگەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ خاوەن دوو هاوێنەی کامێرا دەبن لە پشتەوە، وە کامێرای سەرەکی پشتەوە ڕوونی ١٤ مێگاپێکسڵ دەبێت و کامێرای پێشەوە(سێڵفی) ڕوونی ١٠ مێگاپێکسڵ دەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە لە دوای ئایفۆن ٦ ئێسەوە تاوەکو ئێستا کامێرای سەرەکی پشتەوەی ئایفۆنەکان ڕوونی ١٢ مێگاپێکسڵە. ناوازە دەبێت ئەگەر ئەپڵ ڕوونی کامێرای ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ زیاد بکات.

هەر دوو پێشبینییەکە ئاماژە بەوە دەدەن کە ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ خاوەن ناسێنەرەوەی دەمووچاو دەبن و نۆچی سەر ڕوونمایان بچووک دەکرێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا پێشبینی دیکە لە ئارادەیە کە ئاماژە بەوە دەدەن ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆری سەر ڕوونما دەبن و نۆچ لادەبرێت و لێواری ڕوونماکەیان تەنکتر دەکرێتەوە.

تێبینی:

هەر وەکو لە سەرەوە ئاماژەی پێدراوە ئەمانە گشتیان پێشبینین، ڕەنگە ڕووبدەن یاخود ڕوو نەدەن. بۆیە پێویستە تا مانگی ٩ ـی ئەمساڵ چاوەڕێ بکەین بۆ دەرکەوتنی ڕاستییەکان و نمایشکردنی ئایفۆنە نوێیەکان لە لایەن ئەپڵەوە.

پێشبینی تۆ چییە دەربارەی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ؟ لێدوان لە خوارەوە بەجێ بهێڵە.

سەرچاوە :

OnLeaks, 9to5Mac, iDownloadBlog

18 كانونی دووه‌م، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. لەگەڵ جیهانی تەکنەلۆژیادا تێکەڵم و ئاگاداری دواین هەواڵەکانی تەکنەلۆژیام بە گشتی. خولیام بۆ ته‌كنه‌لۆژیا وای كرد كه‌ له‌ كه‌ی ئای تی ئێن درێژە بە خزمەتەکانم بدەم و بەردەوامبم لە گەیاندنی هەواڵە گرنگ و نوێیەکانی تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی درووست بە خوێنەرانی کورد.
425