تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

چیرۆکی ئەو هێلکەیەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و زۆرترین لایکی هەیە لە ئینستەگرام

لە ماوەی ڕابردوودا ئەستێرەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کایلی جینر کە یەکێکە لە ئەندامەکانی بنەماڵەی کارداشیان، خاوەنی بڵاوکراوەیەک بوو زۆرترین بەدڵبوونی بە دەستهێنابوو لە تۆڕی ئینستەگرام، ئەویش وێنەی منداڵە تازە لە دایکبووەکەی بوو بە ناوی ستۆرمی وێبستر، ئەم وێنەیە پاش ماوەیەکی کەم توانی ڕێژەی 18.1 ملیۆن بە دڵبوون بە دەست بهێنێت بەم شێوەیە پێوانەی مێژووی زۆرترین بەدڵبوونی لە ئینستەگرام شکاند بەڵام وا دیارە ئەم پێوانەیە هەتا هەتایی نییە چونکە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا وێنەی هێلکەیەک ئەم پێوانەیەی شکاند.

چیرۆکی ئەم هێلکەیە لەوەوە دەست پێدەکات ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو دیاریکراوتر لە بەرواری 4/1/2019ـدا وێنەی هێلکەیەکی سادەی خاوەن پاشەبنەمایەکی سپی بڵاوکرایەوە و لە ماوەیەکی کورتدا و لە پێنجشەممەی ڕابردوو توانی پێوانەکەی کەیلی جینر بشکێنێت و بگاتە 18 ملیۆن بەدڵبوون، بەڵام چیرۆکی ئەم هێلکەیە لێرەدا کۆتایی نەهات و بە بەردەوامی و هەموو چرکەیەک هەزارەها بەدڵبوونی بە دەست دەهێنا، بە شێوەیەک هەتاوەکو ساتی نووسینی ئەم بابەتە وێنەی هێلکەکە 48.7 ملیۆن بەدڵبوونی بە دەستهێناوە لەگەڵ 2.8 ملیۆن لێدوان.

https://www.instagram.com/p/BsOGulcndj-/?utm_source=ig_embed

شایەنی باسە هەژماری بڵاوکەرەوەی وێنەکە خۆی بە کۆمەڵەی هێلکە Egg Gang ناودەبات و ناوی پەڕەی ئینستەگرامەکەش World Egg Recordـە، هەروەها لەگەڵ وێنەی هێلکەکەدا خاوەن هەژمارەکە نووسیویەتی:-

با هەموومان پێکەوە پێوانەیەکی جیهانی دروست بکەین و ببینە خاوەنی زۆرترین بەدڵبوون لە ئینستەگرام.

لە ئێستادا هەژمارەکە خاوەنی 7.8 ملیۆن شوێنکەوتووە و وێنەی هێلکەیەکی دیکەشی بڵاوکردووەتەوە ئەم جارەیان هێلکەکە لە بەشی سەرەوەی شکانێکی تێکەوتووە، بێگومان ئەمە شتێکی زۆر سەیرە وێنەی هێلکەیەک بەم شێوەیە کاردانەوەی لێبکەوێتەوە و ژمارەیەکی زۆری بەدڵبوونیش بە دەست بهێنێت، بە هەر حاڵ ئیدی دەبێت ئەم جۆرە دەنگۆیانە و بەناوبانگبوونی شتانێکی بێمانای وەک ئەم هێلکەیە بەلاوە ئاسایی بێت چونکە نەک تەنها لە کۆمەڵگای کوردی خۆماندا شتی بێمانا هەمیشە بڵاوترە لە بەسوودەکان بەڵکو ئێستا هەموو جیهان بەم شێوەیەن.

لە کۆتاییدا لە لێدوان ڕای خۆت لەم بارەوە دەرببڕە و هۆکاری ئەم ناوبانگە بۆچی دەگێڕیتەوە؟

19 كانونی دووه‌م، 2019
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر و بەڕێوبەری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە کەی ئای تی ئێن کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
604