ئاسایشی ئەلیکترۆنی

ئایا پێویست دەکات کامێرای کۆمپیوتەر و مۆبایلەکانمان دابپۆشین هەتاوەکو پارێزراوبین لە هاککران؟

نزیک دوو ساڵ لەمەوبەر وێنەیەکی بەناوبانگی دامەزرێنەری فەیسبووک مارک زوکەربێرگ بڵاوبوویەوە، ئەوەی گرنگە لە وێنەکەدا مارک خۆی نییە بەڵکو لە وێنەکەدا وا دەردەکەوێت مارک کامێرای کۆمپیوتەرەکەی بە لەزگەیەک داپۆشیوە! پاش ئەمە بەڕێوبەڕی دەزگای فیدڕاڵی ئەمریکی FBI ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەدا بەردەوام خۆی و کارمەندەکانیش لە کاتی بەکارنەهێنانی کۆمپیوتەردا کامێرای ئامێرەکانیان دادەپۆشن.

ئەمەش وامان لێدەکات لە خۆمان بپرسین لە حاڵەتێکدا کەسانی لەم جۆرە کامێرای کۆمپیوتەرەکانیان دابپۆشن ئایا پێویست دەکات منیش هەمان کار بکەم؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە بە پێویستمان زانی لە ڕێگای ئەم بابەتەوە ڕوونکردنەوەی پێویست بدەین، چونکە ئەمە بە بڵاوکراوەیەکی دوو دێڕ یاخود بەڵێ و نەخێر کۆتایی نایەت، هەروەها کارەکەش تا ڕادەیەک جیاوازە کاتێک پەیوەندی بە کامێرای مۆبایلەکانیشەوەیە نەک تەنها کۆمپیوتەرەکان.

بۆچی پێویستە کامێرای کۆمپیوتەرەکەت دابپۆشیت؟

هەروەک هۆکارەکەی ئاشکرایە ئەنجامدانی ئەم کارە بۆ ئەوەیە هەتاوەکو پارێزراو بیت لەو هاککەرانەی هەوڵی سیخوڕی کردن دەدەن بەسەرتەوە لە ڕێگای ئەم کامێرایەوە، لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر ئاگاداری هەواڵی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بیت ئەوا دەبینیت بەردەوام  و بە شێوەیەکی زۆریش حاڵەتی هەڕەشەکردنی ئەلیکترۆنی لەم جۆرە ڕوودەدەن، بێگومان ئەمە شتێکی بڵاوە لە نێو هاککەراندا بە شێوەیەک هەڵدەستن بە تۆمارکردنی ڤیدیۆی هەر شتێک ئەنجامی دەدەیت هەتاوەکو لە دواتردا و بە هەڕەشە لێکردنت بۆ بڵاونەکردنەوەی بڕێک پارەت لێ داوا بکەن.

لەوانەیە بڵێیت ئەمە پەیوەندی بە منەوە نییە و من ناگرێتەوە، چونکە زۆرینەی کات ئەم شتە ڕووبەڕووی کەسانی بەناوبانگ یاخود کەسایەتیە سیاسیە گەورەکان دەبێتەوە، هەر بۆیە لەوانەیە بڵێیت کێ گرنگی بە من دەدات؟ لە نێو ملیۆنەها کەس لەسەر ئینتەرنێت، وەڵامی ئەم پرسیارەش سادەیە چونکە ئەو کەسەی ئەم کارە ئەنجام دەکات گرنگی بەوە دەدات بگاتە نێو کۆمپیوتەرەکەت و ڤیدیۆیەکت لێ تۆمار بکات، هەربۆیە لە هەر کاتێکدا بێت بە دڵنیایەوە لەوانەیە کارێک ئەنجام بدەیت تا ڕادەیەک ئابڕووبەر بێت، ئەگەریش ئابڕووبەر نەبێت و تەنها جل لەبەرکردنێکیش ئەوا دەبێتە هۆی سوود گەیاندن بە هاککەر.

بێگومان هەڕەشەکەش لەم حاڵەتەدا بۆ کەسانی بەناوبانگ و کەسایەتیە گرنگەکان بڵاوکردنەوەی تۆمارە ڤیدیۆیەکەیە، بەڵام بۆ کەسانی ئاسایی وەک من و تۆ لێرەدا جەخت دەکرێتەوە لەسەر ژیانی تایبەتی ئەم کەسە، بە واتای ئەوەی هاککەر لە جیاتی بڵاوکردنەوەی تۆمارەکە بۆ گشتی هەڵدەستێت بە ناردنی بۆ کەسانی نزیکت یان هاوڕێکانت یان تەنانەت خێزانەکەت، لە ئەنجامیشدا ئەمە دەبێتە هۆی لە ناوچوونی ژیانت و کۆتایی پێهاتنی بۆ هەمیشە.

بێگومان لەگەڵ هەر حاڵەتێکی لەم جۆرەدا پێویستە بابەتەکەمان ببەستینەوە بە کۆمەڵگاکەمانەوە، لێرەشدا زیاتر مەبەستم کچانی کۆمەڵگایە بە شێوەیەک دەتوانم بڵێم قوربانی سەرەکی لێرەدا کچانن کە بە ئاسانی تێدەکەون و وا دەکات ژیانیان بە تەواوی کۆتایی پێبێت بە شێوەیەک لە کاتی ڕووبەڕوو بوونەوەیان بۆ حاڵەتێکی هەڕەشە لێکردن زۆرینەیان بیر لە خۆکوشتن یان ئەنجامدانی مەرامی کەسی هاککەر یان هەڕەشەلێکەر دەکەن، بێگومان بە هۆی نەکرانەوەی کۆمەڵگا، لێرەشدا مەبەستم کەسوکاری کچ بۆ ئەم ڕووداوە بێگومان ڕووداوی نەخوازراو ڕوودەدەن.

بێگومان هەر ڕۆژێک لە ڕۆژان گەر تۆی خوێنەر ڕووبەڕووی ڕووداوێکی نەخوازراوی لەم شێوەیە بوویتەوە باشترین کار نە کۆتایی هێنانە بە ژیانت نە ئەوەیە مەرامی چەپەڵی هەڕەشە لێکەر جێبەجێ بکەیت، بەڵکو پەیوەندیکردنە بە کەسانی شارەزای ئەم بوارە، لێرەشدا مەبەستم لە ڕێکخراوەکانی بەناو پاراستنی ئافرەت و ئەم قسە بێمانایانە نییە بەڵکو پەیوەندیکردنە بە پۆلیس و ئاسایش یاخود بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بەو ژمارانەی لە وێنەکەی خوارەوەدا دەردەکەون یاخود سەردانکردنیانە بەو ناونیشانەی خوارەوە.

هەتاوەکو چ ڕادەیەک هاککردنی کامێرا ئاسانە؟

بێگومان زۆرینەی بەکارهێنەرانی کۆمپیوتەر خاوەنی چەند نەرمەکاڵایەکن لە کۆمپیوتەرەکانیان لەوانەیە ئاگاداری مەترسیەکانی نەبن لە کاتی بەکارهێنانیان بۆ ئەم نەرمەکاڵایانە، لێرەدا بە شێوەیەکی گشتی مەبەستمان لە Flash Player و Javaـە، گومان لەوەدا نییە هەموومان ئەگەر بە ناویش بێت گوێبیستی ئەم دوو نەرمەکاڵایە بووین، ئەوەی گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێدرێت ئەوەیە هەتاوەکو ئێستا زۆرێک لە بەکارهێنەران ئەم دوو نەرمەکاڵایە هێشتاش بەکاردەهێنن.

ئەمەش هاوشێوەی ئەوەیە کۆمەڵێک کەلێنی ئاسایشی بەردەست بن و تەنها چاوەڕێی ئەوە بکەیت بەکاربهێنرێن لە دژت، هەرچەندە هەردوو نەرمەکاڵاکە بەردەوام نوێکاری ئاسایشیان بۆ ڕەوانە دەکرێت بەڵام بە دڵنیایەوە سڕینەوەیان باشترین هەڵبژاردەیە، گەر ڕوونکردنەوەی زیاتر بدەین لەم بارەوە ئەوا تێبینی ئەوە دەکەین زۆرینەی ئەو ماڵپەڕانەی لە ئێستادا سەردانیان دەکەین پشت دەبەستن بە HTML5، هەر بۆیە تۆش ئەگەر خاوەنی ئەو دوو نەرمەکاڵایە بیت کە باسمان لێوەکردن ئەوا تا ڕادەیەک بە ئاسانی دەتوانرێت کامێرای کۆمپیوتەرەکەت بکرێتەوە.

ئەمەش پێویستی بەوەیە بچیتە هەندێک ماڵپەڕی دیاریکراو بە تایبەت ئەو ماڵپەڕانەی تایبەتکراون بە داگرتنی نەرمەکاڵا و پێکهاتەی جیاوازی دیکە. پاش هەموو ئەم قسانەی کردمان لەوانەیە بیرت بۆ شتێکی دیکە بچێت، ئەویش بوونی گڵۆپی تەنیشت کامێرای کۆمپیوتەرەکەتە، بێگومان لە کاتی کردنەوەی کامێرا ئەم گڵۆپەش ڕاستەوخۆ کاردەکات بۆ ئاگادارکردنەوەی بەکارهێنەر، بەڵام پێویستە ئەوە بزانیت ئەگەر گڵۆپەکەش ئیش نەکات ئەوا تۆ پارێزراو نیت چونکە لەوانەیە لە ڕێگای هەندێک نەرمەکاڵای جێگیرکراو لەسەر کۆمپیوتەرەکەت کۆنتڕۆڵی ئەم گڵۆپەش بکرێت و ئاگاداری ئەوەش نەبیت کامێراکەت کاردەکات.

ئەی چی دەربارەی مۆبایلە زیرەکەکان؟ ئایا ئەوانیش هاککدەکرێن؟

مۆبایلە زیرەکانیش بە دڵنیایەوە مەترسیەکی گەورەیان هەیە لەسەر بەکارهێنەر چونکە لە ئێستادا و بە شێوەیەکی گشتی بەکارهێنانی مۆبایل زیاترە تا ڕادەیەک بە بەروارود بە کۆمپیوتەر، بێگومان زۆرینەمان مۆبایلەکانمان بەردەوام پەیوەستن بە هێڵی ئینتەرنێتەوە و لە جیاتی ئەوەش خاوەنی نەک تەنها یەک کامێران بەڵکو خاوەنی دوو کامێران ئەمەش وا دەکات هەست بە مەترسی زیاتر بکەین، بەڵام بە هەر شێوەیەک بێت بە مەترسی کامێرای کۆمپیوتەرەکان نییە.

هۆکاری سەرەکی ئەم قسەیەش دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی کارکردنی سیستمی وەگەڕخەری کۆمپیوتەرەکان لەگەڵ سیستمی مۆبایلەکان، بە شێوەیەک سیستمی مۆبایلەکان زۆر داخراوترن بە بەراورد بە کۆمپیوتەرەکان، بە شێوەیەکی گشتیش سیستمی مۆبایلەکان خاوەنی چەندین چینی پاراستن و پێدانی دەسەڵاتن بە ئەپەکان هەتاوەکو بتوانن کارێک ئەنجام بدەن، ئەمەش ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات پێدانی دەسەڵات لە ئەپەکانی مۆبایلدا زۆر داخراوترە بە بەراورد بە نەرمەکاڵاکانی کۆمپیوتەر.

بە لایەنی کەمەوە و هەتاوەکو ئێستا پێشکەوتنی مۆبایلەکان لەم ڕووەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بە هیچ شێوەیەک پشتگیری لە نەرمەکاڵاکانی Java و Flash Player ناکەن، ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت دوو کەلێنی گەورەی ئاسایشی بوونیان نییە لە مۆبایلەکاندا، بەڵام لە هەمان کاتیشدا مۆبایلەکان بە تەواوی پارێزراو نین بگرە هیچ شتێک بە تەواوی پارێزراو نییە و هەموو سیستمێکیش لەوانەیە هەڵگری کەلێن بێت، بەڵام دەتوانیت پارێزراوتر بیت ئەویش بە دوور کەوتنەوەیە لە جەیڵبرەیککردنی ئایفۆنەکەت یان ڕووتکردنی مۆبایلی ئەندرۆیدەکەت.

چۆن خۆت دەپارێزیت لە هاککرانی کامێراکەت؟

هەروەک لە چەند دێڕی پێشوودا ئاماژەمان پێکرد، پارێزراوی تەواوەتی بوونی نییە لە جیهانی ئەلیکترۆنیدا ئەمەش قسەیەکە هەموو کات بە گوێماندا دەدرێت، بەڵام هەندێک هەنگاو و کردار هەیە ئەگەر ئەنجامیان بدەیت تا ڕادەیەک پارێزراوتر دەبیت، هەرچەندە ئەگەری هاککرانی کامێراکەت هەر ئەگەرێکی کراوەیە ئەمەش لە مۆبایلەکەت یان لە کۆمپیوتەرەکەتدا بێت.

چەند هەنگاوێک بۆ پارێزراو بوونت لە هاککرانی کامێرای مۆبایل و کۆمپیوتەرەکەت؟

  • ئەگەر تەواو بوویت لە بەکارهێنانی کامێرای کۆمپیوتەرەکەت ئەوا دایبپۆشە، سەبارەت بە کامێرای مۆبایلەکان ئەوا ئەم شێوازە تا ڕادەیەک بە کەڵک نایەت و زۆر گونجاو نییە
  • نەرمەکاڵاکانی Java و Flash Player لە کۆمپیوتەرەکەت بسڕەوە و هەرگیز وێبگەڕی دەستکاریکراو و نافەرمی بەکارمەهێنە، باشترە وێبگەڕە فەرمیەکانی گووگڵ کڕۆم و فایەرفۆکس بەکاربهێنیت و دووربکەویتەوە لە وێبگەڕە دەستکاریکراوەکانی وەک Spark و Torch
  • هەرگیز دەستکاری سیستمی مۆبایلەکەت مەکە وەک ڕووتکردن یان جەیڵبرەیک کردنی، چونکە ئەم کارە دەسەڵاتی زیاتر بە ئەپەکان دەدات و لەوانەیە کێشەت بۆ دروست بکات
  • هەمیشە دووربکەوە لە سەردانکردنی ماڵپەڕە سێکسیەکان لەگەڵ ئەو ماڵپەڕانەی تایبەتن بە نەرمەکاڵای هاککراو یاخود کڕاککراو چونکە دەبنە هۆکاری بردنی زانیاریەکانت بە هەر شێوەیەک بێت، هەروەها هەوڵ بدە هیچ پێکهاتەیەکیان لێوە دانەگریت و باشتریشە سەردانیان نەکەیت
  • هەرگیز جۆری دەستکاریکراو لە سیستمە وەگەڕخەرەکان دامەگرە و جێگیری مەکە لەسەر ئامێرەکەت، نموونەش وەک سیستمی ویندۆزی دەستکاریکراو و نافەرمی، هەروەها بەردەوام هەوڵبدە وەشانی فەرمی لە ویندۆز بەکاربهێنیت
  • هەرگیز نوێکاریەکان مەوەستێنە، چونکە لەوانەیە ئەو وەشانەی تۆ تێیدایت کەلێنێک بوونی هەبێت و هێشتاش کەلێنەکە چارەسەر نەکرابێت، بەڵام لە هەمان کاتدا لەوانەیە کەلێنەکە لە نوێکاریەکەدا چارەسەر کرابێت، هەر بۆیە باشترە هەمیشە نوێکاریەکان بە چالاکی بهێڵیتەوە و ڕاینەگریت
  • هەرگیز نەرمەکاڵا و ئەپی هاککراو یان کڕاککراو دامەگرە و بەکارمەهێنە، چونکە ئەو کەسانەی هەڵدەستن بە کڕاککردنی ئەم نەرمەکاڵا و ئەپانە بە دڵنیایەوە زۆرینەیان بۆ سوودی گشتی نین بەڵکو بۆ سیخوڕی کردنە بەسەر بەکارهێنەرانیەوە

لە کۆتایشدا تۆی خوێنەر پێشنیاری چ شێوازێک دەکەیت بۆ پاراستنی کەسێتی بەکارهێنەر؟ لە لێدوان لەم بارەوە بدوێ.

24 كانونی دووه‌م، 2019
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەرێک لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، ئامانجم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
598