ماک

مایکرۆسۆفت چەند ئەپێکی ئۆفیسی لە کۆگای ئەپستۆری ماک بەردەستکرد

لە کۆنگرەی WWDC ـی مانگی 6 ـی ئەپڵدا کۆمپانیاکە ئەپەکانی Word و PowerPoint و Excel ـی لەسەر سەکۆ بە ئامادەبووان ناساند و ڕایگەیاند کە بەمزووانە هەر 3 ئەپەکە لە کۆگای ئەپستۆری ماکدا بەردەست دەبن، دواجار زۆری نەبرد و ئەمڕۆ مایکرۆسۆفت کۆمەڵە ئەپێکی لە زنجیرە ئەپەکانی Office 365 لە کۆگای ئەپستۆری ماکدا بەردەستکرد.

ئەمڕۆ مایکرۆسۆفت ئەپەکانی Microsoft Word و Outlook و Excel و PowerPoint ـی زنجیرەی Office 365 ـی لە کۆگای ئەپستۆری ماکدا بە نرخی خۆڕایی بەردەست کرد، بەڵام پێویستە لە ڕێگای هەژماری مایکرۆسۆفتەوە لە نێو ئەپی Office 365 ـدا تۆمار ببیت و مانگانە بژاردەکان بکڕیت بۆ بەدەستخستنی گشت تایبەتمەندییەکانی نێو ئەپەکان. ئەپەکان بە تەواوی لەگەڵ وەشانی macOS Mojave و ماکە نوێیەکاندا گونجاون و خاوەن تایبەتمەندی دۆخی تاریکن و پشتگیری لە Touchbar ـی ماکبووکە نوێیەکان و Continuity Camera دەکەن.

هەروەها Phil Schiller جێگری بەڕێوەبەری بازاڕی جیهانی لە کۆمپانیای ئەپڵ دەڵێت:

“دڵخۆشین بە هاتنی ئەپەکانی Microsoft Office 365 بۆ کۆگای ئەپ ستۆری ماک لە وەشانی macOS Mojave. ئەپڵ و مایکرۆسۆفت بە یەکەوە هاوکار بوون بۆ خستنە بەردەستی ئەپە مەزنەکانی ئۆفیس بۆ بەکارهێنەرانی ماک. ئێستا دەتوانرێت لە ڕێگای ئەپی Office 365 لە نێو کۆگای ئەپ ستۆری ماکدا بە ئاسانی زنجیرە ئەپەکانی Office 365 بەدەست بخەیت لە ماکدا”

لە پێشووتردا لە ماکدا ئەپەکانی Office 365 لە ڕێگای پاکێجەوە بە شێوەی دەرەکی دادەمەزران، ئێستا دەتوانرێت لەم بەستەرەوە گشت ئەپەکانی Office 365 بۆ وەشانی macOS 10.12 و نوێتر دابگیرێن.

سەرچاوە :
25 كانونی دووه‌م، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
822