10
هەواڵ 27, كانونی دووه‌م 2019

گرنگترین یاریە ڕاگەیەنراوەکانی مانگی دووەمی ساڵی 2019

لە ڕێگای ئەم بابەتەوە تۆی خوێنەر ئاشنا دەکەین بەو یاریانەی لە مانگی دووەمی ئەم ساڵدا ڕاگەیەنراون و هەوڵ دەدەین هەموو مانگێکیش کۆکراوەی یاریە ڕاگەیەنراوەکان بۆ ئێوەی خوێنەر بگوێزینەوە و بیانکەینە بابەت، لەم مانگەشدا بێگومان کۆمەڵێک یاری بەهێز و ناوازە ڕاگەیەنران و ئەمانەی خوارەوەش گرنگترین یاریەکانی ئەم مانگەن.

Ace Combat 7: Skies Unknown

پاش ڕاگەیاندنی یاریەکە لە 18/1ـی ڕابردوو لەسەر ئامێرەکانی XboxOne و PS4، لە بەرواری 1/2ـی ئەم ساڵدا یاریەکە بەردەستکرا بۆ بەکارهێنەرانی کۆمپیوتەر و تیایدا گەیمەران هەڵدەستن بە پێکهێنانی هێزێکی جەنگی لە فڕۆکە جەنگیەکان، هەروەها ئەم هێزەش پێکهاتووە لە گروپێکی تاوانبارەکان و ناودەبرێن بە The Penitentiary Unit و پێویستە لەسەریان بەرگری بکەن لە ناوچەیەک کە خەڵک تێیدا نیشتەجێن و بجەنگن لە دژی لەشکری داگیرکەران.

هەروەها چیرۆکی یاریەکە لە هەمان شوێنەکانی بەشی سێیەم و چوارەمی یاریەکە دەبێت لەگەڵ ئەوەشدا بەشە نوێیەکە کۆمەڵێک چەک و فڕۆکەی نوێی وەک A-10C Thunderbolt II و Multipurpose fighter F-35C و Rafal Mـی بۆ زیادکراوە و سەرەڕای ئەوەش Ace Combat 7: Skies Unknown کاردەکات بە بزوێنەری بەناوبانگی Unreal Engine 4 و بە تەنهاش DirectX 11 بەکاردەهێنێت.

Trials Rising

لە کۆنگرەی E3ـی مانگی شەشەمی ڕابردوودا یوبیسۆفت هەستا بە ئاشکراکردنی گەڕانەوەی زنجیرەی Trials و وا دیارە بەشە نوێیەکەش ناوی Trials Rising دەبێت و بڕیاریشە بەردەست ببێت بۆ سەکۆکانی PlayStation 4 و Xbox One و کۆمپیوتەر، یاریەکەش خۆی دەبینێتەوە لە ئەنجامدانی پێشبڕکێ لە هەندێک ناوچەی زۆر سەختدا بە بەکارهێنانی ماتۆڕەکان، هەروەها جێگای ئاماژە پێدانە یاریەکە لە بەرواری 12/2ـی ئەم ساڵدا ڕاگەیەنرا.

Dead or Alive 6

پاش تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی بەشی پێنجەمی یاری Dead or Alive، ستۆدیۆی Team Ninja بە هاوکاری کۆمپانیای Koei Tecmo هەستان بە زیندووکردنەوەی زنجیرەی ئەم یاریە، ئەویش بە ڕاگەیاندنی بەشی شەشەمە لە یاریەکە، شایەنی باسە لە یاریەکەدا کەسایەتی کاسۆمی لەگەڵ چەند کەسایەتیەکی دیکە گەڕاونەتەوە، هەروها چیرۆکی ئەم بەشەش تەواوکەری چیرۆکی بەشی پێنجەمی یاریەکە دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەشە نوێیەکە هەڵگری دۆخێکی جەنگکردنی بە کۆمەڵ دەبێت، یاریەکە لە 15/2ـی ئەم ساڵدا بەردەستکرا لەسەر سەکۆکانی PS4 و Xbox One و کۆمپیوتەر.

Crackdown 3

پاش زنجیرەیەکی زۆر لە دواخستن و بوونی کێشە لە گەشەپێدانیدا، Crackdown 3 لە کۆتاییدا و لە بەرواری 15/2/2019ـدا ڕاگەیەنرا لەسەر سەکۆکانی Xbox One و کۆمپیوتەر، شایەنی ئاماژە پێدانیشە یاریەکە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە دواخستنی ڕاگەیاندندا، بە شێوەیەک بڕیار بوو لە ساڵی 2016ـدا ڕابگەیەنرێت بەڵام دواخرا بۆ کۆتاییەکانی ساڵی 2017 و پاشان دووبارە دواخرایەوە بۆ بەهاری ساڵی 2018، لە کۆتاییدا یاریەکە لە بەرواری 15/2/2019ـدا ڕاگەیەنرا.

Far Cry New Dawn

یاریەکە دەبێتە تەواوکەری Far Cry 5 و بە شێوەیەکی کتوپڕیش ڕاگەیەنرا لە کۆنگرەی The Game Awards 2018ـدا لە مانگی دوازدەیەمی ڕابردوو هەروەها یاریەکە لە بەرواری 15/2/2019 بەردەستکرا بۆ بەکارهێنەرانی کۆمپیوتەر و Xbox One و PS4، لە یاریەکەدا جیهانی Hope County لە Far Cry 5ـەوە گۆڕانکاریەکی زۆری بەسەردا هاتووە لەگەڵ ئەوەشدا دەبێتە تەواوکەری ئەم بەشە، سەرەڕای ئەوەش یاریەکە بیر و هزرمان دەباتەوە بۆ یاریەکانی وەک Rage 2 و Fallout 76، هەروەها لە وێنەی سەر بەشە نوێیەکەدا وێنەیەکی هاوشێوەی یاری Far Cry 5 دەبینین تیایدا جۆزێف سەرکردەی هۆزە خراپەکانی نێو یاریەکە دەردەکەوێت بەستراوەتەوە بە ئۆتۆمبێلێکەوە.

Jump Force

Jump Force یاریەکە هەڵدەستێت بە کۆکردنەوەی چەندین کەسایەتی بەناوبانگ و خۆشەویستی نێو مانگا و ئەنیمیەکانی وەک کەسایەتی ناروتۆ و گۆگۆ و لووفی، هەروەها لەگەڵ بوونی چەند کەسایەتیەکی دیکەی وەک فرێزەری ئەنیمی دراگۆن بۆڵ و ئوچیها ساسکێی ئەنیمی ناروتۆ و ڕیۆکی ئەنیمی Death Note، لە یاریەکەدا پاڵەوانەکان هەڵدەستن بە جەنگکردن و ڕێکخستنەوەی ئەو بارودۆخە شێواوەی دروست بووە بە هۆکاری تێهەڵکێشبوونی جیهانی ڕاستەقینە لەگەڵ Jumpـدا، یاریەکە لە بەرواری 15/2/2019ـدا ڕاگەیەنرا بۆ بەکارهێنەرانی کۆمپیوتەر و Xbox One و PS4.

Metro Exodus

یاری Metro Exodus بەشێکی نوێی زنجیرەی Metroـیە و پێدەچێت بەهێزترین بەش بێت لە مێژووی یاریەکە هەروەها پێکهاتەی بەشە نوێیەکە زۆر گەورەتر دەبێت لە پێکهاتەی هەردوو یاری Metro 2033 و Metro Last Lightـیش، لەگەڵ ئەوەشدا یاریەکە دەتباتە ساڵی 2036 و بێگومانیش شێوازێکی ناوازەی دەبێت لەگەڵ ئەو زیادکراوانەی لەم بەشە نوێیەدا بۆی زیادکراوە بە شێوەیەک لە کاتی یاریکردندا تێبینی بوونی کۆمەڵگە و شێوازی نوێ دەکەیت لەگەڵ ژینگە و دڕندە و بوونەوەری جۆراوجۆر، یاریەکە لە لایەن 4A Gamesـەوە گەشەپێدراوە و بڵاویشکراوەتەوە لە لایەن Deep Silver لە 15/2/2019 هەرچەند بڕیاربوو لە 22/2/2019 ڕابگەیەنرێت بۆ سەکۆکانی PS4 و Xbox One و کۆمپیوتەر.

Anthem

Anthem یاریەکی RPGـی بە کۆمەڵی نوێیە و لە لایەن ستۆدیۆی BioWareـی بەناوبانگەوە گەشەپێدراوە، هەروەها یاریەکە کاردەکات بە بزوێنەری Frostbiteـی بەناوبانگ کە کۆمپانیای EA بەکاریدەهێنێت لە هەندێک لە یاریەکانی ئەم ماوەی پێشوویدا، سەبارەت بە یاریەکە ئەوا جەخت دەکاتەوە لەسەر یەکێک لە Freelancerـەکان ئەمەش ئەو کەسایەتیەیە کە کۆنتڕۆڵی دەکەیت لە نێو یاریەکەدا، سەبارەت بەم کەسایەتیە ئەوا کەسێک لە خۆدەگرێت نیشتمانەکەی بەجێهێشتووە هەتاوەکو سەردانی جیهانی دەرەوە بکات و مەترسیەکانی سەر ئەم جیهانە ببینێت، لە هەمان کاتیشدا ئەمانە تاکە هێڵێ بەرگرین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ژمارەیەک لە دڕندەکان.

یاریەکە لە 1/2/2019ـدا دێمۆکەی بەردەستکرا و پاشان لە بەرواری 22/2/2019ـدا بە تەواوی یاریەکە بەردەستکرا بۆ بەکارهێنەرانی کۆمپیوتەر و Xbox One و PS4.

Dirt Rally 2.0

یاریەکە زنجیرەیەکی نوێی Dirtـە و بە شێوەیەکی گشتیش زنجیرەی Dirt Rally لەو یاریانەیە جەخت دەکاتەوە لەسەر پێشبڕکێکانی Off-Road و ڕاڵیەکان، سەرەڕای ئەوەش شەش ناوچەی جیاوازی نوێ لە خۆدەگرێت بۆ ئەنجامدانی پێشبڕکێیەکان، هەروەها ئەم بەشە نوێیە هەڵگری جۆرێکی تەواو نوێیە لە ئۆتۆمبێلەکانی پێشبڕکێی ڕاڵی و Off-Road، یاریەکە لە بەرواری 26/2/2019ـدا ڕاگەیەنرا بۆ سەکۆکانی PS4 و Xbox One و کۆمپیوتەر.

بۆچونی تۆ