هەواڵ 27, كانونی دووه‌م 2019

کێشەی زوو دابەزینی بارگەی پاتری ڕووبەڕووی بەکارهێنەرانی OnePlus 6T دەبێتەوە

لە ماوەی ڕابردوودا هەندێک لە بەکارهێنەرانی مۆبایلی OnePlus 6T ڕووبەڕووی دابەزینی خێرای پاتری مۆبایلەکانیان بوونەوە ئەمەش ژمارەیەک بەکارهێنەر ئاماژەیان پێداوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی Reddit، لەم بارەیەوە یەکێک لە بەکارهێنەرانی مۆبایلەکە ئەوەی ئاشکرا کرد مۆبایلەکەی ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە بووەتەوە و لە ئێستاشدا پاتری مۆبایلەکەی بە شێوەیەکی خێرا دادەبەزێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی هەستاوە بە جێبەجێکردنی سەرجەم ئەو کارانەی دەبنە هۆی پاشەکەوتکردنی وزە وەک داخستنەوەی ئەو ئەپانەی لە بەشی پشتەوە Backgraound کاردەکەن لەگەڵ سڕینەوەی بیرگەی کاتی و نوێکردنەوەی مۆبایلەکەش بۆ نوێترین وەشان.

سەرەڕای ئەنجامدانی ئەم کارانە هێشتاش کێشەکە لە مۆبایلەکە بوونی هەبووە، ئەمە لە کاتێکدایە بەکارهێنەرێکی دیکە ئاماژەی بەوە داوە لە پێشووتردا مۆبایلەکەی بۆ ماوەی 6 بۆ 7 کاتژمێر کاریدەکرد بەڵام پاش ماوەیەک پاتری مۆبایلەکە تەنها بەرگەی 4 کاتژمێر لە بەکارهێنانی دەکرد، شایەنی ئاماژە پێدانە وەن پڵەس توانستی 3700 ملی ئەمپێری بۆ پاتری OnePlus 6T بەردەستکردووە ئەمەش زۆرترین توانستی پاتریە لە مۆبایلەکانی وەن پڵەس لەگەڵ ئەوەشدا مۆبایلەکە بە بارگاویکردنەوەی بۆ ماوەی تەنها 30 خولەک پێویستە هەموو ڕۆژەکە کاربکات.

سەرەڕای هەبوونی کێشەی لەم جۆرە و نەبوونی چارەسەر و هۆکارێکی دیاریکراو، هەندێک لە بەکارهێنەرانی OnePlus 6T ئەوەیان ئاشکرا کردووە لە پای دابەزینی خێرای پاتری مۆبایلەکەشدا پلەی گەرمی مۆبایلەکە بە ڕێژەیەکی هەست پێکراو بەرز دەبێتەوە، بەڵام بە ئەنجامدانی دووبارە ڕێکخستنەوە و گێڕانەوەی مۆبایلەکە بۆ دۆخی کۆمپانیا Factory Data Reset مۆبایلەکە گەڕاوەتەوە باری ئاسایی خۆیی و کێشەکە چارەسەر بووە.

OnePlus-6T

تاگەکان OnePlus 6T
بۆچونی تۆ