گووگڵ

گووگڵ دوا ڕێکەوتی لەکارخستنی + Google ـی ئاشکرا کرد

لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا کۆمپانیای گووگڵ بە فەرمی ڕایگەیاند کە بەمنزیکانە تۆڕی کۆمەڵایەتی + Google بە یەکجاری و بۆ هەتاهەتایە دادەخات، چەند ڕۆژێکە کۆمپانیاکە سەرقاڵی ڕەوانەکردنی ئاگادارکردنەوەیە بۆ بەکارهێنەرانی تۆڕەکە لە ڕێگای پۆستی ئەلکترۆنی(ئیمەیڵ) ـەوە.

لە پۆستە ئەلکترۆنییە ڕەوانە کراوەکانی کۆمپانیاکە بۆ بەکارهێنەرانی تۆڕەکە ئاماژەی بە کۆتا ڕێکەوتی لەکارخستنی داوە، گووگڵ 2 ـی مانگی 4 ـی ئەمساڵی دیاری کردووە بە کوژاندنەوەی سێرڤەری تۆڕەکە بۆ هەتا هەتایە بە هۆی کەمی ژمارەی بەکارهێنەران، هەروەها داوای لە بەکارهێنەران کردووە لە پێش ڕێکەوتە ئاماژە پێدراوەکە و لەکارخستنی تۆڕەکەوە لەم بەستەرەوە سەرجەم زانیارییەکانی هەژماری + Google ـەکەیان دابگرن.

هەروەها کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە داوە کە لە دوای 4 ـی ئەم مانگەوە درووستکردنی هەژمار، پەڕە، کۆمەڵگا و بۆنەکان لە تۆڕەکەدا دەوەستێندرێت و چیدیکە ناتوانرێت ئەرکە ناوبراوەکان ئەنجام بدرێن. هەروەها کۆمپانیاکە داوا لە خاوەن کۆمەڵگاکانی تۆڕەکە دەکات لەم بەستەرەوە سەرجەم بڵاوکراوەوە و چالاکییەکان دابگرن.

درێژەی پۆستە ئەلکترۆنییەکە نێردراوەکەی کۆمپانیاکە:

وەکو ئاماژەی پێدراوە، تکایە لە پێش ڕێکەوتی 2 ـی مانگی 4 ـی ئەمساڵ و پێش داخرانی تۆڕەکە گشت زانیارییەکانی هەژمارەکەت لە تۆڕەکە لە ڕێگای ئەم بەستەرەوە دابگرە.

ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەی گووگڵ کە لە ساڵی 2011 ـەدا بۆ ڕکابەری فەیسبووک و تویتەر و ئەوانی دیکە ڕایگەیاند، تەمەنی چەند مانگێکی کەمی ماوە و لە ئێستادا دوا ساتەکانی بەڕێ دەکات.

3 شوبات، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. لەگەڵ جیهانی تەکنەلۆژیادا تێکەڵم و ئاگاداری دواین هەواڵەکانی تەکنەلۆژیام بە گشتی. خولیام بۆ ته‌كنه‌لۆژیا وای كرد كه‌ له‌ كه‌ی ئای تی ئێن درێژە بە خزمەتەکانم بدەم و بەردەوامبم لە گەیاندنی هەواڵە گرنگ و نوێیەکانی تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی درووست بە خوێنەرانی کورد.
244