پزیشک و سەلامەتی
5, شوبات 2019
کاتژمێری زیرەکی Apple Watch بووە هۆی ڕزگارکردنی ژیانی کەسێک

کاتژمێری زیرەکی Apple Watch یەکێکە لە باشترین ئەو ئامێرانەی ئەپڵ کە تاوەکو ئێستا بەرهەمی هێنابێت، هاوکات خواستێکی زۆری لەسەرە و یەکێکە لە پێشەنگەکانی جیهانی کاتژمێرە زیرەکەکان. لە ساڵی ڕابردوودا ئەپڵ زنجیرەی چوارەمی لە کاتژمێرەکە نمایشکرد کە خاوەنی تایبەتمەندی ڕاپۆرتدانی تەندرووستی (ECG) و تایبەتمەندی درکپێکردنی کرداری کەوتن (fall detection functionality) بوو. تایبەتمەندییە ئاماژەپێدراوەکەی کۆتایی ژیانی هاوڵاتییەکی نەرویجی ڕزگارکرد و لە مردن گەڕاندییەوە.
بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی NRK بەڕێز Toralv Østvang ـی تەمەن 67 ساڵ و بە ڕەگەز نەرویجی بە گیانی خوێناوی و لە هۆش خۆ چووەوە لە گەرماوی ماڵەکەیدا دۆزراوەتەوە، ڕاپۆرتەکە دەڵێت Østvang لە گەرماوەکەیدا کەوتبوو و زنجیرەی چوارەمی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch ـی لەدەستتدا بووە، لە کاتی کەوتنیدا کاتژمێرە زیرەکەکەی دەستی ڕاستەوخۆ و لە دوای کەوتنی پەیوەندی بە فریاکەوتنی تەندرووستییەوە کردووە.
کچەکەی Østvang دەڵێت وا دیارە باوکی لە نیوەی شەودا چووەتە گەرماو، بەڵام بوورابووەوە و بە زەویدا کەوتبوو، بەمەش 3 ئێسکی دەمووچاوی شکا. کچەکە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت:
لەوانەیە زیاتر لەوە خراپتری لێ بەسەردا بهاتبایە، بە درێژایی بەیانییەکە دەمانپرسی “چی ڕووی دەدا ئەگەر کاتژمێرە زیرەکەکەی لەدەستدا نەبووایە؟” ئەو مۆبایلەکەی لەگەڵ خۆیدا نەبردوو بۆ گەرماو. ناوازەیە کە بەم شێوەیە و بە خێرایی یارمەتی درا تاوەکو پۆلیس دۆزییەوە. ڕەنگە کاتژمێرەکە ژیانی پاراستبێت.
هەروەها کچەکە ڕایگەیاندبوو کە باوکی پێشووتر بایەخی بە سیستەمەکانی وریاکەرەوە نەدابوو، هەر بۆیە دیارە کە ئاگادارکردنەوەی فریاکەوتنەکە دەگەڕێتەوە بۆ تایبەتمەندی درکپێکردنی کرداری کەوتن لە زنجیرەی چوارەمی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch.
ئەمە یەکەم جار نییە کە کاتژمێری زیرەکی Apple Watch ژیانی یەکێک ڕزگار بکات، بەڵکو لە ماوەی ڕابردوودا پیاوێکی تەمەن 65 ساڵی سوویدی ژیانی بۆ گەڕایەوە لە ڕێگای تایبەتمەندی درکپێکردنی کردارەکانی کەوتن (fall detection functionality).
زنجیرەی چوارەمی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch خاوەنی تایبەتمەندی درکپێکردنی کرداری کەوتن (fall detection functionality) ـە، تایبەتمەندییەکە بە شێوەیەک کار دەکات ئەگەر جوڵەی هاوشێوەی کەوتنت ئەنجامدا ئەوا کاتژمێرە زیرەکەکە تاوەکو 1 خولەک چاوەڕێ دەکات ئەگەر کەوتنەکەت ئاسایی و زیان بەخش نەبوو ئەوا پێویستە پەنجە بە دوگمەی Cancel بنێیت، بەڵام ئەگەر لە دوای 1 خولەکەکە پەنجەت بە دوگمەی Cancel نەنا ئەوا Apple Watch ـەکەت درک دەکات کە حاڵەتەکەت نائاساییە و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە فریاکەوتن دەکات.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو، هەوادار و گەشەپێدەری سەکۆکانی ئەپڵ.