ئەپ و نەرمەکاڵا
9, شوبات 2019
ئەپێکی نایاب بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی بە بەکارهێنانی ڤیدیۆ

لاپتۆپ و مۆبایل و تەکنەلۆژیا بە گشتی زۆر بڵاوبوونەتەوە و بەشێکی زۆری ژیانمان داگیر دەکەن، گرنگە بتوانین سوودیان لێ وەربگرین و شت فێرببین بەهۆیانەوە نەوەک تەنها بۆ یاریکردن و کوشتنی کات بەکاریانبهێنین.
یەکێک لەو شتە گرنگانەی دەتوانین فێریان ببین زمانی ئینگلیزییە کە لە جیهانی ئەمڕۆدا زۆر پێویستە، کۆمەڵێکی باش ئەپ هەیە بۆ فێربوونی زمان، یەکێک لەوانەش RedKiwiیە کە لە ئەندرۆید و iOS بەردەستە و پێشتر ناوی Mimikingبوو و دواتر ناوەکەی گۆڕدرا.

لەم ئەپەدا سەیری ڤیدیۆ دەکەیت و ڕاهێنانی گوێگرتن و قسەکردن دەکەیت، یاخود تەنها یەکێکیان ئەگەر ویستت، ئەوەی لە ڤیدیۆکە دەیبیستیت وشەکانی دێنە بەردەستت و ڕستەکان رێک دەخەیتەوە، ئەمەش ڕاهێنانی گوێگرتنە، یاخود ئەوەی گوێت لێی دەبێت دەیڵێیتەوە، ئەمەش ڕاهێنانی قسەکردن.

دەتوانیت بە دڵی خۆت لە ٣ ئاستی قورسی و ئاسانی و لە ٣ ئاستی درێژی ماوە ڤیدیۆکان هەڵببژێریت، تەنانەت دەتوانیت لە نێوانی ئینگلیزی یەمریکی و بەریتانی و ئوستڕالی هەڵببژێریت، ئەمە جگە لە هەڵبژاردنی بابەتی ڤیدیۆکە، کۆمیدیا، چاوپێکەوتن، فیلم، هەواڵ…هتد.
جگە لە هەموو ئەوانەش دەتوانیت سەیری ئامارەکانی فێربوونی ڕۆژانەی خۆت بکەیت و ئامانج دیاری بکەیت، دەشتوانیت ئەو ڕستانەی لات گرنگ و مەبەستن بیانکەیتە Bookmark و بیانپارێزیت بۆ دووبارە پێداچوونەوە.

تەنانەت دەتوانیت فێری چینیش ببیت! و بەم زووانە هەریەک لە کۆری و ژاپۆنیش!
داگرتن بۆ ئەندرۆید
داگرتن بۆ iOS
محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.