ئای ئۆ ئێس

لە وەشانی iOS 12.1.4ـدا ئەپڵ تایبەتمەندیەکی گرنگی بۆ بەکارهێنەران بەردەستکردووە

بە پێی دەنگۆکان کۆمپانیای ئەپڵ وا دیارە دەیەوێت لە بەرواری 25/3/2019 و لە بۆنەیەکدا خزمەتگوزاری پەخشکردنی فیلم و زنجیرەکان و پڕۆگرامە تەلەفیزیۆنیەکانی تایبەت بە خۆی ڕابگەیەنێت، لە میانەی ئەم کارەیدا کۆمپانیای ئەپڵ هەستاوە بە ئەنجامدانی چەند گۆڕانکاریەک لە شێوازی بەڕێوەبردنی بەکارهێنەران بۆ بەشداریکردنەکانیان.

هەروەها وەک بەشێکیش لە نوێکاری iOS 12.1.4 ئەپڵ هەستاوە بە گۆڕانکاریکردن لە کۆگای iTunes App Store بە شێوەیەک لە ئێستادا بەکارهێنەران دەتوانن بە ئاسانی بەشداریکردنەکانیان بەڕێوە ببەن و چاوی پێدا بخشێنن، وە بە کردنەوەی کۆگای ئەپ ستۆر بەکارهێنەرانی ئای ئۆ ئێس تێبینی بوونی هەڵبژاردەی Manage Subscriptions دەکەن لە لیستەکەدا و بە کردنەوەشی بینەری بەشداریکردنەکانیان دەبن و دەتوانن بەڕێوەی ببەن.

پێش ئەنجامدانی ئەپڵ بۆ ئەم گۆڕانکاریە پێویست بوو بەکارهێنەران تا ڕادەیەک بگەڕێن بە شوێن ئەو بەشداریکردنانەی ئەنجامیانداوە لە خزمەتگوزاریەکاندا و ئەمەش لە لای زۆرێک لە بەکارهێنەران سەخت بوو، هەر بەم هۆیەوە هەندێک کات بەکارهێنەران هەڵدەستان بە نوێکردنەوەی بەشداریکردنەکانیان لە ئەپ و خزمەتگوزاریەکان بێ ئەوەی ئاگاداری ئەوە بن پێشووتر بەشداریان تێدا کردووە یاخود چیدیکە پێویست ناکات بەشداری بکەنەوە یان لەوانەیە بە شێوازێک فێڵیان لێکرابێت هەتاوەکو بەشداری بکەنەوە.

هەر بۆیە کۆمپانیای ئەپڵ بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ بەرەنگاربوونەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ڕێگایانەی فێڵ لە بەکارهێنەر دەکات و وای لێدەکات بەشداری بکات لە ئەپ و خزمەتگوزاریەکان، وەک هەنگاوێکیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم فێڵ کردنە کۆمپانیای ناوبراو چەند ڕێکارێکی گرتووەتە بەر و وای کردووە زۆر قورس بێت لەسەر گەشەپێدەران فێڵ لە بەکارهێنەران بکەن بۆ بەشداریکردن لە ئەپ و خزمەتگوزاریەکاندا.

17 شوبات، 2019
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
802