ئێڵ جی 19, شوبات 2019

وێنە و زانیارییەکانی یەکەمین مۆبایلی کارکردووی LG بە 5G دزەیان پێکرا

کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی جیهانی مۆبایل MWC 2019 نزیک بووەتەوە، کۆمپانیای LG ـیش لە ئامادەکاریدایە بۆ نمایشکردنی یەکەمین مۆبایلی کارکردووی بە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G لە کۆنگرەکەدا.

پێگەی The Verge چەند زانیارییەکی دزەپێکراوی لەسەر مۆبایلی داهاتووی LG بڵاوکردۆتەوە. پێگەیە ئاماژەی داوە کە مۆبایلی LG V50 یەکەمین مۆبایلی کۆمپانیاکە دەبێت کە پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G بکات. وێنەیەکی دزەپێکراو لە تویتەر لە لایەن Evan Blass ـەوە بڵاوکراوەتەوە کە دیزاینی مۆبایلەکە دەخاتە ڕوو.

بە پێی وێنە دزەپێکراوەکە بێت، مۆبایلەکە لە پشتەوە خاوەن 3 کامێرا و هەستەوەری پەنجەمۆر دەبێت. پێگەکە زانیاری کەمی دەربارەی مۆبایلەکە ئاشکرا کردووە، ڕایگەیاندووە کە مۆبایلەکە خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 6 ئینج لەگەڵ پڕۆسێسەری 7 نانۆمەتری لە جۆری Snapdragon 855 و لەگەڵ پاترییەک بە توانستی 4.000 ملی ئەمپێر/کاتژمێر، هەروەها خاوەن دەرچەی بیستۆکی 3.5 ملی مەتری دەبێت. پێشبینی دەکرێت لە ڕێکەوتی 24 ـی ئەم مانگەدا نمایش بکرێت.

کۆنگرەی جیهانی مۆبایل MWC 2019 وا بڕیارە لە 25 ـی مانگی داهاتووەوە لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا دەستپێبکات و 3 ڕۆژ دەخایەنێت، کە تێیدا چەندان بەرهەمی نوێی مۆبایل لە لایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکان نمایش دەکرێت.

سەرچاوە :
تاگەکان 5G LG LG V50 MWC 2019 هەواڵ
بۆچونی تۆ