ئەندرۆید

3 لە باشترین ئەپەکانی ڕێگریکردن لە ڕیکلامە بێزارکەرەکان بۆ بەکارهێنەرانی ئەندرۆید

بێگومان ڕۆژێک لە ڕۆژان و لە کاتی بەکارهێنانت بۆ ماڵپەڕێک یاخود ئەپێک تێبینی بوونی ڕیکلامت کردووە لە نێو ئەپەکەدا، ئەمەش لە لای زۆرێکمان بێگومان بێزارکەرە، هەر بۆیە گەشەپێدەری ئەپەکان هەڵدەستن بە پێدانی هەڵبژاردە بە بەکارهێنەر ئەویش گەر بەشداری نوێبووەوە یان تەنها بۆ جارێکیش بێت بکات، ئەمەش زۆر جار تەنها چەند دۆلارێکە.

بەڵام گەر بتەوێت ماڵپەڕ و ئەپەکان بێ هیچ ڕیکلامێک بەکاربهێنیت ئەوا دەتوانیت لە ڕێگای کۆمەڵێک ئەپەوە ئەم کارە ئەنجام بدەیت و خۆتیان لێ ڕزگار بکەیت، هەر بۆیە لەم بابەتەدا سێ لە باشترین ئەو ئەپانەتان بۆ پێشنیار دەکەین کە بەم کارە هەڵدەستن.

Adblock

بێگومان لەوانەیە ناوی ئەم ئەپەت بیستبێت هۆکاری ئەمەش ئەوەیە گەشەپێدەری ئەم ئەپە خاوەنی زیادکراوەی بەناوبانگی Adblock Plusـە، شایەنی باسە ئەپەکە پێویستی بە دەسەڵاتی ڕووت نییە لەسەر مۆبایلەکەت و تەنها بە ئەنجامدانی ڕێکخستنە سەرەتاییەکان دەتوانیت ئەپەکە چالاک بکەیت، پاش ئەمە ئەپەکە لە Backgroundـی مۆبایلەکەتدا کاردەکات و ڕیکلامەکان دەسڕێتەوە و ڕێگریان لێ دەکات.

AdGuard

بە هەمان شێوەی ئەپەکەی پێشوو لە بەشی پشتەوە کاردەکات بۆ ڕێگریکردن لە ڕیکلامەکان، بەڵام جیاواز لە ئەپەکانی دیکە هەڵدەستێت بە پیشاندانی ئامارێک لە بارەی ئەو ڕیکلامانەی ڕێگری لێ کردووە، جۆری خۆڕایی لە ئەپەکە هەڵدەستێت بە سڕینەوەی ڕیکلامەکان بە تەنها لە وێبدا بەڵام جۆرە بە پارەکەی هەڵدەستێت بە ڕێگریکردن لە ڕیکلامی نێو ئەپەکان ئەمەش بە بەشداریکردنی مانگانەی 25$ دۆلارە.

Blockada

کۆتا ئەپیش کە خوودی خۆم بەکاریدەهێنم و پێشنیاریشی دەکەم بۆ هەموو کەسێک ئەپی Blockadaـە، ئەم ئەپە ڕووکارێکی سادە و ئاسانی هەیە بۆ بەکارهێنان و پاش چالاکردنی لە ڕێگای VPNـەوە هەڵدەستێت بە بلۆککردنی ڕیکلامی نێو ئەپ و تەنانەت ماڵپەڕەکانیش، لەگەڵ ئەمانەشدا ئەپەکە بە تەواوی خۆڕاییە و پێویست بە هیچ بەشداریکردنێک ناکات.

20 شوبات، 2019
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
807