10
ئێڵ جی 24, شوبات 2019

کۆمپانیای LG مۆبایلی LG G8 ThinQ ـی بە تایبەتمەندی ناسێنەرەوەی دەست (Hand ID) ـیەوە نمایشکرد

لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی جیهانی مۆبایل Mobile World Congress ـدا لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا کۆمپانیای LG ـی کۆری نوێترین مۆبایلی خۆی بە تایبەتمەندی نوێوە نمایشکرد.

مۆبایلە نوێیەکەی LG ناوی LG G8 ThinQ ـە و خاوەنی 3 هەستەوەری قفڵ کردنەوەیە، هەستەوەرەکان بریتین لە هەستەوەری پەنجەمۆر و هەستەوەری ناسێنەرەوەی دەموچاو و هەستەوەری ناسێنەرەوەی دەست. لە ڕێگای هەستەوەری ناسێنەرەوەی دەستەوە دەتوانیت بە نزیککردنەوەی دەستت لە مۆبایلەکە قفڵەکەی بکەیتەوە.

لە پێشوودا کۆمپانیاکە لە ژێر درووشمی goodbye to touch (ماڵئاوا دەست لێدان) ـەوە چەند بڵاوکراوەیەکی هەبوو، ئەمەش مانای ئەوەی دەگەیاند کە ڕەنگە کۆمپانیاکە کۆتایی بە ڕوونمای بەرکەوتەیی بهێنێت. بەڵام کۆمپانیاکە تایبەتمەندی Air Motion Gestures ـی لە نێو مۆبایلی LG G8 ThinQ ـدا داناوە کە نیشانەیە بۆ درووشمەکە، تایبەتمەندییەکە ڕێگە بە بەکارهێنەران کە لە ڕێگای چەند کردارێکەوە و بە بێ دەست لێدان بتوانن چەند ئەرکێکی وەکو؛ تەلەفۆن کردن، گۆڕینی میوزیک، کوژاندنەوەی وریاکەرەوە و چەندان ئەرکی دیکە ئەنجام بدەن.

ڕوونمای مۆبایلەکە لە جۆری Crystal Sound OLED ـە، ئەمەش وادەکات کە جۆرایەتییەکی باشتر ببەخشێت بە دەنگی مۆبایلەکە و دەنگەکان سەرنجڕاکێشتر بگوازرێنەوە.

مۆبایلەکە خاوەن 2 کامێرایە لە پشتەوە بە ڕوونی 12 و 16 مێگاپێکسڵ لەگەڵ کامێرایەک لە پێشەوە بە ڕوونی 8 مێگاپێکسڵ، پڕۆسێسەری جۆری Snapdragon 855 ـی لەسەر جێگیرە و خاوەن ڕامێکە بە فراوانی 6 گێگابایت لەگەڵ پاترییەک بە توانستی 3.500 ملی ئەمپێر/کاتژمێر. هەروەها خاوەن دوگمەی تایبەتە بە کارپێکردنی خزمەتگوزاری دەنگی Google Assistant.

گشت تایبەتمەندییەکانی مۆبایلی LG G8 ThinQ:

  • ڕوونما: قەبارە 6.1 ئینج بە وردی نیشاندانی3120 بە 1440 پێکسڵ لە جۆری OLED، پشتگیری کردن لە HDR10.
  • پڕۆسێسەر: Qualcomm Snapdragon 855.
  • گرافیک: Adreno 640.
  • ڕام: 6 گێگابایت لە جۆری LPDDR4.
  • بیرگە: 128 گێگابایت (زیادکردن لە ڕێگای microSD تاوەکو 2 تێرابایت).
  • ئەستووری: 8.4 ملیمەتر.
  • کێش: 167 گرام.
  • پاتری: 3.500 ملی ئەمپێر/کاتژمێر.
  • بارگاویکردنەوە: وەشانی سێیەمی بارگاویکەرەوەی خێرای Qualcomm.
  • کامێرای پشتەوە: یەکەم: 12 مێگاپێکسڵ بە تیرەی f/1.5. دووەم: 16 مێگاپێکسڵ بە تیرەی f/1.9.
  • کامێرای پێشەوە(سێڵفی): 8 مێگاپێکسڵ بە تیرەی f/1.7.
  • هەستەوەری ئاسایشی: هەستەوەری پەنجەمۆر(Rear-mounted fingerprint scanner)، هەستەوەری ناسێنەرەوەی دەموچاوی 3 دووری (3D Face Unlock)، هەستەوەری ناسێنەرەوەی دەست (Hand ID).
  • دەرچە: USB-C ، دەرچەی بیستۆک بە قەبارەی 3.5 ملیمەتر.
  • دەنگ: Hi-Fi Quad DAC ، DTS:X 3D Boombox ،  Crystal Sound OLED Stereo ، MQA.
  • ڕەنگ: ڕەش ، سوور ، ڕەشی زیوی.
  • سیستەمی کارپێکەر: LG UX (بنچینەکراو لەسەر Android 9 Pie).

نرخ و کاتی بەردەستکردنی مۆبایلەکە تا ئەم ساتە ئاشکرا نەکراوە.

تێبینی: ئەمانە گشت زانیارییەکانن کە لەبەر دەستماندان تا ئەم ساتە. لە داهاتوودا ئەم بابەتە نوێ دەکرێتەوە بە مەبەستی زیادکردنی وردەکاری زیاتر.

بۆچونی تۆ