هەواڵ 26, شوبات 2019

بە هۆی هەڵەیەوە سەرجەم کەسایەتیەکانی نێو یاری Red Dead Redemption 2 دیارنامێنن!

بێگومان یەکێک لەو هۆکارانەی وا دەکات یاری Red Dead Redemption 2 ناوازە و جیاواز بێت کاردانەوەی جیاوازی کەسایەتی یاخود تەنانەت ئاژەڵەکانی نێو یاریەکەیە لەگەڵ کەسایەتی سەرەکیدا، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا بەکارهێنەرانی سەکۆی ئێکس بۆکس وەن ئەوەیان ئاشکرا کرد بە هۆی هەڵەیەکەوە سەرجەم کەسایەتیەکانی نێو یاریەکە دیارنامێنن و تەنها خانووە بەتاڵەکان و کەرەستەکانی تێدا دەمێنێتەوە.

ناڕەزایی یاریکەرانیش لەم بارەیەوە سەرەتا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە دەستی پێکرد و تیایدا یاریکەران ناڕەزاییان دەربڕی لە بارەی دیارنەمانی کەسایەتیەکانی نێو یاریەکە، تەنانەت هەندێک لە یاریکەران ئاماژەیان بەوەدا تووشی سەرسوڕمان بوون پاش ئەوەی هەستاون بە تەواوکردنی یەکێک لە ئاستەکانی نێو یاریەکە و پاش ئەمە تێبینیان کردووە سەرجەم مرۆڤ و ئاژەڵەکانی نێو یاریەکە بوونیان نەماوە.

هەروەها هەندێک یاریکەری دیکە ئاماژەیان بەوەدا ئەسپەکەیان دەرناکەوێتەوە لە خاڵی Respawnـدا، یاخود ئەگەریش دەربکەوێت ئەوا بە شێوەیەکی نادیار دەبێت واتە لە کاتی سواربوونی ئەسپەکەدا وا دەردەکەوێت کەسایەتیەکە لەسەر هەوایە، هەرچەندە ئەمە لەوانەیە بەلای زۆرینەمانەوە شتێکی ناوازە بێت بەڵام لە کۆتاییدا ئەمە کێشەیەکە و پێویستە چارەسەر بکرێت.

هەموو ئەو کێشانەی سەرەوە باسمان لێوەکردن بە زۆری ڕوویان داوە لەگەڵ ئەو کەسانەی لە دۆخی سەرهێڵ Red Dead Onlineـدا بوون و وای لێکردوون بە ناچاری دووبارە یاریەکە کارپێبکەنەوە هەتاوەکو ڕزگاریان ببێت لەم هەڵەیە، لە ئێستادا یاریکەران چاوەڕێی ڕەوانەکردنی نوێکارین لە لایەن کۆمپانیای ڕۆکستارەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.

تاگەکان Red Dead Redemption 2
بۆچونی تۆ