10
ئۆتۆمبێل 27, شوبات 2019 بۆچوون

کۆمپانیای Toyota هەردوو سەکۆی CarPlay و Android Auto بۆ ئۆتۆمبێلی Corolla زیاد دەکات

کۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنی بەردەوامە لە زیادکردنی سەکۆیەکانی CarPlay و Android Auto بۆ ئۆتۆمبێلە نوێیەکانی، هەروەک لە پێشوودا کۆمپانیاکە هەردوو سەکۆکەی بۆ مۆدێلی ساڵی 2019 ـی ئۆتۆمبێلەکانی Avalon و Camry و Corolla Hatchback و C-HR و RAV4 و Sienna زیادکرد. کۆمپانیاکە ڕایگەیاند هەردوو سەکۆی CarPlay و Android Auto بۆ مۆدێلی ساڵی داهاتووی ئۆتۆمبێلی Corolla زیاد دەکات.

لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا کۆمپانیای تۆیۆتا ڕایگەیاند کە سەکۆیەکانی CarPlay ـی ئەپڵ و Android Auto ـی گووگڵ پشتگیری لە مۆدێلی 2020 ـی ئۆتۆمبێلی Corolla دەکەن. کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەدا کە مۆدێلە نوێیەکەی ئۆتۆمبێلی Corolla خاوەن ڕوونمایەک دەبێت لە جۆری Toyota Entune 3.0 بە قەبارەی 7 ئینج و قەبارەی 8 ئینج بۆ جۆری LE ـی ئۆتۆمبێلەکە.

هەروەها کۆمپانیاکە ڕایگەیاند لە مانگی داهاتووەوە دەست دەکرێت بە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە نرخی دەستپێکی 19.500$ ـەوە.

سەکۆی CarPlay تایبەتە بە کۆمپانیای ئەپڵ و بە سیستەمی iOS کار دەکات و سەکۆی Android Auto ـش تایبەتە بە کۆمپانیای گووگڵ و بە سیستەمی Android کار دەکات و هەردوو سەکۆکە تایبەتن بە نێو ئۆتۆمبێل. کۆمپانیاکانی دیکەی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل بەردەوامن لە زیادکردنی هەردوو سەکۆکە بۆ نێو ئۆتۆمبێلەکانیان بە مەبەستی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی شۆفێران و کڕیارانیان.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ