ڕێنمایی

سوودی بوخچەی $SysReset چییە لە ویندۆزدا؟ ئایا سڕینەوەی زیانی هەیە بۆ کۆمپیوتەرەکەم؟

بێگومان تۆ وەک بەکارهێنەرێکی سیستمی ویندۆز لەوانەیە تێبینی بوونی چەندین پەڕگە و بوخچەت کردبێت و لە هەمان کاتیشدا فەرمان و هۆکاری بوونی ئەم پەڕگە و بوخچانە لەوانەیە نەزانیت، هەر بۆیە ئێمە وەک کەی ئای تی ئێن هەوڵ دەدەین لە بابەتەکانی داهاتووماندا تیشک بخەینە سەر ژمارەیەک لەو پەڕگە و بوخچە نهێنیانەی لە ویندۆزەکەتدا بوونی هەیە و هەڵدەستین بە باسکردنیان لە بابەتێکی پوختدا.

لە بابەتی ئەمڕۆدا باس لە بوخچە (فۆڵدەر)ـی $SysReset دەکەین، دڵنیام تێبینی بوونی ئەم بوخچەیەت کردووە لەسەر ویندۆزەکەت، ئەگەریش هەتاوەکو ئێستا نەتبینیوە ئەوا بە کردنەوەی File Explorer پاشان چوونە نێو بیرگەی سەرەکی ئامێرەکەت Local Disk C پاشان لە لیستی سەرەوەدا بەشی View دابگرە و نیشانەی ڕاست لە هەڵبژاردەی Hidden items بدە، بە ئەنجامدانی ئەم کارانە لەوانەیە تێبینی دەرکەوتنی بوخچەی SysReset بکەیت.

کاری بوخچەی $SysReset چییە؟

سیستمی ویندۆز بە شێوەیەکی خۆکارانە و بە پێی کۆمەڵێک لە سیناریۆکان هەڵدەستێت بە دروستکردنی بوخچەی $SysReset، ئەمەش کاتێک ڕوودەدات تۆی بەکارهێنەر هەوڵی دووبارە جێگیرکردنەوەی ویندۆز دەدەیت لەسەر کۆمپیوتەرەکەت یاخود دەتەوێت ویندۆزەکەت لە وەشانێکەوە نوێ بکەیتەوە بۆ وەشانێکی دیکە، لە میانەی ئەنجامدانی ئەم کارەدا لەوانەیە هەندێک هۆکار ببنە هۆی سەرنەکەوتنی پڕۆسەکە و جێگیرنەبوونی ویندۆز لەسەر ئامێرەکەت.

هەر بۆیە لەم کاتەدا سیستمی ویندۆز ڕاستەوخۆ هەڵدەستێت بە دروستکردنی بوخچەی $SysReset، ئامانجیش لەم کارە پاراستنی سەرجەم ئەو پەڕگانەیە کە پەیوەندیدارن بە هۆکاری سەرنەکەوتنی پڕۆسەی جێگیرکردنی ویندۆزەکە، بێگومان ئەمەش کارێکی گرنگە و زۆرینەی کات دەبێتە هۆی پاراستنی ویندۆزەکەت و زانینی هۆکاری سەرنەکەوتنی جێگیرکردنی ویندۆز.

سوودی بوخچەی $SysReset چییە؟

پاش ئەوەی زانیمان کاری ئەم بوخچەیە چییە پێویستیشە بزانین سوودی $SysReset چییە، بە دڵنیایەوە گەر هەوڵی کردنەوەی بوخچەکەت دابێت ئەوا پاش کردنەوەی تێبینی بوونی 5 بوخچەی دیکە دەکەیت لە نێو $SysResetـدا، گرنگترینیان بوخچەی Logsـە، گرنگی ئەم بوخچەیە لەوەدایە هەڵدەستێت بە پاراستنی کۆمەڵێک پەڕگەی نووسین و بەڵگەنامەی گرنگی XML ئەمانەش بە دڵنیایەوە ڕۆڵێکی گرنگیان دەبێت لە چارەسەرکردن و زانینی هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی نوێکردنەوەی وەشانی ویندۆز یان دووبارە جێگیرکردنەوەی ویندۆز یان دووبارە گێڕانەوەی ڕێکخستنەکان بۆ دۆخی یەکەمجار.

گرنگی ئەمەش لەوەدایە لە ڕێگای ئەم پەڕگە نووسینەکیانەوە دەتوانیت بینەری هۆکاری سەرەکی کێشەکە ببیت ئەویش لەوانەیە نەدۆزینەوەی پەڕگەیەکی دیاریکراو یان هەر شتێکی دیکە بێت، هەر بۆیە گەر دەتەوێت ویندۆزەکەت نوێ بکەیتەوە یان وەشانەکەی نوێ بکەیتەوە بە سەرکەوتوویی و بێ کێشە، ئەوا پێویستە چارەسەری ئەو کێشانەی بکەیت کە لە نێو پەڕگەکاندا دەردەکەوێت، هەروەها جێگای ئاماژە پێدانە لە نێو بوخچەی Logsـدا پەڕگەیەک هەیە بە ناوی etl، کاری ئەم پەڕگەیە بریتییە لە ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی تەواو و پوخت لە بارەی کێشەکە، هەر بۆیە ئەگەریش خۆت شارەزایت نەبێت لە زانینی هۆکاری کێشەکە ئەوا بە ناردنی ئەم پەڕگەیە بۆ کەسێکی شارەزا دەتوانیت چارەسەر بۆ کێشەکەت بدۆزیتەوە.

ئایا سڕینەوەی بوخچەی $SysReset زیان بە کۆمپیوتەرەکەم دەگەیەنێت؟

زۆرینەی کات ئەم بوخچەیە قەبارەیەکی زۆر لە بیرگەی کۆمپیوتەرەکەت داگیر ناکات و لەوانەیە قەبارەکەی 1 مێگابایت یان کەمتر بێت، بەڵام ئەگەر حەز بە سڕینەوەی ئەم بوخچەیە دەکەیت و پێویستت بە زانیاریەکانی نێوی نییە ئەوا بە ئاسانی دەتوانیت لای ڕاستی ماوسەکەت دابگریت و پاشان هەڵبژاردەی سڕینەوە Delete دیاری بکەیت و بوخچەکە بسڕیتەوە، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا سڕینەوەی زیانی هەیە؟ لە وەڵامیشدا دەڵێین نەخێر هیچ زیانێکی نییە و کار لە توانای کۆمپیوتەرەکەت یاخود پەڕگە سەرەکیەکانی سیستمەکەت ناکات، بەڵام لە کاتی دووبارە جێگیرکردنەوەی ویندۆزەکەت یاخود نوێکردنەوەی وەشانەکەی ئەوا دووبارە ئەم پەڕگەیە خۆکارانە دروست دەبێتەوە.

28 شوبات، 2019
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
888