مۆبایل و تابلێت
1, ئازار 2019
کۆمپانیای Energizer مۆبایلی Power Max P18K Pop ـی بە پاترییەکی 18.000 ملی ئەمپێریەوە نمایش کرد

هەموو ساڵێک کۆنگرەی جیهانی مۆبایل MWC پڕی دەبێت لە بەرهەمی سەیر و سەمەرە، بۆ ئەمساڵیش کۆمپانیای Energizer ـی ئەمریکی تایبەت بە پاتری درووست کردن هاتە نێو مەیدانی مۆبایلە زیرەکەکان و مۆبایلێکی بە پاترییەکی زەبەلاحەوە لە کۆنگرەی MWC 2019 ـی چەند ڕۆژی ڕابردوودا نمایش کرد.
مۆبایلەکەی کۆمپانیای Energizer ناوی Energizer Power Max P18K Pop ـە و خاوەن فراوانترین پاتری مۆبایلی زیرەکە لە جیهاندا. بە شێوەیەک کە پاتری مۆبایلەکە توانای پێدانی وزەی هەیە بۆ بەکارهێنانی بەردەوام لە ماوەی 2 ڕۆژدا، هەروەها هەفتەیەک بۆ بەکارهێنانی ئاسایی.
بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانیە ئەستووری مۆبایلەکەیە، ئەستوورییەکەی دەگاتە 18 ملیمەتر، ئەمەش ئاسان نابێت بۆ جێگا کردنەوەی لە گیرفان و دەستدا. پاترییە زەبەلاحەکەی مۆبایلەکە 18.000 ملی ئەمپێرە، خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 6.2 ئینج لە جۆری IPS LCD. پڕۆسێسەری Mediatek Helio P70 ـی لەسەر جێگیرە و خاوەن ڕامێکی فراوانە بە قەبارەی 6 گێگابایت، لەگەڵ 3 کامێرا لە پشتەوە و 2 کامێرای دەرکەوتەدا لە پێشەوە.
گشت تایبەتمەندییەکانی مۆبایلی Energizer Power Max P18K Pop:
- ڕوونما: قەبارە 6.2 ئینج لە جۆری IPS LCD بە وردی نیشاندانی 1080 بە 2280 پێکسڵ.
- پڕۆسێسەر: Mediatek Helio P70.
- گرافیک: Mali-G72 MP3.
- ڕام: 6 گێگابایت.
- بیرگە: 128 گێگابایت.
- ئەستووری: 18 ملیمەتر.
- کێش: –
- پاتری: 18.000 ملی ئەمپێر/کاتژمێر.
- بارگاویکردنەوە: پشتگیری کردن لە بارگاویکردنەوەی خێرا بە توانای 18 وات.
- کامێرای پشتەوە: یەکەم: 12 مێگاپێکسڵ. دووەم: 5 مێگاپێکسڵ. سێیەم: 2 مێگاپێکسڵ.
- کامێرای پێشەوە(سێڵفی): یەکەم: 16 مێگاپێکسڵ. دووەم: 2 مێگاپێکسڵ.
- هەستەوەری ئاسایشی: هەستەوەری پەنجەمۆری لاتەنیشت.
- دەرچە: USB-C.
- ڕایەڵە: Wi-Fi 802.11 a/b/g/n/ac ، dual-band ، hotspot ، Bluetooth 5.0.
- ڕەنگ: ڕەش ، شین.
- سیستەمی کارپێکەر: Android 9 Pie.
مۆبایلەکە لە هاوینی ئەمساڵدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بەردەست دەکرێت، زانیاری دەربارەی ڕێکەوتی تەواوەتی بەردەستکردن و نرخی مۆبایلەکە نادیارن تا ئەم ساتە.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو، هەوادار و گەشەپێدەری سەکۆکانی ئەپڵ.