هەواڵ 2, ئازار 2019

یاری فۆرتنایت بیرۆکەیەکی گرنگی یاری Apex Legendsـی بردووە، ئایا ئەمە بردنی بیرۆکەیە و ئاساییە؟

لە ئێستادا نوێکاری وەرزی هەشتەمی یاری فۆرتنایت بەردەستە بۆ سەرجەم بەکارهێنەران و تیایدا کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە یاریەکەدا ئەنجام دراوە و هەندێک شتی وەک بەرەنگاربوونەوە و نهێنی و جل و بەرگی نوێی بۆ زیاد کراوە، بەڵام ئەوەی گەشەپێدەرانی یاریەکە باسیان لێوە نەکردووە یەکێکە لە تایبەتمەندیە گرنگ و سەرەکیەکان ئەویش سیستمی دیاریکردنی نوێ Ping System.

لە بارەی ئەم تایبەتمەندیەوە ئەوا Ping System لە ڕێگایەوە یاریکەر دەتوانێت ئاماژە بۆ چەکێک بکات، بە نموونە تۆ و هاوڕێکەت یاری دەکەن و هاوڕێکەت چەکی پێ نییە، وەک هاوکاریەک بۆ هاوڕێکەت دەتوانیت لە ڕێگەی ئەم تایبەتمەندیەوە ئاماژە بە شوێنی چەکێک بدەیت هەتاوەکو هاوڕێکەت بەکاریبهێنێت، هەروەها دەشتوانیت لە ڕێگایەوە ئاڕاستە یاخود شوێنی دوژمن بۆ هاوڕێکانت دیاری بکەیت، ئەمەش گونجاوە بۆ مەودایەکی بینینی نزیک.

هەروەها شایەنی ئاماژە پێدانە ئەم تایبەتمەندیە بۆ یەکەم جار لە یاری Apex Legendsـدا بەردەستکرا و بە دڵنیاییشەوە یاریکەران ئەمەیان بە دڵ بوو، بێگومان لەوانەیە بڵێیت پێشووتر ئەم تایبەتمەندیە بوونی هەبووە لە یاریەکی وەک پەبجیدا و تایبەت نییە بە ئەپێکس، بەڵام لێرەدا پێویستە ژینگەی هەردوو یاریەکە لەگەڵ شێوازی کارکردنی تایبەتمەندیەکەش لە بەرچاو بگرین، چونکە ئەم تایبەتمەندیە لە یاری ئەپێکسدا شێوازێکی هەیە و لە پەبجیشدا شێوازێکی دیکەی هەیە، بەڵام لە کۆتاییدا هەمان بیرۆکەیە، ئەویش دیاریکردنی شوێنی پێکهاتەیەکی دیاریکراو.

لەم ڤیدیۆیەدا دەتوانن بینەری تایبەتمەندی Ping System بن:-

تاگەکان Apex Legends Fortnite
بۆچونی تۆ