ئەپڵ

+Galaxy S10 بەرامبەر iPhone XS Max: بەراوردێکی چڕوپڕ

مۆبایلی +Galaxy S10 باشترینی سامسۆنگە و نرخی جۆری ١٢٨ گێگابایتەکەی کە پشتی شووشەیە نزیکەی ٧٢٥ دۆلار و جۆری ٥١٢ گێگابایتەکەی کە پشتی سیرامیکە نزیکەی ٩٦٠ دۆلارە لە کوردستان، iPhone XS Max یەکێکە لە ٣ نوێترین مۆبایلی ئەپڵ و بەرزترینیانە، نرخیشی بۆ جۆری ٦٤ گێگابایت نزیکەی ١٠٤٥ دۆلار و هی جۆری ٢٥٦ گێگابایت نزیکەی ١٢٠٠ دۆلار و هی جۆری ٥١٢ گێگابایت نزیکەی ١٣٠٠ دۆلارن لێرە، با بەراوردێکیان بکەین.

  • ‌هێز و خێرایی: ئایفۆنەکە بە پڕۆسێسەری A12 Bionic کاردەکات و خاوەن ٤گب ڕامە و گالەکسییەکە بە Exynos 9820 کار دەکات و خاوەن ٨گب ڕامە، لەسەر ئاستی CPU ئایفۆنەکە کەمێک بەهێزترە، بەڵام جیاوازی گەورە لە ئاستی گرافیک و GPUدایە و لەوەدا ئایفۆنەکە زۆر بەهێزترە! گالەکسییەکەش بەهێز و ئاست بەرزە بێگومان، لە بەرامبەریشدا گالەکسییەکە بەهۆی ئەوەی ڕامی زۆر زیاترە دەتوانێت ئەپی زیاتر بهێڵێتەوە و لە کاتی هاتوچۆ لە نێوانیان پێویست ناکات دووبارە چاوەڕێ بکەیت تاوەکوو load دەبنەوە، هەرچەندە iOS لەو ڕووەوە نایابە بەڵام هێشتا ٤گب کەمە بۆ ئەمڕۆ، ئەگەر ٦گب بووایە زۆر نایاب دەبوو!

براوە: iPhone XS Max

  • کامێرای سەرەکی: هەرچەندە ئایفۆنەکە خاوەن کامێرایەکی دووانە هاوێنەیی نایابە کە تیرەی چاوێکی زۆر باش و قەبارەی پیکسڵی گەورە و نایاب و چەندین تایبەتمەندی نایابی وەک OIS و تۆمارکردنی ڤیدیۆی هێواشی بە ڕوونی[email protected] هەیە و بە گشتی وێنەی ئێجگار نایاب دەگرێت و هاوێنەی دووەمی لە جۆری Telephotoیە کە ڕێگای پێدەدات زوومی بینایی(Optical)ی ٢ هێندە بکات، بەڵام گالەکسییەکە بە گشتی باڵادەستە و هەمەجۆرترە و سەرەڕای ئەوەی وەک ئایفۆنەکە خاوەن هاوێنەیەکی سەرەکی نایابە(کە خاوەن تایبەتمەندی Variable Apertureە) و خاوەن هاوێنەی Telephotoیە بۆ زووم کردن بە هەمان شێوە، خاوەن هاوێنەیەکی دیکەشە! کە لە جۆری Ultrawideە بۆ گرتنی وێنەی گۆشە ئێجگار فراوان، جگە لەوەش ماڵپەڕی DXOmark پلەیەکی بەرزتری بەخشیوە بە گالەکسییەکە.

براوە: +Galaxy S10

  • کامێرای پێشەوە: ئایفۆنەکە خاوەن کامێرایەکی ٧ مێگاپیکسڵە کە وێنەی زۆر جوان دەگرێت، بەڵام گالەکسییەکە لە پێشەوە ٢ هاوێنەی هەیە بە ڕوونییەکانی ١٠+٨ مێگاپیکسڵ کە دووەمیان لە جۆری Depth sensorە و جگە لەمەش هاوێنەی سەرەکی گالەکسییەکە تیرەی چاوەکەی باشترە و تەکنەلۆژیای Dual Pixelی هەیە و توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆی 4Kی هەیە و بە وتەی DXOmarkیش زۆر باشترە.

براوە: +Galaxy S10

  • بەرگەگرتنی پاتری: بەپێی ماڵپەڕی GSMarena و زۆرێک لە تاقیکردنەوەکانی یوتیوبەرە بەناوبانگەکان بەرگەگرتنی گالەکسییکە باشترە، سەرەڕای ئەوەی iOS زۆر باشە لە لایەنی تەمەنی پاتری و پڕۆسێسەرە نایابەکەی A12 Bionicیش هاوکارە مۆبایلەکە بەو پاترییە فراوانی کەمەی کە هەشییەتی بەرگەگرتنێکی باشی هەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا فراوانی پاتری گالەکسییەکە ئێجگار زیاترە و بۆیەشە تەمەنی پاترییەکەی باشترە.

براوە: +Galaxy S10

  • ڕوونما: هەردوو ڕوونما ئێجگار نایابن، ڕووناکییان زۆر بەرزە و نایابن بۆ بەکارهێنان لە ژێر ڕووناکی ڕاستەوخۆی خۆر و ڕەنگەکان زۆر با جوانی نیشان دەدەن، ڕوونمای ئایفۆنەکە کەمێک گەورەترە و هی گالەکسییەکە ڕوونی زیاترە بەڵام هیچ کام لەو ٢ جیاوازییە گەورە و شایەنی باس نین، ڕوونمای ئایفۆنەکە لە جۆری Super Amoledە و پشتگیری HDR10 دەکات بەڵام ڕوونماکانی زنجیرەی S10 یەکەم ڕوونمان لە جۆری Dynamic Amoled و یەکەمن کە پشگیری +HDR10 دەکەن، ئایفۆنەکە خاوەن تایبەتمەندییەکانی True Tone و 3D Touchە و لە بەرامبەریشدا گالەکسییەکە تایبەتمەندی پێبوونی هەمیشەیی(Always on display)ی هەیە، هەردوو ڕوونما پارێزراون بە شووشەی Gorilla glass 6 کە ئێجگار پتەوە.

براوە: یەکسانبوون

هەردوو مۆبایل پشتیان شووشەیە(گالەکسییەکە بە جۆری پشت سیرامیکیش بەردەستە) و چوارچێوەی ئایفۆنەکە ستیل و هی گالەکسییەکە ئەلەمنیۆمە، خاوەن وەشانی پێنجەمی بلوتوثن، هەردووکیان پارێزراون لە ئاو و تۆز بە بڕوانامەی IP68، هەردووکیان پشتگیری بارگاویبوونەوەی خێرا دەکەن بەڵام ئایفۆنەکە بارگاویکەرەوەکەی خۆی توانای تەنها ٥ واتی هەیە و دەبێت بارگاویکەرەوەی دیکەی بۆ بکڕیت تا کارەکە خێراتر بکەیت! بەڵام بارگاویکەرەوەی گالەکسییەکەتوانای ١٥ واتی هەیە هەردوو مۆبایل پشتگیری بارگاویبوونەوەی بێ وایەر دەکەن بەڵام گالەکسییەکە پشتگیری هی خێراتر دەکات بە توانای ١٥ وات و دەشتوانێت خۆی وەک بارگاویکەرەوەی بێ وایەر بەکاربێت و بە توانای ٩ وات مۆبایلی دیکە یان بیستۆکی Galaxy Buds بارگاوی بکاتەوە.

شتێکی دیکە کە ئایفۆنەکە نییەتی و گالەکسییەکە هەیەتی دەرچەی ٣.٥ میللی مەتری بیستۆکە، هیچیان Infrared portیان نییە، گالەکسییەکە دەرچەی USB Type-Cی هەیە کە هاوشێوەی دەرچەی ژمارەیەکی زۆر مۆبایلی دیکە و چەندەها لاپتۆپ(تەنانەت ماکبووکەکانی ئەپڵیش) و چەندەها تابلێتیشە(تەنانەت ئایپاد پڕۆ نوێیەکانی ئەپڵ!)، بەڵام ئایفۆنەکە خاوەن دەرچەی Lightningە و پێشبینی دەکرێت ئایفۆنەکانی ئەمساڵ یان ساڵی داهاتوو دەرچەی USB Type-C لەخۆبگرن.

ئایفۆنەکە بە شێوەیەکی بەرچاو قورسترە(٢٠٨ گرام بەرامبەر ١٧٥ گرام بۆ جۆری شووشە و ١٩٨ گرام بۆ جۆری سیرامیکی گالەکسییەکە)، ئایفۆنەکە خاوەن ڕاگر(نۆچ)ێکی گەورەیە و ڕێژەیەکی کەمتری ڕووەکەی بە ڕوونما داپۆشراوە بە بەراورد بە گالەکسییەکە کە خاوەن چاڵی ڕوونمایە، گالەکسییەکە خاوەن هەستەوەرێکی پەنجەمۆری ژێر ڕوونمایە و ئایفۆنەکەش هەستەوەری Face IDی تایبەت بە کردنەوەی قفڵ لە ڕێگای ڕووخسار، ئەمە جگە لە هەستەوەری پێوانی لێدانی دڵ و ڕێژەی ئۆکسجین و تایبەتمەندی Samsung Dex بۆ بەکارهێنان وەک کۆمپیوتەری ڕوومێز.

هەردوو مۆبایل پشتگیری ٢ سیم کارد دەکەن بەڵام یەکێک لە دوانەکەی ئایفۆنەکە لە جۆری eSimە لە کاتێکدا هی گالەکسییەکە ٢ جێگای ئاساییە، گالەکسییەکە پشتگیری لە بیرگەی دەرەکی دەکات بەڵام ئایفۆنەکە پشتگیری ناکات.

سەبارەت بە سیستەمەکانیش، ئەو لایەنە دەکەوێتەوە سەر خواستی بەکارهێنەر و سیستەمی دڵخوازی لە نێوان iOS و Android.

باڵادەستییەکانی +Galaxy S10:

  • کامێرای سەرەکی
  • کامێرای پێشەوە
  • بەرگەگرتنی پاتری
  • بارگاویکەرەوەی خێرا لە ناو پاکەت لە جیات کڕینی بە جیا
  • بارگاویبوونەوەی بێ وایەری خێراتر
  • توانای بەکارهێنان وەک بارگاویکەرەوی بێ وایەر
  • دەرچەی ٣.٥ میللی مەتری بیستۆک
  • ڕێژەیەکی بەرزتری ڕوونما لە ڕووی پێشەوە
  • هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونما
  • پشتگیری لە بیرگەی دەرەکی
  • کێشی کەمتر
  • تایبەتمەندی Samsung Dex
  • هەستەوەری پێوانی لێدانی دڵ و ڕێژەی ئۆکسجین
  • بەردەستبوون بە جۆری پشت سیرامیک
  • باڵادەستییەکانی ئەندرۆید و دڵخوازبوونی لای بەشێک لە بەکارهێنەران
  • نرخێکی زۆر هەرزانتر

باڵادەستییەکانی iPhone XS Max:

  • هێز و خێرایی بە تایبەت لایەنی گرافیک
  • پێگەیشتنی نوێکردنەوەی سیستەم بۆ ماوەیەکی دورودرێژتر
  • هەستەوەری Face ID
  • چوارچێوەی ستیل
  • ئێکسسواراتی زیاتر و باشتر(بۆ نموونە بەرگی پارێزەر)
  • باڵادەستییەکانی iOS و دڵخوازبوونی لای بەشێک لە بەکارهێنەران

 

 

 

 

 

3 ئازار، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.
257