ئامێرە هەمەجۆرەکان

مایکرۆسۆفت ڕێکەوتی وەستاندنی پشتگیری لە کاتژمێری وەرزشی Microsoft Band ئاشکرا کرد

لە ساڵی 2014 ـەدا مایکرۆسۆفت بە بەردەستکردنی کاتژمێری وەرزشی Microsoft Band ـەوە هاتە نێو جیهانی کاتژمێرە وەرزشییەکان، کاتژمێرە وەرزشییەکەی مایکرۆسۆفت خاوەنی ڕوونمایەکی هەستیار بوو بە قەبارەی 1.4 ئینج لەگەڵ 10 هەستەوەردا، لەو هەستەوەرانە؛ لێدانەکانی دڵ، GPS ، ڕووناکی چواردەور و UV و چەند دانەیەکی دیکە بوون.

ساڵی 2016 مایکرۆسۆفت نەوەی دووەمی لە کاتژمێرە وەرزشییەکە ڕاگەیاند، لەو کاتەوە مایکرۆسۆفت هیچ نەوەیەکی دیکەی لە کاتژمێرە وەرزشییەکەی درووست نەکردەوە. کاتژمێرەکە نەبووە جێی ڕەزامەندی خەڵکی، دواجار کۆمپانیاکە ڕێکەوتی وەستاندنی پشتگیری هەمیشەیی لە هەردوو کاتژمێرە وەرزشییەکەی ئاشکراکرد. مایکرۆسۆفت ڕێکەوتی 31 ـی 5 ـی ئەمساڵی دیاریکرد بۆ لەکارخستنی ماڵپەڕی تایبەت بە کاتژمێرە وەرزشی Microsoft Band بە ناوی Microsoft Health Dashboard، هەروەها هەمان ڕێکەوتی دیاریکرد بۆ سڕینەوەی ئەپی Microsoft Band لە کۆگاکانی App Store و Play Store و Microsoft Store لەگەڵ وەستاندنی پشتگیرییەکانی لە کاتژمێرە وەرزشییەکە.لە دوای ڕێکەوتەکەوە کاتژمێرە وەرزشییەکە بەردەوام دەبێت لە کارکردن، بەڵام ئەگەر کاتژمێرەکە پێویستی بە ڕێکخستنەوە بوو، ناتوانرێت لە دوای ئەو ڕێکەوتەوە ڕێکبخرێتەوە بە هۆی وەستاندنی سێرڤەرەکانیەوە.

ئەگەر تازە کاتژمێرە وەرزشییەکەت کڕیەوە و هێشتا گرەنتی ماوە، پێشنیارت بۆ دەکەین بیگەڕێنیتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لێت کڕیەوە، دەتوانیت کاتژمێرە زیرەکەکانی وەک Mi Band یاخود Apple Watch و Samsung Galaxy Watch بەکاربهێنیت وەکو جێگرەوە بۆ کاتژمێرە وەرزشییەکە.

سەرچاوە :

3 ئازار، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
509