بیروڕا

بابەتە بێ دایک و باوک و بێ سەرچاوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چەواشەکردنی خەڵک

ڕاستەوخۆ دەڵێم بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە کە چۆن لە ژیانی ڕاستیماندا، خەڵکانێک بێ گوێدانە هیچ دەرئەنجامێک قسەی بێ بنەما و بێ سەرچاوە و سەر شەقامەکان بڵاودەکەنەوە، ئەمڕۆش بەهۆی بەربڵاوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەمە گوێزراوەتەوە سەر پەڕەکانی وێب و هەمان شت دەگوزەرێت. بیرتان دەخەمەوە هەر کەسێک لە شوێنی خۆیەوە دەتوانێت دەنگۆی بێ بنەما بڵاوبکاتەوە و بە ئاسانی ئەم و ئەوی پێ چەواشە بکات. دەمەوێت سەرەنجتان ڕابکێشم بۆ زۆربەی ئەو بابەتەکانی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاودەکرێنەوە بەبێ هیچ سەرچاوە و گەڕانەوە بۆ توێژینەوە و لێکدانەوە و قسە و لێدوانی خەڵکانی شارەزا و پسپۆڕ لەو بوارانەدا. کۆمەڵێک خەڵکی دوور لە بەها ئەخلاقییەکان ڕۆژانە ئەوە کاریانە کە سەرەنجی خەڵکی گشتی (بە زاراوەکەی خۆمان خەڵکی عەوام) ڕابکێشن و ئیتر بە جۆرێک لە جۆرەکان بازاڕی خۆیانی پێ گەرم بکەن.

سەیر دەکەیت دوو سێ دێڕی هێناوە و دەنوسێت ئەمە بکە بۆ پێستت باشە، ئەوی تر نوسویەتی ئازاری قۆڵۆنت نامێنێت، ئەوەی تریان دەڵێت ڤایرۆس لە کۆمپیوتەرکەت دەردەکات! ئەمەی تریان دەڵێ فەیسبووکت لە هاک دەپارێزێت، و یەکێکی تر دەڵێت فڵان شتە مەکە حەڕامە و ئەوەی تر دەڵێت گوناهە و ئەوەی تریان قوربان دەڵێت کافر دەبێت و … هتد، ئەمەش هەمووی بێ هیچ سەرچاوە و بەڵگەیەک و کەس نازانێ لەکوێوە هاتوون. قوربان ئیتر ئەمە بە ڕۆشنبیر و ناڕۆشنبیرتەوە تێکەوتووە و هیچیش گوێی لێ نییە! دەڵێت چی تێدەچێت خۆ پەنجەیەکە و بە ناردن send و هاوبەشکردنی Share دایدەگرێت و تەواو. داماوی بەڕێز، بیرێک لە دەرئەنجامەکەی بکەوە و لە ڕاستی و دروستی دڵنیابەرەوە، ئینجا پەنجەکەی پێدابنێ، ئەگەرنا کارەساتێک دروست دەکەیت کە لە بابەتەکەی پورە سێوە باشتر نابێت!

شتەکە لەوەوە نەماوەتەوە، بەڵکو میدیا دیارەکانی کوردستانیش ڕۆژانە بابەتی زۆر هەستیار بڵاودەکەنەوە کە چی هیچ سەرچاوەیەک ئاماژە پێ ناکەن، ئەمە وەکو ئەوەی نوسینی سەرچاوە شەرم بێت، کە لە ڕاستیدا نوسینی سەرچاوە دڵنیایی بە خوێنەر دەدات و ڕاستی و دروستی بابەتەکەیان دەسەلمێنێت. بۆیە لێرەوە دەیڵێم بەبێ سەرچاوە و ئاماژەکردن بە داتا و زانیاری و توێژینەوە، بە هیچ شێوەیەک ساویلکانە بڕیار مەدە و باوەڕ و متمانە بەو بابەتە مەکە کە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێتەوە. ئەمڕۆ ئاسان دەتوانرێت دڵنیایی لە ڕاستی و دروستی هەواڵ و بابەت و زانیارییەکان بکرێتەوە.

تەنانەت ئەمڕۆ کۆمەڵەیەکی تریش دەرکەوتوون خۆیان لە بەردەمی خەڵک وا ناساندووە شارەزای بواری تەکنەلۆژیان و زوو زوو بابەتێک لەسەر لایەنێکی تەکنەلۆژی هەستیار بڵاودەکەنەوە و کۆمەڵێک زانیاری بەدوای یەکدا ڕیزدەکەن، و بابەتەکانیان هیچی پشت بەستوو نییە بە سەرچاوەی متمانە پێکراو، بەڵکو تەنها بۆ جوڵاندنی هەستی خەڵکی و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، لەلایەکی تریشەوە دیسانەوە کۆکردنەوەی لایک و دەست خۆشی و کارلێکە بۆ پەڕەکەی؛ بەشێوە بڵاوەکەی خۆمان ئەکیڤ بۆ پەیجەکەی. بەڕێزان تەنانەت منیش کە ئەم بابەتە دەنوسم و سەرنوسەرایەتی ئەم تۆڕە دەکەم، ئەگەر بابەتی زانستی و زمانەوانی و یان هەر بابەتێکی ترم نوسی و بڵاوکردەوە و پشت بەستوو نەبوو بە سەرچاوە، ئەوا جوان بیگرن و بیدەن بە دیوار، چونکە ئەمە چاکی و چۆنی و ئەحواڵ پرسی نییە سەرچاوەی نەوێت، بەڵکو ئەمە زانستە یان دینە یان شتێکی تری هاوشێوەیە کە بەبێ بەڵگە هیچ سەنگی نییە.

لە کۆتایدا دەمەوێت باسی لانکە سوتاوەکەی پورە سێوەتان بیربخەمەوە، کە ئەم چەند ڕۆژە زۆر بە ئاسانی خەڵکی بەبێ جەخت کردنەوە لە ڕاستی و دروستی بابەتەکە، کەوتنە وێزەی ئەو دایکە و کۆمەڵێک قسە و بابەتیان داتاشی و بە خوا قسەی نەشیاویشیان زۆر نوسی، کە چی دواتر دەرکەوتن پورە سێوە لەبەر بێ کەڵکی لانکە و بێشکەکەی سوتاندووە و هیچی تر! ئیتر پێشکەوتن و ڕۆشنبیری و تۆڕی کۆمەڵایەتیتان باش.

5 ئازار، 2019
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا مامۆستای زانکۆم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
1169