ئەپ و نەرمەکاڵا

خوێندکارێکی 7ـی بنەڕەتی ئەپێک بۆ هەژمارکردنی پارەی کارەبا گەشەپێدەدات

ئەمڕۆ بەڕێوبەڕایەتی گشتی کارەبای سلێمانی هەواڵێکی بڵاوکردەوە لە بارەی خوێندکارێکی پۆلی 7ـی بنەڕەتی کە توانیویەتی ئەپێک گەشەپێدات هەتاوەکو لە ڕێگایەوە هاوڵاتیان بزانن چەندە پارەی بەکارهێنراوی کارەبایان بۆ دەگەڕێتەوە، لەم بارەیەوە پەڕەی فەرمی بەڕێوبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی بەم جۆرە لە بارەی خوێندکارەکەوە دەدوێت و باس لە ئەپەکە دەکات:-

له‌داهێنانێكیدا خوێندكارێكی پۆلی 7ـی بنه‌ڕه‌تی ئه‌پێک بۆ سیستمی ئەندرۆید گەشەپێدەدات و له‌ڕێگایه‌وه‌ هاوڵاتیان ده‌توانن بڕی پاره‌ی كاره‌بای بەکارهێنراو بزانن، رۆژ سه‌ربه‌ست كه‌ریمی ته‌مه‌ن 13 ساڵ کە خوێندکاری پۆلی 7ـی بنه‌ڕه‌تیه‌ سەرەڕای کەمی تەمەنی ئەپێکی بەرهەمهێناوە له‌ڕێگایه‌وه‌ هاوڵاتی دەتوانێت بڕی پاره‌ی كاره‌بای بەکارهێنراو بزانێت و ئه‌پەکەش تایبەتە بە سیستمی وەگەڕخەری ئەندرۆید.

ئه‌پەکە بەکاردێت بۆ زانینی نرخی بەکارهێنراوی کارەبا وەک ئەوەی لە پسوڵەی کارەبادا هەیە، ئەمەش خزمەتێکە بە هاوڵاتی چونکە هەموو کەسێک لەلای خۆیه‌وه‌ زانیاری پێویستی دەست دەکەوێت لە بارەی ڕێژەی بەکارهێنراوی کارەبا لەگەڵ ئەو پارەیەی بۆی دێتەوە، لە بارەی شێوازی کارکردنی ئەپەکە ئەوا تەنها بە نووسینی پێوەری کارەبا پاشان هەڵبژاردنی بەروارەکەی وەک لە وێنەکەی خوارەوەدا دیارە ڕاستەوخۆ ڕێژەکەت بۆ هەژمار دەکات، هەروەها ئایکۆنی ئەپەکە بریتیە لە وێنەی پێوەرێکی کارەبا و لە بەشی خوارەوەشی نوسراوە بژمێری وزە.

سەبارەت بە کاتی بەردەستبوونی ئەپەکە باوکی ڕۆژ لەم بارەیەوە ڕوونکردنەوەیدا و ئاماژەی بەوەکرد لە ئێستادا ئەپەکە بەردەست نەکراوە لە کۆگای گووگڵ پلەی بەهۆی جێبەجێکردنی هەندێک ڕێوشوێنی پێویست بۆ پەسەندکردنی ئەپەکە، هەروەها سوپاسی سەرجەمی ئەو کەس و لایەنانەشی کرد کە هاوکاریان بووە و پشتگیریان لە گەشەپێدەر ڕۆژ سەربەست کردووە لە گەشەپێدانی ئەپەکەدا.

سەرچاوە:-

  • بەڕێوبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی

بینەری نوێترین ڤیدیۆمان بن لە یوتیوب، تێیدا پێداچوونەوەمان بە یاری Jump Forceـدا کردووە:-

5 ئازار، 2019
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
802