دیمانە

چاوپێکەوتن لەگەڵ Evan Blass؛ ئەو پیاوەی لە پشتی @evleaksـە بۆ هەواڵە دزەپێکراوەکان

پێویستە ڕاستگۆبین، کە ئەگەر هەواڵە دزەپێکراوەکان نەبوونایە، ئەوا هەواڵە تەکنەلۆژییەکان تا ڕادەیەک بێزارکەردەبوون و چێژیەخش نەدەبوون. خۆشبەختانە بۆ ئێمە گروپێک لە خەڵکی هەن کە لەسەر هێڵ کاردەکەن و سەرچاوەی متمانەپێکراویان هەن لەناو پیشەسازی مۆبایلە زیرەکەکاندا تا بتوانن زانیاری دەربارەی مۆبایلەکانی داهاتوو بە ئێمە بگەیەنن، تەنانەت هەندێک کات بە چەند مانگ پێش هاتنی فەرمی مۆبایلێک زانیارییەکان ئاشکرا دەکەن. بێگومان ئێمەش هەمیشە ئەو هەواڵە دزەپێکراوانەمان گواستووەتەوە کە لە لایەن ئەو دزەپێکەرانەوە بڵاوکراونەتەوە.

لەبەرئەوە ئەمڕۆ دەمانەوێت بەو کەسەتان ئاشنابکەین کە لەپشتی ئەو دزەپێکراوانەیە، ئەویش ئێڤەن بلاسە، کە زیاتر لەسەر تویتەر بە @evleaks ناسراوە. ئێڤەن بلاس زیاتر لە دەیەکە لە ناو بواری مۆبایل کاردەکات و بۆ چەندین ماڵپەڕی ئەو بوارە کاری کردووە، بەڵام پیشەی وەکو دزەپێکەر Leaker دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٢ کاتێک هەژماری @evleaks لەسەر تویتەر کردەوە. لە ماوەی ڕابردوودا چەندین هەواڵی لەبارەی مۆبایلەکانەوە دزەپێکردووە و نوێترینیشیان LG V50 ThinQـە. ئێستاش با دەست بە چاوپێکەوتنەکە بکەین، و پرسیارەکان ئاراستە بکەین.

پ: پێش دەرکەوتنت لەسەر توێتەر وەکو @evleaks، تۆ بۆ ئینگاجێت و پۆکێت ناو کارت دەکرد. بۆچی پیشەکەت لەوێ بەجێهیشت و هاتیتە ناو ئەو ئیشەی ئێستات کە دزەپێکردنی هەواڵە؟ ئایا ئامانجی خۆت بوو کە وەکو ئیشێکی پڕۆفیشناڵ بیکەیت یان هەر تەنها خۆی ڕوویدا؟

ئێڤەن: لە ڕاستیدا من هەواڵم دزەپێدەکرد لە کاتێکدا هێشتا لە پۆکێت ناو سەرنوسەربووم، بەڵام شتێکیش بوو کە وردە وردە ڕوویدا، کە هەرگیز بڕیارێک نەبووە لە دوای بیرکردنەوە دابێتم تا ببم بە دزەپێکەر Leaker.

پ: ئایا هەرگیز هەڕەشەت لێکراوە لەلایەن کۆمپانیا یان کەسی ترەوە لەبارەی شتێک کە بڵاوتکردووەتەوە؟ یان کۆمپانیاکان هەوڵیان داوە ڕەشوەت پێ بدەن تا دزەپێکراوەکانی ئەوان بڵاونەکەیتەوە؟ هیچ یادەوەریەکت هەیە لەم ڕووەوە؟ پێویست بە ناوهێنان ناکات.

ئێڤەن: هەرگیز لە لایەن هیچ کۆمپانیایەک بە هیچ هۆکارێک هەڕەشەم لێ نەکراوە، هیچ کاتێکیش پارەم پێشکەش نەکراوە بۆ وەستاندنی دزەپێکراوەکان. بە شێوەیەکی گشتی، هیچ یەکێک لە کۆمپانیاکان خۆیان لە کارەکانم نەداوە.

پ: هیچ هەواڵێکی دزەپێکراو هەیە لەلای تۆ دڵخوازترین بێت؟ چ وا دەکات لە هەموویان جیاواز بێت بەلاتەوە؟

ئێڤەن: دڵخوازترین چیرۆک لە تەواوی ئەو کارەمدا، کە لەوانەیە هەندێک بە دزەپێکراو هەژماری بکەن، زانیاریەک بوو پێش ڕاگەیاندنی ئایفۆن ٤ ئێس. ئەو کات دەگوترا مۆبایلەکە ناوی ئایفۆن ٥ دەبێت، و ئیتر دواتر منیش دەستم کرد بە گەڕان لە گووگڵ و لە ناو فلیکەڕ گەڕام بەدوای ئەو وێنانەی کە بەو ئایفۆنە گیرابوو کە هێشتا ڕانەگەیاندرابوو. خۆشبەختانە، وێنەیەکم دۆزیەوە کە وێنەی قاپێک لە سوشی بوو و لەلایەن ئەندازیارێکی ئەپڵ گیرابوو و جیۆتاگەکەی ڕاستەوخۆ کەمپی کیوپەرتینۆ بوو.

پ: بە زۆری دەگوترێت بەرهەمهێنەرەکان خۆیان زانیاری دەربارەی بەرهەمەکانیان دەدەن وەکو دزەپێکراو بۆ ئەوەی دەنگۆ بڵاوبکەنەوە. بە ئەزموونی خۆت، ئەمە وایە و  ئەو شتە بەربڵاوە؟

ئێڤەن: بێگومان ئەمە ڕوودەدات، بەڵام من ناڵێم بەربڵاوە. شتێکی جێگیر نییە لەم ڕووەوە، بەڵام بە گشتی، ئەو کۆمپانیایانەی مۆبایلەکانیان خاوەنی سەرکەوتنی باشن، کەمتر وا هەیە دزەپێکردنیان کۆنتڕۆڵ بکرێت.

پ: تا ئێستا چ دزەپێکراوێکت پێ گەیشتووە کە ساختە و شایستە بە پێکەنین بووبێت؟ ئایا شتی لەو شێوەت زۆر پێ دەگات؟

ئێڤەن: لە ڕابردوودا زۆرم پێ دەگەیشت، لە چاو ئێستا. زۆربەیان بێ مانا بوون.

پ: بە بۆچوونی تۆ کام کۆمپانیا باشترینە لە پاراستنی پێشکەوتن و بەرەوپێچوونەکانی و کامەیان خەراپترینە لەو ڕووەوە؟

ئێڤەن: من پێم وانییە بابەتەکە لەسەر باش یان خەراپی بێت: هەموو کۆمپانیاکان دەزانن چۆن بەرهەمەکانیان بپارێزن پێش ڕاگەیاندنیان، و تاکە پرسیاریش ئەوەیە کە ئایا ئەوان نرخی ئەو سەپرایزە دەزانن بۆ ڕێکخستنی کاتی ڕاگەیاندنی ئەو بەرهەمە وەکو ڕێزێک بۆی.

پ: ئایا بەناوبانگ بوونت لەسەر ئینتەرنێت کاریگەری لە ژیانی ڕاستەقینەت کردووە؟ هەبووە کە خەڵکی لەسەر شەقام ڕات بگرن و پرسیارت لێ بکەن؟

ئێڤەن: بە نزیکی، هەرگیز. لە ڕاستیدا، لەم دواییانە کەسێک لەسەرهێڵ لێم نزیکبۆیەوە لە دوای ئەوەی بە ڕێکەوت منی لە نزیکەوە بینی: ئەویش شۆفێری فێدێکسە لەو تەلارەی منی لێ دەژیم.

پ: ئەگەر تێکەڵاویت لەگەڵ تەکنەلۆژیا بژاردەیەک نەبووایە، چ پیشەیەکی ترت هەڵدەبژارد بۆ ژیانی خۆت؟

ئێڤەن: بۆ ئەوانەی تا ئێستا لەسەر تویتەر لەگەڵمن زۆر ڕوونە: دەبوومە سیاسەتمەدار ههه.

پ: حەز دەکەیت چ بابەتێکی بەربڵاوی مۆبایلەکان بڕوات و نەیەتەوە؟

ئێڤەن: ماڵئاوا، نۆچی نابووت: زۆر بە سەختی تۆمان ناسی، و ئەمەش شتێکی باشە بەلای منەوە.

پ: کام تەکنەلۆژیایە لەمڕۆدا سەرەنجی تۆ ڕادەکێشێت؟

ئێڤەن: بێگومان ئامێرە چەماوەکان و لولخواردووەکان، کاتێک بۆ دواجار توانیان ڕوونمای شووشە بخەنە ئەم شێوانەوە، پێم وایە دەبنە بگۆڕی یارییەکە بە ئاراستەیەکی تردا.

پ: پێت وایە بیانووەکانی حکومەتی ئەمریکی سەبارەت بە کۆمپانیا چینییەکان لە جێگەی خۆیەتی؟

ئێڤەن: پێموایە سەبارەت بە لایەنی نێتوێرکینگ واتە ڕایەڵەوە، بیانوەکانیان لەجێگەی خۆی بێت، بەڵام سەبارەت بە مۆبایل، ئەوا پێم وایە هەڕەشەکە زیادەڕەوی تێداکراوە.

پ: یەکەم مۆبایلت چی بوو و چ یادەوەریەکی خۆشت لەگەڵی هەیە؟

ئێڤەن: یەکەم مۆبایلم بریتی بوو لە Treo 600 لە لایەن کۆمپانیای Palmـەوە، کە بەڕاستی مۆبایلێکی بچوکی سەرەنجڕاکێش بوو. سەرەتایەکی گەورەبوو بۆ کۆمپیوتەرە گیرفانییەکان.

پ: ئێستا چ مۆبایلێک بەکاردەهێنیت، و چ شتێکیت بەلاوە خۆشەویستە؟

ئێڤەن: لە ئێستادا OnePlus 6T McLaren edition بەکاردەهێنم، زۆر بەلامەوە نایابە، ئەمەش سوپاس بۆ سناپدراگۆنی ٨٤٥ و ١٠ گێگابایت ڕام. ئەوەی زۆر سەرەنجی ڕاکێشاوم دیزاینەکەیەتی بە بوونی ئەو ڕەنگە پڕتەقاڵیە.

 

ئەم چاوپێکەوتنە لە فۆن ئێریناوە وەرگیراوە و خۆم بە هەندێک ڕێکخستنەوە وەرمگێراوەتە سەر کوردی. بە هیوای سود.

سەرچاوە :

8 ئازار، 2019
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا مامۆستای زانکۆم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
1172