ئای ئۆ ئێس

لەمەودوا بەکارهێنەرانی PlayStation 4 دەتوانن لە ئایفۆن و ئاپیادەکانیانەوە یاری بە ئامێرەکە بکەن

ئەگەر ئامێری PlayStation 4 ـت هەیە و دەتەوێت لە ئایفۆن یاخود ئایپادەکەتەوە بەکاری بهێنیت و یاری پێبکەیت، ئێستا دەتوانیت لە ڕێگای ئەپێکی فەرمییەوە کردارەکە ئەنجام بدەیت!

زیاتر لە 4 ساڵ لەمەوبەر کۆمپانیای Sony ئەپێکی تایبەت بە بەکارهێنانی ئامێری PlayStation 4 ـی بۆ مۆبایلەکانی Sony Xperia بەردەست کرد، بەمەش تەنها بەکارهێنەرانی مۆبایلەکانی Sony Xperia دەیانتوانی PlayStation 4 ـەکانیان بەکار بهێنن. خۆشحاڵانە کۆمپانیاکە لە کۆتایدا ئەپی تایبەت بە بەکارهێنانی PlayStation 4 ـی بۆ سیستەمی iOS بەردەست کرد.

لە ڕێگای ئەپە نوێیەکەی سۆنییەوە بۆ سیستەمی iOS، دەتوانرێت بەشەکانی نێو ئامێری PlayStation 4 ببیندێت، وە لەمەودوا بەکارهێنەران دەتوانن لە ڕێگای ئەپێکی فەرمییەوە ئایفۆن و ئایپادەکانیان بکەن بە کۆنتڕۆڵ بۆ ئامێری PlayStation 4. هەروەها لە ڕێگای ئەپە نوێیەکەوە دەتوانرێت ئایفۆن و ئایپاد بکرێت بە وەرگر(مایکرۆفۆن) و گفتوگۆی دەنگیی ئەنجام بدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت لە ڕێگای ئەپەکەوە تەختەکلیل بەکاربهێندرێت و نوسینی پێ ئەنجام بدرێت.

بەڵام ئەپەکە ڕێگە نادات کۆنتڕۆڵی DualShock 4 لەگەڵ ئایفۆن و ئایپاددا بەکار بهێندرێت. بەکارهێنانی ئەپەکە لە ڕێگای وایفایەوە دەبێت و پێویستە هەژماری PlayStation Network ـت هەبێت. زانیاریمان نییە لەسەر ئەوەی کە ئەپەکە هەمیشە لەگەڵ دواین وەشانی سیستەمی PlayStation کاردەکات یاخود نا، بەڵام وا باشترە هەمیشە PlayStation 4 ـەکەت دواین وەشان بێت بۆ ئەوەی باشتر لەگەڵ ئەپەکەدا کاربکات.

ئەپەکە لەگەڵ ئایفۆن 7 و نوێتر، ئایپاد 6 (نەوەی شەشەم) و نوێتردا کار دەکات. قەبارەی 19 مێگابایتە و گونجاوە لەگەڵ وەشانی iOS 12.1 و نوێتر. کرتە بکە بۆ داگرتنی ئەپەکە بۆ ئایفۆن و ئایپاد.

9 ئازار، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
689