هەواڵ

هواوەی دەڵێت سیستمی تایبەت بە خۆمان بەکاردەهێنین ئەگەر ڕێگری هەبێت لە بەکارهێنانی ئەندرۆید

ماوەیەک لەمەوپێش دەنگۆیەک بڵاوبوویەوە لە بارەی سیستمێکی وەگەڕخەر کۆمپانیای هواوەی کاری لەسەر دەکات لێرەشدا مەبەستمان لەو سیستمە سادەیە نییە لەسەر کاتژمێرەکانی بەکاریدەهێنێت بەڵکو سیستمێکی تەواو و تۆکەمەیە و دەتوانێت ببێتە جێگرەوەیەکی باش بۆ سیستمی ئەندرۆید، لە ماوەی ڕابردووشدا کۆمپانیای هواوەی ئەو هەواڵانەی پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کۆمپانیاکەیان کاردەکات لەسەر گەشەپێدانی سیستمێکی تایبەت بە خۆیان هەتاوەکو لە خراپترین باردا ئەگەر ڕێگرییان لە بەکارهێنانی سیستمی ئەندرۆید لێ بکرێت لەسەر ئامێرەکانیان لە لایەن حکومەتی ئەمریکییەوە ئەوا وەک جێگرەوەیەکی ئەندرۆید بەکاریبهێنن.

ئەمەش لە ماوەی ڕابردوودا ئەگەری هەبوو ڕووبدات و ڕێگری لە بەکارهێنانی سیستمی ئەندرۆید بکرێت لەسەر مۆبایلەکانی کۆمپانیای ZTE بەڵام لە کۆتاییدا کۆمپانیاکە توانی ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر و کاروبارەکانی ڕێک بخات لەگەڵ دەسەڵاتدارە ئەمریکییەکاندا، لەم بارەیەوە کۆمپانیای هواوەی بۆ ڕۆژنامەی South China Morning Postـی پشتڕاست کردەوە سیستمێکی تایبەت بە خۆیان گەشەپێداوە بۆ ئامێرەکانی مۆبایل و کۆمپیوتەر و دەیەوێت بەکاریبهێنێت لە ئەگەری بوونی ڕێگرییەک لە لایەن حکومەتی ئەمریکی و دروستکردنی فشار لەسەر گووگڵ تا نەتوانن سیستمی ئەندرۆید بەکاربهێنن.

هەر لەم بارەیەشەوە بەڕێوبەری جێبەجێکاری بەشی ئامێرەکانی کۆمپانیای هواوەی Richard Yu وتی:-

سیستمێکی تایبەت بە خۆمان ئامادەکردووە، ئەگەر ڕوونبوویەوە ناتوانیت ئەم سیستمانەی ئێستا بەکاربهێنین ئەوا ئێمە ئامادە دەبین و پلانێکی جێگرەوەمان B دەبێت.

هەروەها وتەبێژێکی فەرمی کۆمپانیاکەش ئاماژەی بەوەدا هواوەی پێشبینی بەکارهێنانی سیستمی تایبەت بەخۆی ناکات و وتی:-

لە ڕاستیدا ئێمە نامانەوێت بەکاریبهێنین، سیستمی ئەندرۆیدمان خۆشدەوێت و پێویستە بەکارهێنەرانیشمان کاری پێبکەن، هەروەها سیستمی ئەندرۆید و ویندۆز هەمیشە هەڵبژاردەی یەکەممان دەبێت.

18 ئازار، 2019
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
721