ئەپڵ

ئەپڵ 2 جۆر لە iMac ـی بە خێرایی 2 ئەوەندە و گرافیکی نوێوە بەردەستکرد

لە بڵاوکراوەیەکدا ئەپڵ iMac ـی نوێی ڕاگەیاند. iMac ـە نوێیەکان گۆڕانکاری لە دیزاینیاندا نەکراوە، بەڵکو بە تەنها خێراییان زیادی کردووە و گۆڕانکاری لە ڕەقەکاڵاکانیاندا کراوە.

iMac ـە نوێیەکان قەبارەیان 21.5 ئینج و 27 ئینجن، iMac ـی 21.5 ئینج خاوەن ڕوونمایەکی جۆری Retina 4K ـە، خاوەن پڕۆسێسەری نەوەی هەشتەمی Intel i3 ـی 4 ناوەکییە بە لەرەلەری 3.6 گێگاهێرتز، هەروەها بژاردەی 6 ناوەکیشی بۆ یەکەمجار لێ بەردەستە. خاوەن ڕامێکی 8 گێگابایتییە (بەرزکردنەوە تاوەکو 32 گێگابایت) لەگەڵ بیرگەیەک بە قەبارەی 1 تێرابایت و گرافیکی جۆری Radeon Pro 555X. بە ڕێژەی 60٪ خێرایی لە نەوەی پێش خۆی زیاترە.

دەربارەی iMac ـی قەبارە 27 ئینج، خاوەن ڕوونمایەکە لە جۆری Retina 5K، خاوەن پڕۆسێسەری نەوەی نۆیەمی Intel i5 ـە بە بژاردەی 6 و 8 ناوەکی و لەرەلەری 3 و 3.1 و 3.7 گێگاهێرتز. خاوەن ڕامێکە بە فراوانی 8 گێگابایت (بەرزکردنەوە تاوەکو 32 و 64 گێگابایت)، لەگەڵ بیرگەیەک بە قەبارەی 1 تێرابایت لە جۆری Fusion Drive و گرافیکی Radeon Pro 570X. لەگەڵ ئەوەشدا 2.4 جار لە نەوەی پێش خۆی خێراترە.

بژاردەی گرافیکی Radeon Pro Vega 48 بۆ هەردوو iMac ـە نوێیەکە بەردەستە، ئەم گرافیکە نوێیە خێرایی ڕوونمای iMac ـی 21.5 ئینج بە ڕێژەی 80٪ زیاد دەکات و خێرایی ڕوونمای iMac ـی قەبارە 27 ئینجیش بە ڕێژەی 50٪ زیاد دەکات. بەڵام پێویستە 450$ زیاتر بدەیت بۆ بەدەستهێنانی بژاردەی گرافیکەکە.

iMac ـی 21.5 ئینج نرخی لە 1299$ ـەوە دەستپێدەکات و iMac ـی قەبارە 27 ئینجیش نرخی لە 1799$ ـەوە دەستپێدەکات، بە دڵنیاییەوە بۆ بەدەستهێنانی بژاردەی پڕۆسێسەر و ڕام و بیرگە و گرافیکی ئاست بەرز نرخەکان بەرز دەبنەوە. لە ئێستادا دەتوانرێت داواکاری کڕینی پێشوەختە لە ماڵپەڕی فەرمی ئەپڵەوە ئەنجام بدرێت، هەروەها هەفتەی داهاتوو لە کۆگا فەرمییەکانی ئەپڵ بەردەست دەکرێن.

ئەپڵ ڕاشیگەیاند بەردەوام دەبێت لەسەر فرۆشتنی iMac ـی 21.5 ئینج کە ڕوونمای لە جۆری Retina نییە بە نرخی 1099$.

سەرچاوە :

9to5Mac

19 ئازار، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. لەگەڵ جیهانی تەکنەلۆژیادا تێکەڵم و ئاگاداری دواین هەواڵەکانی تەکنەلۆژیام بە گشتی. خولیام بۆ ته‌كنه‌لۆژیا وای كرد كه‌ له‌ كه‌ی ئای تی ئێن درێژە بە خزمەتەکانم بدەم و بەردەوامبم لە گەیاندنی هەواڵە گرنگ و نوێیەکانی تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی درووست بە خوێنەرانی کورد.
424