گووگڵ 20, ئازار 2019

سەکۆ نایابەکەی گووگڵ STADIAـی تایبەت بە یاریکردن بناسە + چۆنییەتی کارکردنی

کۆمپانیای گووگڵ دوێنێ، 19/3/2019، ئاڕاستەی یاریە ڤیدیۆییەکانی گۆڕی و داهاتوویەکی گەورەتری بۆ بەردەستکرد. بە شێوەیەک سەرکەوت بەسەر سەرجەم ئامێری سەکۆی یاریەکان، و خزمەتگوزاریەکی بەهێز و گەورەی بواری یاریە ڤیدیۆییەکانی ڕاگەیاند، کەواتە ئازیزان بەخێرهاتنی داهاتووی یاریە ڤیدیۆییەکان بکەن و سەکۆی STADIAـی گووگڵ بناسن!

ڕۆژی ڕابردوو کۆمپانیای گووگڵ لە کۆنگرەی GDC 2019ـی تایبەت بە گەشەپێدەری یاریەکان و لە شاری سان فرانسیسکۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا سەکۆی یاریە ڤیدیۆییەکانی ڕاگەیاند بە ناوی STADIA. ڕاگەیاندنی ئەم سەکۆیە پاش دوو ساڵی بەردەوام لە کارکردنی گووگڵ بووە و بە هۆیەوە چیتر پێویست ناکات پارەیەکی زۆر بدەیت هەتاوەکو ئامێرێکی بەهێزت هەبێت بۆ کارپێکردنی یاریەکان و چێژ بینین لێیان، چونکە لەمەودوا هەموو یاریکەرانی جیهان دەتوانن چێژی تەواوەتی لە ئەنجامدانی یاریەکان ببین و پێویستیان بە ئامێری کارپێکەری یاریەکان نەبێت، سەرەڕای ئەوەش گەشەپێدەران دەتوانن بە ئازادی و بێ هیچ سنوورێک بۆ جۆرایەتیەکی دیاریکراو یاریەکانیان گەشەپێبدەن.

STADIA سەکۆیەکی هەوری نوێی تایبەت بە یاریکردنە و لە ڕێگایەوە بەکارهێنەران دەتوانن یاریە دڵخوازەکانیان لەسەر هەر ئامێرێکی مۆبایل یان کۆمپیوتەر و لاپتۆپ و تەنانەت تەلەڤیزیۆنەکان لە ڕێگای ئامێری کڕۆم کاستەوە ئەنجام بدەن، بە واتایەکی دیکە هەتاوەکو بەکارهێنەر توانای گەیشتنی بە ماڵپەڕی پەخشکردنی یاریەکان هەبێت ئەوا دەتوانێت یاری ئەنجام بدات لەسەر ئەو ئامێرەی دەیەوێت، و تەنانەت دەتوانێت ئاڵوگۆڕ بکات لە ئامێرێکەوە بۆ ئامێرێکی دیکە بێ ئەوەی دوا بکەویت لەو ئاستەی لە یاریەکە تێیدا بوویت لەسەر ئامێرەکەی پێشووت.

گەورەیی ئەم سەکۆیە لێرەدا کۆتایی نایەت، چونکە تۆی بەکارهێنەر بەو ئامێرەت کە لەوانەیە تەمەنی زیاتر لە 10 ساڵ بێت دەتوانیت یاریەکی بەهێزی وەک Assassin’s Creed Odyssey بە ڕوونی 4k و 120FPSـەوە، و بە شێوەیەکی جێگیریش یاریەکە ئەنجام بدەیت ئەمەش لە ڕێگای سێ هەنگاوەوە، هەنگاوی یەکەم بەوە دەست پێدەکات سەردانی ماڵپەڕی یوتیوب دەکەیت پاشان دەگەڕێیت بە شوێن ڤیدیۆی یاریەکدا و دوگمەی Play Now دادەگریت، بەم ئاسانیە دەچیتە نێو یاریەکەوە! واتە چیدیکە پێویست ناکات یاریەکە داببەزێنیت و پاشان چاوەڕێی جێگیربوونی بکەیت لەسەر ئامێرەکەت یاخود بگەڕێیت بە شوێن کلیلی چالاککردنی یاریەکە یان خوودی یاریەکە بە کڕاک کراوی، بەم پێیە تۆ لە ماڵی خۆتدا و بێ کڕینی هیچ ئامێرێکی زیادە و تەنها لە ڕێگای وێبگەڕی گووگڵ کڕۆمەوە و بە بەرزترین جۆرایەتی و باشترین شێوە دەتوانیت یاریەکانت ئەنجام بدەیت تەنانەت ئەگەریش خێراییەکی بەهێزی ئینتەرنێتت نەبێت.

شایەنی باسە، لە کۆنگرەکەدا یاری Assassin’s Creed Odyssey بە ئامادەبوونی گروپی گەشەپێدەرانی یاریەکە لە ستۆدیۆی یوبیسۆفتەوە یاریەکە لە ماوەی چەند چرکەیەکی کەم و بێ داگرتنی تەنانەت یەک پەڕگەش تاقیکرایەوە، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمپانیای گووگڵ ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای یوبیسۆفتدا ئەنجام داوە هەتاوەکو پیشانی بدات سەکۆکە توانای کارپێکردنی نوێترین یاریەکان بە بەرزترین جۆرایەتی هەیە، هەروەها ناوبراو بە هەمان شێوە ڕێککەوتنی ئەنجام داوە لەگەڵ کۆمپانیای ID Software بۆ بەردەستکردنی یاری Doom Eternal بە ڕوونی 4K و 60FPSـەوە تەنانەت بە پشتگیریکردنی بۆ مەودای داینامیکی بەرزی ڕەنگەکان (HDR).

سەرەڕای ئەوەش کۆمپانیای گووگڵ هەستاوە بە بەردەستکردنی توانا بۆ گەشەپێدەران و یاریکەران هەتاوەکو بتوانن بە باشترین شێوە یاریەکان تاقیبکەنەوە یاخود گەشەی پێبدەن، ئەمەش دڵنیاکرایەوە لە ڕێگای وتنی سێ وشەوە ئەوانیش Create – Scale – Connect، ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت گەشەپێدەران دەتوانن بە بێ سنوور یاریەکانیان گەشەپێدەن بێ لەبەرچاو گرتنی بۆ ئەو ئامێرەی یاریەکەی بۆ ئاڕاستە دەکرێت، چونکە گووگڵ هەستاوە بە بەردەستکردنی باشترین ئامڕازەکان لە ڕێگای بنکەی زانیاریەکانی تایبەت بە کۆمپانیا هەتاوەکو یاریە گەشەپێدراوەکە بگونجێت لەگەڵ هەر تایبەتمەندیەک هەرچەندە بەرزیش بێت، هەر لەم بارەیەوە پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین گەشەپێدەران و تەنانەت یاریکەرانیش دەتوانن بە شێوەیەکی باشتر پەیوەندییان لەگەڵ یەکتردا هەبێت ئەمەش ئاماژەی پێدەدەم لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا.

یەکەم: تایبەتمەندیەکانی سەکۆی STADIA:-

تعرف على مواصفات وكيفية استخدام منصة STADIA الجديدة من جوجل

سەکۆی STADIA پشت دەبەستێت بە پڕۆسێسەرێکی تایبەتی x86 کە خێراییەکەی دەگاتە 2.7 گێگاهێرتز لەگەڵ ڕامێک بە قەبارەی 16 گێگابایت بە خێرایی گواستنەوەی 484 گێگابایت بۆ هەر چرکەیەک، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پڕۆسێسەرێکی گرافیکی بۆ دابینکراوە ئەمەش بە هاوکاری کۆمپانیای AMD و خاوەنی هێزێکە بە توانستی 10.7 تێرا فلۆپ ئەمەش لە ڕێگای 57 یەکەی پڕۆسێسەر و بیرگەی HBM2ـەوە. سەبارەت بە ژینگەی کارکردنی سەکۆی STADIA ئەوا بە سیستمی Linux کاردەکات، هەروەها گووگڵ ڕێککەوتنی ئەنجامداوە لەگەڵ هەریەک لە کۆمپانیاکانی وەک Unreal Engine و Unity و تەنانەت ئامڕازی havocـیش لە پێناو بەردەستکردنی باشترین پێداویستیەکان بۆ گەیشتن بە بەرزترین ڕێژەی گونجاندن لە نێوان یاریەکان و سیستمی STADIA ئەمەش بۆ دەستکەوتنی بەرزترین جۆرایەتی بەردەستکراو.

تعرف على مواصفات وكيفية استخدام منصة STADIA الجديدة من جوجل

ھەروەک گووگڵ خاوەنی زیاتر لە 75 هەزار Node Edgeـە لە جیهاندا ئەمەش لە ڕێگایەوە ئەو کۆمپیوتەرانەی کار بە یاریەکان دەکەن نزیکتر دەبن لە یاریکەرانەوە و بێگومان تاقیکردنەوەیەکی باشتریش بۆ بەکارهێنەر بەردەست دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا گووگڵ بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو کاریکردووە لەسەر گواستنەوە لە ڕوونی 1080p و 60FPS لە Project Streamـدا بۆ ڕوونی 4K و 120FPS سەرەڕای ئەمانەش ڕوونی 8K و 120FPSـی بە زووترین کات بۆ بەردەست دەکرێت.

دووەم; دەسکی کۆنتڕۆڵکردنی سەکۆی STADIA:-

تعرف على مواصفات وكيفية استخدام منصة STADIA الجديدة من جوجل

گووگڵ لە میانەی کۆنگرەکەدا دەسکێکی کۆنتڕۆڵی نوێی تایبەت بە سەکۆی STADIA ڕاگەیاند، لە ڕووی دیزاین و دوگمەکانی سەر دەسکەکە جیاوازیەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ دەسکە ئاساییەکانی ئێستادا، بە شێوەیەک خاوەنی سەرجەم دوگمەی دەسکەکانی ئێستایە کە ڕاهاتووین یاری پێبکەین، بەڵام گووگڵ دوو دوگمەی گرنگی بۆ ئەم دەسکە زیاد کردووە، دوگمەی یەکەمیان Captureـە بەکارهێنەر دەتوانێت لە ڕێگای ئەم دوگمەیەوە وێنەیەکی نێو یاریەکە بچرکێنێت و دەشتوانێت پەخشی ڕاستەوخۆی یاریەکە لە یوتیوب و سەکۆکانی دیکەدا بڵاوبکاتەوە، جێگای ئاماژە پێدانە بە هۆی بنکەی زانیاریەکانی گووگڵەوە بەکارهێنەر دەتوانێت پارچە ڤیدیۆی ئەو یاریەی تۆماری کردووە بەشداری پێبکات بە ڕوونی 4K تەنانەت ئەگەر بەو ڕوونیەش یاریەکە ئەنجام نەدات.

دوگمەی دووەمی دەسکەکە تایبەت کراوە بە یاریدەدەری ئەلیکترۆنی گووگڵ Google Assistant، کاری یاریدەدەرەکەش خۆی دەبینێتەوە لە هاوکاریکردنی یاریکەر لە کاتی یاریەکاندا بە شێوەیەک لە کاتی داواکردنی لە لایەن بەکارهێنەرەوە ڕاستەخۆ و بە بەکارهێنانی کۆتا ئاستەکانی ژیری دەستکرد هاوکاری یاریکەر دەکات لە کاتی یاریەکاندا، ئەمەش لە کۆنگرەکەدا ئاماژەی پێدراو و پیشانی ئامادەبووان درا بە شێوەیەک یاریکەرەکە داوای هاوکاری لە یاریدەدەری گووگڵ کرد لە یەکێک لە ئاستەکانی یاریەکدا و ڕاستەوخۆ Google Assistant پارچە ڤیدیۆیەکی ڕوونکردنەوەی بۆ بەکارهێنەر پیشاندا بێ ئەوەی پێویست بکات بەکارهێنەر یاریەکە جێبهێڵێت. هەر لەم بارەیەوە گەشەپێدەران دەتوانن زیادکراوە و تایبەتمەندی زیاتریش بۆ یاریدەدەرەکە زیاد بکەن هەتاوەکو چالاک بکرێت لە لایەن بەکارهێنەرەوە هەر کاتێک داوای هاوکاری کرد.

سەرەڕای هەموو ئەم تایبەتمەندیانە دەسکە نوێیەکە خاوەنی تایبەتمەندیەکی گرنگی دیکەیە و هەتاوەکو ئێستاش لە هیچ دەسکێکی یاریکردندا بوونی نییە، ئەویش توانای ناسینەوەی خۆکارانەیەتی بۆ ئەو ئامێرەی یاریەکەی لەسەر ئەنجام دەدرێت لەگەڵ خێرایی ئینتەرنێتیشدا ئەمەش بۆ ئەوەیە دەسکەکە ڕاستەوخۆ گونجاوترین ڕێکخستن بۆ ئەنجامدانی یاریەکە بەردەست بکات بۆ بەکارهێنەر هەتاوەکو هەمیشە بەکارهێنەر بە باشترین شێواز یاریەکان تاقیبکاتەوە.

سێیەم: تایبەتمەندیەکانی دۆخی Multiplayer لەسەر سەکۆی STADIA:-

تعرف على مواصفات وكيفية استخدام منصة STADIA الجديدة من جوجل

سەکۆی STADIA هەڵدەستێت بە بەردەستکردنی تاقیکردنەوەیەکی ناوازەی هەرگیز نەبینراو لە دۆخی Multiplayerـدا بە هۆکاری بنکەی زانیاریەکانی گووگڵ، ئەمەش بەو پێیەی سەکۆکە پێکهاتوویەکی پەخشکردنی یاریەکانە واتە سەکۆکە دەبێتە نێتفلێکسی یاریەکان یان تەنانەت زیاتر لەوەش. گووگڵ لە بارەی یاریکردن لە دۆخی Multiplayerـدا ئاماژەی بەوەدا سەکۆکە پشتگیری لە یاریکردن دەکات لە ڕێگای چەندین سەکۆوە Cross-Platform Multiplayer، بە واتای ئەوەی بە نموونە یاریکەرێک لە ڕێگای یوتیوبەوە و بە مۆبایلێکی ئەندرۆید یاری دەکات، دەتوانێت یاریەکە بەشداری پێبکات لەگەڵ کەسێک خاوەنی ئامێرێکی کارکردووە بە سیستەمی ویندۆز، هەر تەنها ئەمەش نا گووگڵ تایبەتمەندیەکی دیکەی بە ناوی Stream Connect بەردەستکردووە لە ڕێگایەوە بەکارهێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە سەردەمی ڕوونمای بەشکراو بێگومان ئەمەش بێ ئەوەی هیچ کاریگەرییەکی هەبێت لەسەر یاریەکە و هەتاوەکو بەکارهێنەرانیش بتوانن یەکتر ببینن.

تعرف على مواصفات وكيفية استخدام منصة STADIA الجديدة من جوجل

لەگەڵ ئەمانەشدا تایبەتمەندیەکی دیکە بوونی هەیە بە ناوی State Share لە ڕێگایەوە بەکارهێنەر دەتوانێت پارچە ڤیدیۆی یاریەکانی تۆمار بکات و بەشداری پێ بکات لەگەڵ هاوڕێیانیدا، بەڵام ئەم بەشداری پێکردنە ئاسایی نییە، بە واتای ئەوەی کاتێک بەستەری ئەم پارچە ڤیدیۆیە بۆ یەکێک دەنێریت ئەوا بەکارهێنەرەکەی دیکە دەتوانێت هەمان ئەو یاریەی تۆ کردووتە بەکارهێنەرەکەی دیکەش بە هەمان شێوە ئەو پارچەیە یاخود ئەو بەشە ئەنجام بدات! ئەمەش بێگومان وا دەکات بەکارهێنەران زیاتر چالاک بن لەگەڵ یەکتردا و لە هەمان کاتیشدا هەمان ساتی ئەو یاریکردنانەی بەلایەنەوە دڵخوازە لەگەڵ یەکتردا بەشداری پێبکەن، هەروەها لە ڕێگای تایبەتمەندی Style Transfer MLـەوە بەکارهێنەران دەتوانن دۆخ و تەنانەت ڕەنگی نێو یاریەکەش گۆڕانکاری پێبکەن بێ ئەوەی هیچ کاریگەریەکی هەبێت لەسەر شێوازی یاریکردنیان.

تعرف على مواصفات وكيفية استخدام منصة STADIA الجديدة من جوجل

لەگەڵ ئەمانە و تایبەتمەندیەکی دیکەش بە ناوی Crowd Play، لە بارەی ئەم تایبەتمەندیەوە ئەوا گووگڵ لە کۆنگرەکەدا شێوازی کارکردنی ڕوونکردەوە ئەویش لە ڕێگای ئەنجامدانی یاری NBA2Kـەوە، یاریەکە ئەنجام دەدرا لە ڕێگەی سەکۆی یوتیوبەوە و لە لایەن بەکارهێنەرێکەوە پاش ئەمە هەندێک لە بینەرانی یاریەکە ڕاستەوخۆ هەستان بە چوونە نێو یاریەکەوە بە واتایەکی دیکە یاریەکە بووە بە کۆمەڵ لە جیاتی ئەوەی تەنها کەسێک یاری پێبکات ئێستا بە کۆمەڵ و لە لایەن چەند کەسێکەوە یاری پێدەکرێت لە یەک کاتدا.

تعرف على مواصفات وكيفية استخدام منصة STADIA الجديدة من جوجل

چوارەم: ئەو یاریانەی بەردەست دەبن بۆ سەکۆی STADIA

کۆمپانیای گووگڵ بە ڕێککەوتن لەگەڵ Ubisoftـدا هەستاون بە بەردەستکردنی کۆتا بەشی زنجیرەی یاری Assassin’s Creed بە دیاریکراوی بڵێین یاری Assassin’s Creed Odyssey، هەروەها کۆمپانیای ناوبراو بە هاوکاری کۆمپانیای ID Software گەشەپێدەری زنجیرەی یاریەکانی DOOM هەستاون بە بەردەستکردنی یاری DOOM Eternal بۆ لیستی ئەو یاریانەی پشتگیری لە سەکۆکە دەکات، گووگڵ هەر بەمەوە نەوەستاوە و ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆمەڵێکی زۆر لە کۆمپانیاکانی گەشەپێدەری یاریەکاندا ئەنجامداوە هەتاوەکو زۆرترین یاری بۆ سەکۆکەی بەردەست بکات. لەو کۆمپانیایانەش هەریەکە لە Tequila Games و Q-Games و چەندینی دیکەش بوونیان هەیە و هەندێکیان وەک لایەنی سێیەم کاردەکەن و هەندێکیشیان وەک لایەنی یەکەم، بە واتایەکی دیکە پێدەچێت هەندێک یاری بە تایبەت بەرهەم بهێنرێت بۆ سەکۆی STADIA هەتاوەکو پێشبڕکێ بکات لەگەڵ یاریەکانی سەکۆی پلەیستەیشن 4 و ئێکس بۆکس وەندا.

پێنجەم: بەرواری بەردەستبوونی سەکۆی STADIA و چۆنییەتی گەیشتن بە خزمەتگوزاریەکە

تعرف على مواصفات وكيفية استخدام منصة STADIA الجديدة من جوجل

بێگومان ئەم خاڵە یەکێک بوو لە تەوەرە گرنگەکانی کۆنگرەکە، لەم بارەیەوە گووگڵ ئاماژەی بەوەدا سەکۆکە لە ساڵی 2019ـدا بەردەست دەکرێت بێ دیاریکردنی هیچ مانگێک یاخود ڕۆژێک، و سەرەتاش بەردەست دەبێت لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا و بەریتانیا و ئەوروپا، سەبارەت بە گەشەپێدەران ئەوا لە ماڵپەڕی STADIA.DEVـەوە دەتوانن سەرچاوەی گەشەپێدان لەگەڵ ئەو کۆدانەی وایان لێدەکات تێبگەن لە شێوازی گونجاندنی یاریەکان و سەکۆکە بە دەست بهێنن، سەبارەت بە یاریکەرانیش ئەوا بێگومان لە کاتی ڕاگەیاندنی سەکۆکە بە فەرمی دەتوانن لە ماڵپەڕی فەرمی سەکۆکەوە زانیاری زیاتریان دەست بکەوێت.

لە کۆتاییشدا ئەمە سەرجەم زانیاریەکانی کۆنگرەکە بوو و داوای لێبووردن دەکەین نەمانتوانی ڕۆژی ڕابردوو کۆنگرەکە بە شێوەی ڕاستەخۆ بگوازینەوە بۆ ئێوەی خۆشەویست، هیوادارین ئەم خزمەتگوزاریە هەرچەندە بە دووری دەزانم بەردەست ببێت لە وڵاتەکەماندا، بەڵام هیوادارین بەردەست ببێت هەتاوەکو گەیمەرانی کوردیش بێبەش نەبن لەم خزمەتگوزاریە بەهێز و ناوازەیەی گووگڵ، تۆی خوێنەریش لە لێدوان ڕای خۆتمان لەم بارەیەوە پێ بڵێ و ئایا بە گونجاوی دەزانیت خزمەتگوزاریەکی لەم شێوەیە یاخود نا؟

بۆچونی تۆ