ئەپڵ 20, ئازار 2019

ئەپڵ نەوەی دووەمی بیستۆکی بێوایەری AirPods ـی بە 2 جۆر بەرگەوە ڕاگەیاند

ئەپڵ نەوەی دووەمی بیستۆکی بێوایەری AirPods ـی بە پاتری بەهێزتر و پڕۆسێسەر و تایبەتمەندی نوێ و 2 جۆر بەرگی نوێوە ڕاگەیاند.

گۆڕانکاری لە دیزانینی نەوە نوێیەکەی بیستۆکە بێوایەرەکەدا نەکراوە و هاوشێوەی نەوەی پێشووتری تەنها بە ڕەنگی سپی بەردەستە. پڕۆسێسەری H1 ـی لەسەر جێگیرە، پاتری بە ڕێژەی 50٪ فراوانتر کراوە و بەرگەی 8 کاتژمێری تەواو لە بەکارهێنان دەگرێت و بەرگەی زیاتر لە 24 کاتژمێر لە گوێگرتن دەگرێت. هەروەها تەنها بە وتی Hey Siri دەتوانرێت خزمەتگوزاری Siri چالاک بکرێت، کە لە نەوەی پێشوودا بە شێوەی بەرکەوتە دەبوایە Siri چالاک بکرایە. 2 هێندە خێراتر کراوە لە کاتی ئاڵوگۆڕ پێکردنی لە نێوان ئامێرەکاندا و 1.5 جاریش خێراتر کراوە لە کاتی پەیوەست بوون بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان، سوپاس بۆ پڕۆسێسەری H1.

نەوە نوێیەکەی بیستۆکە بێوایەرەکە دەتوانرێت لە ڕێگای جۆرێکی نوێی بەرگەکەیەوە بە شێوەی بێوایەر و بە وایەر بارگاوی بکرێتەوە، هەروەها بژاردەی بەرگی ئاسایی لێ بەردەستە بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت لە ڕێگای وایەرەوە بیستۆکەکە بارگاوی بکەنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بەرگی بێوایەر بە تەنها بەردەستە بۆ ئەو کەسانەی کە خاوەن نەوەی یەکەمی بیستۆکە بێوایەرەکەن و دەیانەوێت بیستۆکەکانیان بە بێ وایەر بارگاوی بکەنەوە.

نرخەکانی نەوەی دووەمی بیستۆکی بێوایەری AirPods بەم شێوەیەن:

  • بیستۆکی بێوایەری AirPods بە بەرگی ئاسایی: 159$.
  • بیستۆکی بێوایەری AirPods بە بەرگی بێوایەر: 199$.
  • بە تەنها بەرگی بێوایەر: 79$.

لە ئەمڕۆوە بە شێوەی داواکاری پێشوەختە بەردەستە بۆ کڕین لە ماڵپەڕی فەرمی ئەپڵ و لە هەفتەی داهاتووەوە لە کۆگاکان و بریکارە باوەڕپێکراوەکانی ئەپڵدا بەردەست دەکرێت.

بۆچونی تۆ