گەرمترین
23, ئازار 2019
یاری PUBG Mobile بە نیازە کاتەکانی یاریکردن بۆ 6 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا سنوردار بکات

یاری PUBG بەردەوام ڕووبەڕووی ڕەخنەی بە لێشاو دەبێتەوە، و بە تایبەتیش لە هیندستان. شایەنی باسە، لەم دواییە لە هیندستان بە هۆی یاری ناوبراوەوە هەندێک حاڵەتی مردن تۆمارکران، و لەبەرئەوە لە هەندێک لە شارەکان بەست واتە بلۆک کراوە. ئەمەش وایکرد کە پەرەپێدەرانی یارییەکە بیر لەوە بکەنەوە کاتەکانی یاریکردن لەسەر ئەم یارییە سنوردار بکەن تا بتوانن ڕێگە لە خوو پێوەگرتنی بگرن.
بە گوێرەی سەرچاوەکان، یارییەکە هەڵدەستێت بە ناردنی ئاگادارییەک بۆ بەکارهێنەرەکە لە دوای تێپەڕبوونی ٦ کاتژمێر، کە تێیدا بە بەکارهێنەرەکە ڕادەگەیەنێت کەی و چ کاتێک دەتوانێت یاریەکە دووبارە بکاتەوە.

هەروەک یارییەکە داوای تەمەن دەکات کە ئایا ١٨ ساڵ زیاترە یان کەمتر، بۆ ئەوەی شێوەی یارییەکە و دەسەڵاتە بەردەستەکان بە پێی تەمەن بەردەست بکات.
بێگومان هەریەک لەوانەی باسمان کردن لە تاقیکردنەوەدان، و تەنها هەندیک لە بەکارهێنەران ئەم جۆرە پەیامەیان بینیوە و لە تویتەر بڵاویان کردووەتەوە. هەروەک نازاندرێت ئەم تایبەتمەندییە بە گشتی بۆ هەموو لایەک جێبەجێ دەکرێت یان نا، وە ئایا وڵاتی تریش دەگرێتەوە یان تەنها بۆ هیندستانە؟
بەم شێوەیە یارییەکە دەیسەلمێنێت کە هەست بە بەرپرسیاریەتی دەکەن بەرامبەر بە یاریکەران، و هەڵدەستن بە کەمکردنەوەی ڕێژەی خوگرتن بە یارییەکە، کە بە هیوای ئەوەن کە لە داهاتوودا ئەم بەستکردنە لەسەر هەندێک لە شارەکانی هیندستان هەڵبگیرێت.
پرسیار: بە بۆچوونی ئێوە ٦ کاتژمێر بەسە لە ڕۆژێکدا؟ لە کۆمێنتەکان ڕای خۆت بنوسە.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!