هەواڵ

چەند وێنەیەکی نوێی مۆبایلی OnePlus 7 تایبەتمەندیە ناوازەکانی مۆبایلەکە ئاشکرا دەکات

لە ماوەی ڕابردوودا چەند وێنەیەکی نوێی مۆبایلی OnePlus 7 بڵاوکرانەوە لە لایەن ماڵپەڕی GizChinaـی چینی و لە وێنەکاندا دەردەکەوێت ڕوونمای مۆبایلەکە بەشێکی زۆری لە ڕووکاری پێشەوەی مۆبایلەکەی داگیرکردووە ئەمەش بە هۆکاری ئەوەی کامێرای پێشەوەی مۆبایلەکە بە شێوەی سەرهەڵدەرە وەک لە وێنەکانی خوارەوەدا بە ڕوونی دیارە.

سەبارەت بە تایبەتمەندیەکانی مۆبایلەکە ئەوا لە ماوەی مانگی ڕابردوودا هەواڵە دزەپێکراوەکان تایبەتمەندیەکانی مۆبایلی OnePlus 7ـیان ئاشکرا کرد، مۆبایلەکە وا دیارە خاوەنی ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 6.5 ئینج هەروەها کاردەکات بە نوێترین پڕۆسێسەری کۆمپانیای کوالکۆم ئەویش Snapdragon 855 لەگەڵ ڕامێک بە قەبارەی 8/12 گێگابایت و بیرگەیەک بە قەبارەی 128/256 گێگابایت، سەبارەت بە کامێرا هەروەک لە وێنەکەی سەرەوەدا دیارە لە بەشی پشتەوە خاوەنی سێ کامێرا دەبێت بە ڕوونی 48+20+5 مێگاپێکسڵ و توانای نزیککردنەوەی هەتاوەکو ×10 یان 10 جار دەبێت.

سەرەڕای ئەمانە کامێرای سێڵفی لە بەشی پێشەوەی مۆبایلەکە جێگیر ناکرێت بەڵکو بە شێوەی سەرهەڵدەر دەبێت، لەگەڵ هەموو ئەم تایبەتمەندیە ناوازانەشدا خاوەنی پاتریەکی بەهێز دەبێت بە توانستی 4000 ملی ئەمپێر و پشتگیری لە بارگاویکەرەوەی خێراش دەکات بە خێرایی 44 وات، OnePlus 7 هاوشێوەی OnePlus 6T خاوەنی پەنجەمۆری ژێر ڕوونما دەبێت و بێگومان لە هەر مۆبایلێکی دیکەش کە هەڵگری ئەم تایبەتمەندیە بێت خێراتر دەبێت.

سەبارەت بە سیستمی وەگەڕخەر ئەوا کاردەکات بە ڕووکاری ناوازەی OxygenOS 9 UI، لە کۆتاییشدا مۆبایلەکە بەردەست دەبێت بە سێ ڕەنگ ئەوانیش شین و مۆر و زەردن بەڵام پێدەچێت OnePlus 7 پشتگیری لە هێڵەکانی نەوەی پێنجەم 5G نەکات، سەبارەت بە نرخیش وەک هەمیشەی مۆبایلەکانی وەن پڵەس تایبەتمەندی بەرز و نرخێکی گونجاوی دەبێت OnePlus 7ـیش لە نرخی 569$ـەوە دەست پێدەکات.

25 ئازار، 2019
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
839