ئەپڵ

ئەپڵ خزمەتگوزاری کارتی بانکی Apple Card ـی ڕاگەیاند

لە کۆنگرەیەکی تایبەتدا و لە ژێر ناوی It’s show time ـدا، ئەمڕۆ کۆمپانیای ئەپڵ خزمەتگوزاری کارتی بانکی Apple Card ـی ڕاگەیاند.

لە ساڵی 2014 ئەپڵ هاتە نێو مەیدانی خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە ئاڵوگۆڕکردنی پارە بە ناساندنی ئەپی Apple Pay. کۆمپانیاکە هەنگاوێکی نوێی نا لە بوارەکەدا بە ناساندنی خزمەتگوزاری Apple Card لە ئەمڕۆدا. خزمەتگوزارییەکە کارتێکی بانکی ئەلکترۆنییە کە لە ڕێگایەوە دەتوانرێت پارەی کەلوپەلە کڕدراوەکانی پێ بکڕیت لە ناو ئەپی Apple Pay ـدا.

ئەزموونێکی نوێی کارتی بانکییە، بە تەواوی خۆڕاییە و لە کاتی خەرجکردنی پارەدا هیچ باجێک وەرناگیرێت، دیزاین کراوە بۆ بواری دارایی و بە تەواوی پارێزراوە (هەر وەک ئەپڵ ڕایگەیاند). خاوەن هیچ ژمارەیەکی تایبەت و CVV نییە لەسەر کارتەکەی، پێویست بە ئیمزا ناکات و وادەی بەسەرچوونیشی نییە. گشت زانیارییەکان لە نێو ئەپی Apple Pay ـدا تۆمار دەکرێن. هەروەها بە شێوەی کارتی فیزیایی بەردەست دەبێت لە جۆری titanium.

بۆ بەکارهێنان، ئەوەی پێویستە کردنەوەی ئەپی Apple Pay ـە و خۆ تۆمارکردن و پڕکردنەوەی زانیارییەکانە. بەکارهێنەران دەتوانن بڕی گشت پارە خەرجکراوەکان و شوێنی ئەنجامدانی کڕینەکان و ناوی شوێنی کڕینەکان لە ڕێگای خشتەیەکی ڕوونکردنەوەی تایبەتەوە ببینن.

خاوەن تایبەتمەندی Daily Cash ـە، کە لە کاتی هەر ئەنجامدانی کڕینیکدا، ئەپڵ بڕی 2٪ ـی سەرجەمی پارە دراوەکەت بۆ دەگەڕێنێتەوە. وە لە کاتی ئەنجامدانی هەر کڕینێک لە کۆگاکانی ئەپڵدا، ئەپڵ بڕی 3٪ ـی سەرجەمی پارە دراوەکەت بۆ دەگەڕێنێتەوە.

خزمەتگوزارییەکە بە شێوەیەک پارێزراوە، تەنانەت ئەپڵ ناتوانێت بزانێت کە چ شتێکت کڕیوە، لە کوێت کڕیوە یاخود بە چەندت کڕیوە. لە هاوینی ئەمساڵدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەست دەکرێت.

25 ئازار، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
693