مۆبایل و تابلێت

مۆبایلی Huawei P30 Pro ڕاگەیەندرا، گرنگترین تایبەتمەندییەکانی لە کامێراکەیدان

لە کۆتاییدا و دوای چەندین هەواڵی دزەپێکراو و پێشبینی هواوەی مۆبایلی P30 Proی ڕاگەیاند.

کامێرای دواوەی مۆبایلەکە چەند بەشێک لەخۆدەگرێت، کامێرایەکی ٤٠ مێگاپیکسڵی سەرەکی کە سۆنی بە تایبەت بۆ مۆبایلەکەی دروست کردووە و فلتەری ڕەنگەکانی RYYBە لەجیات RGGB بۆ وێنەگرتنی باشتر لە تاریکیدا، تیرەی چاوەکەش لە هی Mate 20 Pro کراوەترە و f/1.6ە، ئەمە جگە لەوەی بەرزترین ISOیەکەی ٢ هێندەی هی Mate 20 Proیە، کامێرایەکی گۆشەفراوانی ٢٠ مێگاپیکسڵیش یەکێکی دیکەیە لە بەشەکان، سەرنجڕاکێشترین کامێراش لە کامێراکانی لە جۆری Periscopeە و تایبەتە بە زووم و ٨ مێگاپیکسڵە و بەهۆیەوە دەتوانیت زوومی بینایی(optical) بکەیت تاوەکوو ٥ هێندە، جگە لە زوومی دووڕەگ(hybrid) تاوەکوو ١٠ هێندە و زوومی دیجیتاڵ تاوەکوو ٥٠ هێندە! چوارەم کامێراش لە جۆری ToFە کە دووری تەنەکان دیاری دەکات بۆ تەڵخکردنی پشت تەنەکان بە شێوەیەکی باشتر.

لە ڕووی پێشەوە ڕوونمایەکی ٦.٤٧ ئینج هەیە لە جۆری Amoled و بە ڕوونی +FullHD، لە ژێر ڕوونماکە هەستەوەری پەنجەمۆر هەیە و جگە لەوە ڕوونماکە کارێکی دیکەشی هەیە بەهۆی نەبوونی دەرچەی بڵندگۆی تایبەت بە پەیوەندییەکان(earpiece)! بەڵکوو دەنگ بە ڕوونماکەدا تێدەپەڕێت، ڕاگر(Notch)ێکی بچوکیش کامێرایەکی ٣٢ مێگاپیکسڵی لەخۆگرتووە بۆ شەیدایانی سێڵفی.

مۆبایلەکە بە پڕۆسێسەری Kirin 980 کار دەکات و خاوەن پاترییەکە بە فراوانی ٤٢٠٠ میللی ئەمپێر.کاتژمێر کە بە وایەر بە توانای ٤٠ وات و بەبێ وایەر بە توانای ١٥ وات بارگاوی دەبێتەوە، دەشتوانێت ئامێری دیکە بارگاوی بکاتەوە.

پێش و پشتی مۆبایلەکە شووشەن و چوارچێوەکەی کانزا، خاوەن بڕوانامەی IP68ە و پارێزراوە لە ئاو و تۆز، جگە لەوەش خاوەن IR Blasterە و پشتگیری بیرگەی دەرەکی دەکات، بە ڕووکاری EMUI 9.1 کار دەکات کە بنیاد نراوە لەسەر ئەندرۆید ٩.

مۆبایلەکە ٥ ڕەنگی هەیە، ڕەش، سپیی مرواری، سوری(Amber sunrise)، ڕەنگی (Breathing crystal) کە تێکەڵەیەکە لە سپی و شین، ڕەنگی (Aurora) کە تێکەڵەیەکە لە شین و سەوز.

نرخەکان لە ئەوروپا بەم شێوەیەن:

٩٩٩ یۆرۆ بۆ ٨گب/١٢٨گب

١٠٩٩ یۆرۆ بۆ ٨گب/٢٥٦گب

١٢٤٩ یۆرۆ بۆ ٨گب/٥١٢گب

 

 

 

 

سەرچاوە :

26 ئازار، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.
341