ئای ئۆ ئێس

ئەپی تویتەر بە چەند چاکسازییەکی مەزنی بەشی دۆخی تاریکەوە بۆ iOS نوێکرایەوە

تویتەر بەردەوامە لە زیادکردنی گرنگترین تایبەتمەندییەکان بۆ ئەپەکەی. بۆ ئەم مەبەستەش، ئەمڕۆ کۆمپانیاکە چەند چاکسازییەکی مەزنی لە بەشی دۆخی تاریک (Dark Mode) ـی ئەپەکەی ئەنجامدا و بۆ iOS نوێی کردەوە.

لە پێشوودا ئەپی تویتەر خاوەنی دۆخی تاریک بوو، بەڵام ناتوانین بە تەواوی بە دۆخی تاریک ناوی ببەین، چونکە ڕەنگی دۆخەکە لە تێکەڵەی شین و خۆڵەمێشی پێکهاتبوو، ئەمەش بە تەواوی خۆی وەکو دۆخی تاریک بە دیار نەدەخست. خۆشحاڵانە لە چاکسازییەکەدا کۆمپانیاکە ڕووکاری ڕەشی تێر (Lights out) ـی لە پاڵ ڕووکاری تەمومژاوی (Dim)ـی بۆ ئەپەکەی لە iOS زیادکرد، کە بە تەواوی ئەم ڕووکارە نوێیە پێناسەی دۆخی تاریک دەکات.

لە پاڵ زیادکردنی ڕووکارە نوێیەکە بۆ دۆخی تاریک، کۆمپانیاکە تایبەتمەندی کاراکردنی دۆخی تاریکی بە شێوەی خودکارانە زیادکرد. لە کاتی هەڵکردنی ئەم تایبەتمەندییەدا، لەگەڵ خۆرهەڵاتندا خودکارانە دۆخی نێو ئەپەکە دەگۆڕێت بۆ دۆخی ڕووناک، هەروەها لەگەڵ خۆرئاوا بووندا خودکارانە دۆخی نێو ئەپەکە دەگۆڕێت بۆ دۆخی تاریک.

چۆنیەتی گۆڕینی ڕووکاری دۆخی تاریک لە ڕووکاری تەمومژاوی (Dim) ـەوە بۆ ڕووکاری ڕەشی تێر (Lights out) و بە پێچەوانەوە:

  • کرتە کردن لە وێنەی هەژمارەکەت لە پەڕەی Home و لە بەشی سەرەوەدا
  • کردنەوەی بەشی Settings and privacy
  • کردنەوەی بەشی Display and sound
  • دیاریکردنی Lights out یاخود Dim لە خوار دوگمەی Dark mode

کاراکردنی تایبەتمەندی خودکارانەی دۆخی تاریک (Automatic dark mode):

  • کرتە کردن لە وێنەی هەژمارەکەت لە پەڕەی Home و لە بەشی سەرەوەدا
  • کردنەوەی بەشی Settings and privacy
  • کردنەوەی بەشی Display and sound
  • هەڵکردنی دوگمەی Automatic dark mode

دواین وەشانی ئەپەکە بۆ ئای ئۆ ئێس تایبەتمەندییە ناوبراوەکان لە خۆ دەگرێت، وا بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا تایبەتمەندییە ناوبراوەکان بۆ ئەپەکە لە ئەندرۆید و وەشانی وێب زیاد بکرێت.

کرتە بکە بۆ نوێکردنەوە/داگرتنی ئەپی Twitter بۆ ئای ئۆ ئێس

تێبینی:

ئەگەر لە دوای نوێکردنەوەی ئەپەکە تایبەتمەندییەکانت بۆ زیاد نەبوون، چەند جارێک ئەپەکە دابخەرەوە و بیکەرەوە. یاخود پێویستە چاوەڕێ بکەیت تاوەکو تایبەتمەندییەکان خودکارانە بۆ هەژمارەکەت زیاد دەبن.

سەرچاوە :
28 ئازار، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
599