10
ئۆپۆ 30, ئازار 2019

پێدەچێت Oppo Reno کاربکات بە پڕۆسێسەری Snapdragon 855 و خاوەنی کامێرایەکی سەرهەڵدەر بێت

مۆبایلی Oppo Reno بڕیارە لە بەرواری 10/4/2019ـدا بە فەرمی لە لایەن کۆمپانیای ئۆپۆوە ڕابگەیەنرێت و هەتاوەکو کاتی ڕاگەیاندنیشی ڕاپۆرتە دزەپێکراوەکان لە بارەی تایبەتمەندیەکانی ئەم مۆبایلەوە بەردەوام لە بڵاوکردنەوەدان، ئەمڕۆش وێنە و زانیاری نوێ لە بارەی تایبەتمەندیەکانی ئەم مۆبایلە لە ماڵپەڕی TENAAـی چینیدا بڵاوکرایەوە و ئاشکرای دەکات مۆبایلەکە بە دوو جۆر بەردەست دەبێت یەکێکیان کاردەکات بە پڕۆسێسەری Snapdragon 710 و ئەوی دیکەشیان کاردەکات بە پڕۆسێسەری Snapdragon 855.

سەبارەت بە تایبەتمەندیەکانی Oppo Reno ئەوا خاوەنی ڕوونمایەک دەبێت لە جۆری AMOLED و بە قەبارەی 6.4 ئینج و بە ڕوونی +FullHD، هەروەها بەردەست دەبێت بە سێ هەڵبژاردەی جیاوازی ڕام و بیرگە ئەوانیش 6GB/128GB و 6GB/256GB و 8GB/256GB دەبن، بەڵام لە بارەی ئەو جۆرەیان کە هەڵگری پڕۆسێسەری Snapdragon 710 ئەوا خاوەنی تەنها دوو کامێرا دەبێت بە شێوەیەک سەرەکییەکەیان بە ڕوونی 48 مێگاپێکسڵ دەبێت و ئەوی دیکەشیان بە ڕوونی 5 مێگاپێکسڵ دەبێت هەروەها لە ڕووی پێشەوەش خاوەنی کامێرایەکی سەرهەڵدەر دەبێت بە ڕوونی 16 مێگاپێکسڵ.

Oppo Reno پێشوەختە سیستمی وەگەڕخەری ئەندرۆید پای 9.0ـی لەسەر جێگیرکراوە لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونما دەبێت لەگەڵ پاتریەکی گونجاو بە توانستی 3680 ملی ئەمپێر، سەبارەت بەو جۆرەی مۆبایلەکە کە کاردەکات بە پڕۆسێسەری Snapdragon 855 ئەوا تایبەتمەندیەکانی بەهێزترن بە شێوەیەک خاوەنی سێ کامێرایە و توانای نزیککردنەوەی هەتاوەکو 10 هێندە دەبێت، سەرەڕای ئەوەش خاوەنی پاتریەکی گەورەتر دەبێت لەگەڵ پشتگیریکردنی بۆ بارگاویکەرەوەی خێرا بە خێرایی 50 وات و بەردەستبوونی سیستمی شلەی ساردکەرەوە لە مۆبایلەکەدا.

پێشبینیش دەکرێت مۆبایلی Oppo Reno بە جۆرێکی دیکەش بەردەست بکرێت و پشتگیری لە هێڵەکانی نەوەی پێنجەم 5G بکات، هەروەها لەگەڵ جۆرێکی دیکە بە ناوی Oppo Reno Lamborguini Edition کە خاوەنی ڕامێک دەبێت بە قەبارەی 12 گێگابایت لەگەڵ بیرگەیەک بە فراوانی 512 گێگابایت و پاتریەک بە توانستێکی گەورە کە دەگاتە 5000 ملی ئەمپێرە.

تاگەکان Oppo Reno
بۆچونی تۆ