ئەپڵ
5, نیسان 2019
ئەپڵ بیستۆکی بێوایەری Beats Powerbeats Pro ـی بە پاترییەکی بەهێز و نرخی 250$ ـەوە ڕاگەیاند

لە دوای تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک بەسەر نمایشکردنی بیستۆکی بێوایەری AirPods 2 ـەوە لە لایەن ئەپڵ، کۆمپانیاکە بیستۆکی بێوایەری Beats Powerbeats Pro ـی بە پاترییەکی بەهێز و خاوەن یاریدەدەری دەنگی Siri ـەوە ڕاگەیاند.
بیستۆکە بێوایەرەکە خاوەن پڕۆسێسەری H1 ـە، توانای کارپێکردنی یاریدەدەری دەنگی Siri هەیە بە وتنی Hey Siri. خاوەن پاترییەکە کە بەرگەی 9 کاتژمێر لە گوێگرتنی بەردەوام دەگرێت. بیستۆکە بێوایەرەکە زیاتر لە بیستۆکێکی وەرزشی دەچێت. ئەوەی جێی باسە بیستۆکە بێوایەرە نوێیەکەی ئەپڵ دژە ئاوە.
بیستۆکە بێوایەرە نوێیەکەی ئەپڵ لە چاو بیستۆکی بێوایەری AirPods 2 ـەوە، بە ڕێژەی 23% بچوکترە و بە ڕێژەی 17% کێشی سووکترە. خاوەن چەند دوگمەیەکی فیزیاییە کە تایبەتن بە ئەنجامدانی کۆنتڕۆڵکردنی دەنگ و پێش و پاش خستنی میوزیکەکان. خاوەن بەرگێکە کە 24 کاتژمێر وزە دەبەخشێت بە بیستۆکەکان.
لە مانگی داهاتووەوە بە ڕەنگەکانی سپی و ڕەش و زەیتونی(سەوزی تۆخ) و شینی تۆخەوە لە کۆگا فەرمییەکانی ئەپڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و 20 وڵاتی دیکە بە نرخی 249.95$ بەردەست دەکرێت. وا بڕیارە لە هاویندا لە وڵاتانی دیکەی جیهاندا بەردەست بکرێت.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.