گەرمترین

وێنە و زانیارییەکانی مۆبایلی داهاتووی OnePlus دزەیان پێکرا

کۆمپانیای OnePlus لە ئامادەکاریدایە بۆ نمایشکردنی نوێترین مۆبایلی خۆی. هەر بەو بۆنەیەوە چەند وێنە و زانیارییەکی مۆبایلە نوێیەکەی OnePlus دزەیان پێکرا.

هەژمارێک لە پێگەی چینی Weibo چەند وێنەیەکی دزەپێکراوی مۆبایلی نوێی OnePlus ـی بە ناوی OnePlus 7 Pro ـەوە بڵاوکردۆتەوە. لە وێنەکاندا دەردەکەوێت کە کامێرا و نۆچ لەسەر ڕوونماکەیدا بوونی نییە، هەر وەک لە پڕوپاگەندەکانی پێشوو باسکرابوو کە مۆبایلەکە خاوەن کامێرای دەرکەوتە و ڕوونمایەکی دەبێت. هەروەها وا دەردەکەوێت کە مۆبایلەکە خاوەن ڕوونمای قەوسبوو بێت هاوشێوەی مۆبایلەکانی سامسۆنگ.

لە یەکێک لە وێنە دزەپێکراوەکاندا بەشی دەربارەی مۆبایلەکە بە دیار دەکەوێت، ئەمەش تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکەمان بۆ بەدەر دەخات. بە پێی وێنە دزەپێکراوەکە بێت، مۆبایلەکە خاوەن ڕوونمایەکی قەبارە 6.67 ئینج لە جۆری Super Optic دەبێت، پڕۆسێسەری Snapdragon 855 ـی لەسەر جێگیر دەبێت و خاوەن ڕامێک دەبێت بە فراوانی 8 گێگابایت لەگەڵ بیرگەیەکی ناوەکی بە قەبارەی 256 گێگابایت. لە پشتەوە خاوەن 3 کامێرا دەبێت بە ڕوونی 48 و 16 و 8 مێگاپێکسڵ دەبێت.

هەژمارێکیش لە تویتەر بە ناوی Ishan Agarwal ڕایگەیاندووە کە ژمارەی مۆدێلەکانی مۆبایلی OnePlus 7 ـی دەست کەوتووە، ژمارەی مۆدێلەکان 8 دانەن بۆ 3 جۆر. بەو مانایەی مۆبایلی داهاتووی OnePlus لە 3 جۆر پێکدێن بە ناوەکانی OnePlus 7 و OnePlus 7 Pro و OnePlus 7 Pro 5G.

هەمان هەژمار وێنەی بانگەشەی مۆبایلە نوێیەکەی OnePlus ـی بڵاو کردۆتەوە. بانگەشەکە لە ژێر ناوی “Go Beyond Speed” دەبێت، هەروەها ناوی OnePlus 7 Pro ـش لەسەر بانگەشەکە بوونی هەیە. ئەمەش دڵنیایی دەدات دەربارەی بەردەستکردنی جۆری Pro لە مۆبایلەکە.

لە پڕوپاگەندەکانی پێشوودا باسکراوە کە مۆبایلی داهاتووی OnePlus پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکات، ئەویش ڕەنگە مۆبایلی OnePlus 7 Pro 5G بێت. هاوکات پێگەکان نەیانشاردۆتەوە کە کاتی نمایشکردنی مۆبایلەکە لە لایەن OnePlus ـەوە زۆر نزیک بۆتەوە و ڕەنگە لە مانگی داهاتوودا نمایشکردنەکە ڕووبدات.

سەرچاوە :
12 نیسان، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
599