یاری
13, نیسان 2019
یاری PUBG لە نیپاڵ بلۆککرا

لە ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو بە فەرمی لە نیپاڵ یاری سەرهێڵی ناسراو بە PUBG بەست واتە بلۆککرا. لایەنێکی فەرمی ئەو وڵاتە دەڵێت: ناوەڕۆکە توندوتیژەکەی کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵان هەبووە.
جێگری بەرپرسی تێلیکۆمی نیپاڵ، ساندیپ ئەدیکاری، بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە “ئێمە فرمانی ڕاگرتن و بەستکردنی یاری PUBGـمان دەرکرد بە هۆی خوگرتنی منداڵان و هەرزەکاران پێیەوە.” هەروەک ناوبراو ڕایگەیاند لە پێنج شەممەی ڕابردووەوە بەستکردنەکە دەستی پێ کردووە.
دوابەدوای داواکاری فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی، ساندیپ ئەدیکاری هەموو کۆمپانیاکانی دابینکردنی ئینتەرنێتی ئەو وڵاتەی ئاگادارکردووەتەوە بە بلۆککردنی یاری ناوبراو لە ڕۆژی پێنج شەممە بەدواوە.
شایەنی وەبیرهینانەوەیە، یاری پەبجی لەلایەن کۆمپانیای BlueHoleـی کۆریای باشوور بەرهەم هاتووە، کە یاریەکی جەنگییە و لە ڕێگەی فڕۆکەوە بە سەدان یاریکەری سەرهێڵ بەردەدرێنەوە سەر دورگەیەک و هەر یەکە و هەوڵدەدات ئەوەی تر لەناو ببات. یاریەکە لە ٢٠١٧ ڕاگەیاندرا و بە گشتی پێشوازی گەرمی لێ کرا و تا ئێستاش بەردەوامە.
ئەدیکاری دەڵێت هیچ ڕاپۆرتێکیان پێ نەگەیشتووە سەبارە بە ڕووداوی نەخوازراو بە هۆی یاری پەبجیەوە، بەڵام گوتی کە دایک و باوکان زۆر خەمی منداڵەکانیانن کە ئەم جۆرە یارییە بووەتە هۆکاری دابڕینیان لە خوێندن و کارە ئاساییەکانی خۆیان.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!