گەرمترین

ئەمڕۆ یەکەمین پێشانگای تەکنەلۆژی بەناوی HITEX لە هەولێر کرایەوە

ئەمڕۆ ڕێکەوتی ١٥ی ٤ی ٢٠١٩ یەکەمین پێشانگای تەکنەلۆژی و زانیاری ناسراو بە (هایتێکس) لە هۆڵی (سە‌‌‌عد عبداللە) لە  هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کرایەوە، کە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ بەردەوام دەبێت. لەم پێشانگایە نوێترین بەرهەمە تەکنەلۆژیەکان و داهێنانەکان نمایشدەکرێن و هەوادارانی تەکنەلۆژیا دەتوانن لە نزیکەوە ئەزموونیان بکەن.

هایتێکس چییە؟

هایتێکس یەکەم پێشانگای تەکنەلۆژیە لە هەولێر. سەکۆیەکی بەهێزیشە بۆ گەشەپێدانی بازرگانی، کە زۆرێک لە کۆمپانیا ناوخۆ و بیانییەکانی تەکنەلۆژیا کۆدەکاتەوە لە هەموو کەرتە جیاجیاکان. هەروەها یارمەتی تێگەیشتنێکی باشتر دەدات لە بەرنامەکانی تەکنەلۆژیا لە ژیانی ڕۆژانەماندا لە ڕێگای پێشکەشکردنی دوایین تەکنەلۆژیای جیهانی لە گەورەترین بڕاندە جیهانییەکان. هایتێکس ساڵانە بەکارهێنەرانی کۆمپیوتەر و پێشانگای بازرگانی ئەلیکترۆنی لە ناوچەکە و زۆرێک لە توێژەکان و خزمەتگوزارییەکان پێکەوە کۆدەکاتەوە وەکو:

  • ڕۆبۆتەکان
  • تۆری خزمەتگوزاری
  • خانووی زیرەک
  • یاری
  • کۆمپیوتەر
  • مۆبایل
  • فڕۆکەی بێ‌ فڕۆکەوان
  • تەندروستی…

ئەمە سەرباری ئەوەی پێشانگاکە کۆنفرانسی HITALKS لە خۆی دەگرێت، کە لەیەن چەند کەسێکی شارەزاوە لەم چەند ڕۆژەی پێشانگا بە شێوەی پانێڵ گفتوگۆ دەربارەی چەند بابەتێکی پەیوەست بە تەکنەلۆژیا دەکرێت. بە خۆشحاڵیەوە ئەمڕۆ نوێنەری ئێمەش وەکو تۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری کوردی (کەی ئای تی ئێن) ئامادەبووین لە پێشانگاکە و لە نزیکەوە ئاگاداری کار و چەلاکیەکانیان بووین. هیوادارین ئەم جۆرە چالاکی و پێشانگایانە هەر بەردەوام بن و ئەوانەی خولیای بواری تەکنەلۆژیان زیاتر لێک نزیک بکاتەوە و بە یەکەوە بەرەو داهاتوویەکی گەشتر هەنگاو بنێن.

ئەمانەش چەند دیمەنێکن لە یەکەم ڕۆژی بەڕێوەچوونی پێشانگاکە:

ئامادەکردنی ڕاپۆرت: عمر حسن

15 نیسان، 2019