10
ئۆتۆمبێل 16, نیسان 2019 بۆچوون

کۆمپانیای Aston Martin یەکەمین ئۆتۆمبێلی کارەبایی خۆی بە ناوی Rapide E ـەوە نمایشکرد

لە بۆنەیەکی تایبەتدا کۆمپانیای Aston Martin ـی بەریتانی یەکەمین ئۆتۆمبێلی کارەبایی خۆی بە ناوی Rapide E ـەوە نمایشکرد. لە ڕاستیدا، کۆمپانیاکە 4 ساڵ پێش ئێستا ئۆتۆمبێلەکەی ڕاگەیاندبوو، وا دیارە تاقیکردنەوەکان کۆتاییان هات و کۆمپانیاکە بە فەرمی نمایشکردنی ئۆتۆمبێلەکەی ڕاگەیاند.

ئۆتۆمبێلەکە خاوەن پاترییەکی 800 ڤۆڵتە بە توانستی 65 کیلۆ وات/کاتژمێر، بزوێنەرەکەی 12 پستۆنە و توانای 604 ئەسپی هەیە. بەرزترین خێرایی ئۆتۆمبێلەکە 250 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا. Aston Martin دەڵێت، ئۆتۆمبێلە کارەباییەکەیان توانای هەیە لە 0 ـەوە بگات بە 60 میل (نزیکەی 96 کیلۆمەتر) بە تەنها لە 4 چرکەدا. بارگاویکەرەوەی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکە پشتگیری لە خێرا بارگاویکردنەوە دەکات

ئۆتۆمبێلەکە لە ناوەوە خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 10 ئینج بۆ نیشاندانی پێوانەکانی خێرایی و زانیارییەکانی ئۆتۆمبیلەکە، هەروەها خاوەن ڕوونمایەکی 8 ئینجە لەسەر داشبۆردەکەی بە هەبوونی دوگمەی فیزیایی بۆ کارپێکردنی گۆرانییەکان و چەند ئەرکێکی تر، هاوکات ڕوونما قەبارە 8 ئینجەکە پشتگیری لە هەردوو سەکۆیەکانی CarPlay ـی ئەپڵ و Android Auto ـی گووگڵ دەکات.

تەنها 155 دانە لە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکە درووست دەکرێت. لە گوندی Saint Athan لە باشووری وێڵز دەست بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیلە کارەباییەکە دەکرێت. هاوکات نرخ و کاتی بەردەستکردنی ئۆتۆمبێلەکە تاوەکو ئێستا بە نادیاری ماوەتەوە و لە لایەن کۆمپانیاکەوە ئاشکرا نەکراوە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ